بانگەشەی كاندیدان‌و وەزیفەی پەرلەمانتار

23/04/2018

دڵشاد ئەنوەر

كاتێك فلێكسی كاندیدانی پەرلەمانی عێراق لە هێزە جیاجیاكانی هەرێم دەبینیت، بۆت دەردەكەوێت بەشێكی زۆریان نازانن وەزیفەی پەرلەمان و پەرلەمانتار چی یە!

تێنەگەیشتون لەوەی پەرلەمان دەزگایەكی تەشریعی و چاودێریكارە، نەك دەسەڵاتی جێبەجێكار، هەربۆیە جۆرەها بانگەشەو وەعد بە خەڵك دەدەن، بێ ئەوەی تێبگەن لەوەی بەشی زۆری ئەو وەعدانەی ئەوان دەیدەن، بەپەرلەمانتار جێبەجێ ناكرێت.

سەرجەم هێزە سیاسیەكانی هەرێم بەرپرسیارن لەوەی كە خەڵكێكی زۆر بە هەڵە لە وەزیفەی پەرلەمان و پەرلەمانتار تێگەیشتووە، بەشێكی زۆری خەڵك نائومێدە لەدەنگدان چونكە پێشتر بەڵێنی وای پێدراوە كە كاری پەرلەمان و پەرلەمانتار نەبووە!

وەزیفەی سەرەكی هێزە سیاسیەكان و راگەیاندن و دام و دەزگا پەیوەندیدارەكان تێگەیاندنی خەڵكە لەكاری پەرلەمانی، تا سەقفی داواكاریەكانیان بزانن و دواتر نائومێد نەبن لە پرۆسەی دەنگدان.

دۆزینەوەی هەلی كار و بڕینەوەی موچە و دەیان جۆر بانگەشەی سەیر و سەمەرەی تر ...ئەمانە وەزیفەی پەرلەمانتار نین ، تا كاندید بەڵێنی جێبەجێكردنیان بدات. 

دەركردنی یاساو متمانەدان بەحكومەت وچاودێریكردنی حكومەت وەزیفەی پەرلەمان و پەرلەمانتارە، نەك بڕینەوەی موچەو دۆزینەوەی هەلی كار و ...

كاتێك دروشم و بانگەشەی بەشێك لە كاندیدان دەبینیت، كاتێك گوێت لە قسەكانیان دەبێت، تێدەگەی لەوەی ئەمانە نەك لە وەزیفەی پەرلەمان و پەرلەمانتاری تێنەگەیشتون، بەڵكو هیچ باكگراوەندێكی سیاسی و یاساییشیان نیە.

كاتێك بە شەقامێكی كەركوكدا رۆیشتم و فلێكسێكی ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانیم بینی، لێی نوسرابوو"دەنگتان هێزمان پێدەبەخشێ"...تێگەیشتم لەوەی نەتەوەكانی تر كێ دەنێرنە پەرلەمان و ئێمەی كوردیش كێمان كاندید كردووە!

كاندیدكردنی ئەم هەموو گەنج و كچ و ژنە بێ ئەزمونانە بۆ پەرلەمانی عێراق لەلایەن هێزە سیاسیەكانەوە جگە لە پاشەكشەیەكی گەورەی حوكمڕانی ، هیچ مانایەكی تری نیە.

ئێستا هەرێم نەوتی لەدەستداوە، ئومێدی سەربەخۆی نەماوە، بۆیە دەبێت شەڕەكە بباتە بەغدا و لەوێ مافە دەستوریەكانی وەربگرێت.بردنی شەڕیش بۆ بەغدا پێویستی بە ناردنی ستافێكی بەهێز هەیە، نەك خەڵكی بێ ئەزمون و تێنەگەیشتو و لەدونیای سیاسەت.

شەڕی ساڵەح موتڵەگ و فەتلاوی و ئەعرەجی و هومام حەمودی و حەسەن تۆران و تا كۆتایی، بەم بێ ئەزمون و تێنەگەیشتوانە ناكرێت، بەڵكو بە خەڵكانێكی ئەزموندار و تێگەیشتوو لە دونیای سیاسی و یاریە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەكان دەكرێت، كە ئێستا زۆرن لەنێو كاندیدی هەموو حیزبەكاندا، بەڵام دڵنیام ئەم خەڵكانە دەرناچن، چونكە موزایەدەچی نین و لەنیو حیزبەكانیشیاندا پشتیوانیان كەمترە.

ستافی پەرلەمانتارانی پێشوتری كورد لەبەغدا زۆر بەهێزتر بوون، هەست دەكرێت چوار ساڵ لەدوای چوار ساڵ ستافەكان لاوازتر دەبن.

كارەساتە ستافەكانی پێشوتر لە (موحسن سەعدون و فریاد رەواندزی و سەردار عەبدوڵا) پێكهاتبن، كەچی لە 2018 ەدا و كورد بەم دۆخە خراپەوە، كۆمەڵێكی تر لەجێگەیان بنێرێتە بەغدا هێندە بێ ئەزمونن، نازانن بۆچی دەچن!

دڵشاد ئەنوەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی