سەركردە دۆڕاوەكان

23/04/2018

بكر سدیق

وڵاتی ئێمە ، هەر ئەوەندە چێژی سیاسی بینی ، كە راپەرین دەسەلاتی بەعسیەكانی لەسەر لابرد ! ئەم چێژە سیاسیە پربوو لە خەو بینین بۆ ئایندەیەك ، كە سەركردەو دەسەلاتدارە خۆمالیەكانیان ، لەلا ببوو بە ئیرادەو ، باوكێكی میهرەبان ! بەلام ئەم باوكانە ، رۆژێك شەری ناو خۆو ، رۆژێك كردنەوەی كۆمپانیای خركردنەوەی پارەو پاوانكردنی گومرگەكان و دواتر پەلكێشكردنی ولاتانی دراوسێیان بۆ ئێمە بەدیاری هێنا. ئەمانە ، مودەتێك شەرو كوشت وبرو سەردەمێكیش دوای هێنانی بێگانە ، لە رێكەوتنی دوو قۆلی مالباتە پاوانكارەكاندا لەسەر نەوت و داهاتەكانی هەرێمەكەمان ، قات و قوری و زەلیل بونی گوزەرانیان بەسەر ئەم خەڵكە هێنا . لە هەناوی ئەم بارە گرانەدا ، هێندە ژیان و كلتوری سیاسیان بەحیزبی كرد ، كە كەس دەرتانێك بۆ قوتاربون لە كۆتو بەندی ئەو سەركردانە ، پێ نەزانێ.

هەرەمی دەسەلاتی سەپاو لەولاتی ئێمە ، رێی بۆ زۆرێك لەوانە خۆشكرد ، كە لەسەر خۆحەشاردانێك و كارێكی رێكخستنی نهێنی و تەقەكردنێك لە بەعسیەكان و چەند ساڵێك پێشمەرگایەتی ، جگە لە هەڵپاچینی شوناسێكی نەرجسی و خۆ بەزلزانی ، لە راپەرینەوە تا ئیستا ، لە سەر حیسابی ئەو خوێنەی پێشمەرگە هەژارەكان بۆ ئەم گەلە رشتیان ، ببنە پاڵەوانی سە ر كورسیە پارێزراوەكان بە میلیشیا شەخسیەكانیان و كۆشكە پارێزراوەكانی دەسەلاتیشیان بە رازیكردنی بەرژەوەندی ولاتانی دراوسێ و پركردنی گیرفان و پاسپۆرتی كڕدراوی ولاتان ، ژیانی سیاسی ئێرەو ئەوروپایان بۆ خۆیان مسۆگەركرد و خەلك و ئایندەی گەلی ئێمەیان بردە ناو باوەشی داگیركەرانی كوردستانەوە . 

لە ناو ئەم پەیكەرە ی دەسەلاتە خۆسەپێنەدا ، سەركردەی نەرجسی وای تێدا زەق بۆتەوە ، كە لە سەر شاشە باسی مەدەنیەت و دیموكراسیمان بۆ دەكات و خۆی بە مونەزیرو هەڵگری فەلسەفە ی روبەرو بونەوەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەت دەزانێ . بەلام لە سێبەری ئەم خۆ دیواندنەدا بۆی دەلوێ ، دەیان فێل و تەڵەكە لە نەیارەكانی بكات و بكەوێتە هەلبەستنی بوختانی ئەخلاقی بەو خەڵكانەی كە ، تاكە ئومێدی ئەم گەلەن لە هەستانەوەی نائومێدیدا . 

چ كارەسات و بەدبەختیە بۆ نەتەوەیەك ، كە سەركردە خۆسەپێنەكانی سەری ،  باسی مەدەنیەت و دیموكراسی و دژایەتی ئیسلامی سیاسی بكات ، نەك جورئەت نەكات ئۆبالی كارەسات و مەینەتیەكانی سەر خەلكە هەژارەكەمان ، بخاتە ئەستۆی خاوەنەكانی ، بەلكو رۆژێك  قەپال بگرێتە رێبەرێكی وەك نەوشیروان مستەفاو قینی كۆنینەی بكاتە مانیفیستی سیاسی و لەو لاشەوە ،مەدح و سەنای پاوانكاریی بكات و جارێكیش ، دوای ئەم هەموو فروفیشالە سیاسیەی كە لە سەر ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر كردی ، جورئەتی نەبێ وەلامی رێبواری كەریم وەلی و هەلۆی برایم ئەحمەد بداتەوە ، كەچی شەرم نەكات بێت بوختان بۆ بەرهەم صالحێك هەلبەستێ كە سور دەزانێ ، نەتەزویر فریای فێل و بوختانەكانی دەكەوێ ، نە لای دەنگدەری كوردیش ،  رەزای گرانی سیاسی  و مونحەتبونی خۆی پێ مەكیاژ دەكات .

ئەو سەلەفیانەی كە هەندێ كەس بە بەڵای سەر كۆمەڵگای كوردیان دەزانێ ، نەبیستراوە بوختان و درۆ تەنانەت بۆ كافریش ،دابتاشن ، كەچی خۆ بە فەیلەسوفزانەكانی ناو سەركردەكانی ئێمە ، سڵ لەوە ناكەنەوە كە خەڵكی چی لەسەر ئەوان هەیەو دەیزانێ ، سەرەراش ، بە فێل و درۆو ئیرهابی ناو سۆشیال میدیا ، بوختان بۆ متمانە پێكراوترین كەسی دوای مام جلال و نەوشیروان مستەفا ،دروست دەكەن .كەتینیشیان بۆدێ بەسەر سۆشیال میدیادا دەرشێنەوەو هەرخۆشیان بۆ بوختان و دەربرینی قین و خۆگێل كردنیان لەو دارزانە سیاسیەی توشی هاتون پەنا بۆ سۆشیال میدیا دەبەن ، تا پاساوی یاسایی ، نەدەن بەدەستەوە بۆ بوختانەكانیان ، حەزێكی سیاسی و نەرجسیانەشیان هەیە تا بەرهەم صالح بە بوختان و دروكانیان سەرقال بكەن بەو مەرامەی بەرهەم صالح راپێچی شەری بوختانەكانیان بكەن و نەیپەرژێ ، كەرنەڤالە سەركردە نەرجسیە تۆقینەرەكان لە پارێزگاكاندا ، سازبكات . 

بەرهەم صالح ، لە ئیستادا هێوای گەلێكی بێ ئومێد كراوی سایەی دەسەلاتە دۆراوەكانە و ترسیشی لە ترسی ئەو ئەگەرەش نیە ، كە رەنگە سەركردەو دەسەلاتدارە قین لەدلەكان پەنا بۆ تیرۆرو تۆقاندن و بەكار هێنانی هێزببەن . هۆكاری ئەم متمانەو بوێریەی بەرهەم سالحیش لەو حەقیقەتەوە سەرچاوە دەگرێ كە خۆشەویستی و متمانەكەی ناو خەلكی ئێمە بەكردار سەلمێنراوە و بە پشتیوانی خواو خەلك گفتەكانی زیاتر دەكاتە كرداری ئافەروزی سەركردە دۆراوەكان و قەیرانەكانیش تێكدەشكێنێ .

بەكر سدیق
 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی