گۆڕان‌و ئیسلامییەكان

23/04/2018

فەرمان ڕەشاد

لەیەكێك لە دانیشتنە دوو قۆڵیەكان مەسعود بارزانی بە گلەییەوە دەڵێتە نەوشیروان مستەفا ئێوە واتان كرد ئیسلامییەكان زمانیان بەرەو ڕوومان بكرێتەوە و قسەمان پێ بڵێن، ئەو قسەیە ڕاستییەكەی حاشا ھەڵنەگرە بەر لە قۆناغی دروستبونی گۆڕان ئیسلامییەكان یەكەم قوربانی دەستی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی بوون، ھەمیشە تۆمەتی قاعیدە بوون و ئەنساربوون و دەستی دەرەكی بۆیان ئامادەبو، كاتێك ھەنگاوێكیان بھاوێشتایە پێچەوانەی خواستی ئەوان بوایە.

كاتێك پارتی بارەگاكانی یەكگرتووی لە بادینان سوتاند دوای ماوەیەكیش بیرمە راستەوخۆ نەیدەتوانی پارتی تاوانبار بكەن بەھۆی ئەو فشارە گەورانەی پارتی دروستی دەكرد لەسەریان، لەلایەكی كاتێك لایەنگر و ئەندامانی كۆمەڵ و بزووتنەوە بە تاوانی پەیوەندی بە قاعیدە و ئەنسار دەگیران كەس و كارەكەی نەیاندەتوانی بە ئاشكرا بێنە دەنگ، حیزبەكانیشیان زیاتر لە رێگای عیلاقاتی شەخسی ھەوڵیان بۆیان دەدات، گیراویان ئەوەندە زۆر بوو ئەگەر كەسێكیان نەگیرابوایە گومانیان لێدەكرد، ھەموو ئەو فشارە نا قانونی و جەبەروتیانە قۆناغ بە قۆناغ دوای ٢٠٠٩ ڕەوینەوە.

ئێستا كاتێك كەسێك دەگیرێت كەس و كاری بێ ترس لێدوان دەدەن و فشار دروست دەكەن و دەسەڵاتیش سڵ دەكاتەوە لە رەفتاری لەو شێوەیەی جاران، ئەوە جگە لەوەی بەھاوبەشی لەگەڵ گۆڕان ئیسلامییەكان بەرەیەكی بەھێزی ئۆپۆزسیۆنیان دروستكرد، ئەو سنورداركردن و تەوقە لەسەریان نەما، بۆیە دەبێ ئەوە بزانن چارەنوسی ئەوان زیاتر لەگەڵ گۆڕان مسۆگەر ترە تا پارتی و یەكێتی، ھەر یەكێك لە حیزبە ئیسلامیەكان پێی وابێ بە پشتكردن لە گۆڕان و ڕوو كردنە دەسەڵات لە روی ستراتیژی سوودی زیاترە ھەڵە دەكات.

فەرمان رەشاد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی