پارتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا

22/04/2018

ڕێبین فەتاح

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئاستەنگ دەبێتەوە، زۆرێك لە ئاستەنگەكان پێوەستن بە شكستەكانی ئەو هێزە لە قۆناغەكانی ڕابردوودا. لە خوارەوە چەند خاڵێك دەخەمەڕوو:

یەكەم; پارتی ناتوانێت بە گەرموگوڕییەوە بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بكات، ئەستەمە بۆ هێزێكی وەك پارتی بە ماوەیەكی كەم لە پاش پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، بتوانێت بە هەموو تینی خۆیەوە هاوار بۆ گەڕانەوە بۆ عێراق بكات، ئەوە لە ڕووی سیاسییەوە وەك دۆڕان و دژیەكییەك لە هەڵوێستی حزبەكەدا دەردەكەوێت كە هێزەكانی تر لەدژی بەكاری دەهێننەوە.

دووەم; كادیران و ئەندامان و جەماوەری پارتی بەگشتی دیسان بەهۆی كاریگەرییەكانی ڕیفراندۆمەوە، لە ڕووی دەروونییەوە هەست بە شكست و پاشەكشە دەكەن كاتێك دەخرێنە ناو بانگەشەی گەڕانەوە بۆ بەغدا.

سێیەم: وەك دەردەكەوێت مەسعوود بارزانی سەرۆكی پارتی و كەسی هەرە كاریگەری حزبەكە، دیسان بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، نایەوێت بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات، بەشداریكردنی ئەو، كاریگەری نەرێنی لەسەر پێگە تاكەكەسییەكەی دروست دەكات، لەكاتێكدا نائامادەبوونی ئەو، كاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی حزبەكە دەبێت، بەڵام وەك دەردەكەوێت، پارتیی زیاتر بە تەنگ پاراستی پێگە تایبەتەكەی بارزانییەوەیە تا بە حزبەكە، هۆكارەكە بۆ ئەو تێگەیشتنە لەناو پارتییەكان دەگەڕێتەوە كە پارتی هێزی خۆی لە بنەماڵەی بارزانی وەردەگرێ نەك پێچەوانەكەی.

چوارەم; پارتی لەپاش 2003ەوە ڕەگەزی سەرەكی بووە لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەكان لە نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵام ئەو پەیوەندییانە بەگشتی شكستیان هێنا، پارتی وێڕای تۆمەتباركردنی بەغدا بە هۆكاری شكست و كێشەكان، هێشتا ناتوانێت لەژێر باری بەرپرسیارێتی ئەو قۆناغەدا دەربچێت، لەكاتێكدا بەرامبەرەكانی لەئاستی جەماوەریدا، ئەو هێزە بەرپرس دەكەنەوە لە شكستەكان.

پێنجەم; پارتی هەروەك توخمێكی سەرەكی پێك دەهێنێت لەناو ئەزموونی 26 ساڵی ڕابردووی هەرێمی كوردستاندا، ئەو ئەزموونە بە تەواوەتی پڕ شكست و قەیرانە، پارتی وەك هێزی یەكەم، زیاترین بەرپرسیارێتی لە شكست و قەیرانەكان لە ئەستۆ دەكەوێ.

شەشەم: هەموو لێكەوتە نەرێنییەكانی پاش ڕیفراندۆم بە جۆرێك لە جۆرەكان بەسەر پارتی دا شكانەوە، هێزەكانی تر بە یەكێتیی نیشتمانییشەوە كە بەرپرسیارێتی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری بە پلەی یەكەم لە ئەستۆیە، بە شێوەیەك لە شێوەكان توانیویانە خۆیان لەژێر باری بەرپرسیارێتی لە لێكەوتەكانی ڕیفراندۆم دەرباز بكەن و پارتی لەو ناوەدا ماوەتەوە.

حەوتەم; پارتی وێڕای ئەوەی لە هەموو ناوچە كوردستانییەكاندا بەشداری هەڵبژاردن دەكات، بەڵام بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی كەركووك ناكات، دەنگەكانی كەركووك لە دەست دەدات و بە بەشداریشی لە ناوچەكانی تر، دژیەكییەك لە گوتار و هەڵوێستەكانیدا بەیان دەكات كە ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر دەنگدەران دەبێت.

هەشتەم; پارتی وێڕای ئەوەی لە هەڵبژدنەكانی پێشووی عێراق دا، لە ڕێگەی پشتیوانی كردن له كاندێدێك لە ناو لیستی كۆتاكاندا، دەیتوانی چەند كورسییەك مسۆگەر بكات، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا، لە ناو هەموو ئەو پێكهاتانەی كورسی كۆتایان هەیە، جگەلە پارتی، لیستی دیكە دروست كراون، چ لەناو مەسیحییەكان و چ لەناو ئێزدییەكان و هەتا شەبەك لە دەشتی نەینەوا و دوور نییە بتوانن كورسی خۆیان ببەنەوە و ئەوەش لە زیانی پارتی تەواو دەبێت.

نۆیەم; ئەو كێشە و ئاستەنگانە، لەپاڵ دەركەوتنی چەند لیستێكی نوێ لە ناوخۆی كوردستان دا، كە خۆیان وەك ڕكابەر و جێگرەوەی پارتی و هێزە كۆنەكانی تر نمایش دەكەن، بەدڵنیاییەوە بەشێك لە دەنگەكانی پارتی بۆ خۆیان دەبەن، ئەوە ڕوونە كە ئەوان لە دەنگی یەكێتیی و هەتا گۆڕان و بەشێك لە ئیسلامییەكانیش دەبەن.

دەیەم; پارتی سەرۆكایەتی كابینەی هەشتەم دەكات لە حكوومەتی هەرێمدا، ئەو كابینەیە ڕووبەڕووی زۆرترین ڕەخنە كراوەتەوە لە ئاستی ڕای گشتی دا، شكستەكانی ئەو كابینەیە زۆر بوون، سەپاندنی بڕیاری زۆرەملێیانەی پاشەكەوتی مووچە، توڕەیی زۆری دروست كردووە، پارتی بەرپرسیارێتی ئەو كابینەشی لە ئەستۆ دەكەوێت، لەكاتێكدا لایەنەكانی تر زۆر بە وردی ئیش لەسەر وەبەرهێنانی دەنگ دەكەن لەسەر بنەمای شكست و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم، وێڕای ئەوەش كە هەڵبژاردنەكە بۆ پەرلەمانی عێراقە.

یازدەیەم؛ پارتی لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا ناتوانێت هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو پشت بە هەمان گوتار و دروشم و بەڵینە قەبەكان ببەستێت، لەكاتێكدا هەڵمەتی بانگەشە و گوتاری پارتی بەگشتی شێوەیەكی كۆنەپارێزانە و تەقلیدیانەی وەرگرتووە و هەر لەسەر یەك ڕیتم هاتووە، بەڵام ئێستە بارودۆخێكی تەواو جیاواز هاتووەتە ئاراوە كە باش ئەو دروشم و بەڵێنە كۆن و قەبانە وەرناگرێ، لەكاتێكدا گوێچكەی جەماوەری پارتی لەگەڵ ئەو ڕیتمە ڕاهێنراوە. نەحزبەكە خۆی بۆ گوتارێكی دیكە ئامادە كردووە و نە بەو خێراییەش گوێچكەی جەماوەرەكەی لەگەڵ ڕیتمێكی جیاوازدا پەروەردە دەكرێتەوە.

دوازدەیەم؛ گوتاری میدیایی پارتی، تەواو لاوازە، گوتارێكە خەڵك لە تێری و سەر ئاسوودەییدا توانای وەرگرتنی هەیە، بەڵام لەناو فەزایەكی پڕ لە برسێتی و نائومێدی و نیگەرانیدا، ئەو گوتارانە بۆ خەڵك سەرنجڕاكێش و جێگە بایەخ نابن.

رێبین فەتاح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی