ریفراندۆمچی‌و سەربەخۆیی خواز

26/04/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

ساڵی 2005 لە گەرمەی هەڵبژاردنا بۆ پارلەمانی عێراق دوای كەوتنی بتەكانی سەدام ، كەمپەینی سەربەخۆیی ، بەڵێ بۆ سەربەخۆی ، لە هەرێمی كوردستان و كەركوكیش بە ڕێوە چوو ، ئێمە لە كەركوك لە تەك دەنگدان بە كوردێك بۆ ئەوەی ببێتە پارلەمانتاری عێراق ، دەنگمان بە سەربەخیی كوردستانیش دا ، هەبوون بە خوێن ئەوی سەربەخۆیی كوردستانیان دەنووسی ، جۆش و خرۆشێكی گەورە هەبوو ، نازانم ئەو دەك كاك مەسعود و مەكتەبی سیاسی پارتی و كاك كۆسرەت و مەكتەبی سیاسی یەكێتی چەندیان بەشداری ئەو پرۆسەیەیان كرد ، لێ دەزانم فەتاح زاخۆی جۆرێك سزادرا، لە بەر ئەوەی لە تەك كاك شێركۆ بێكەسدا لە لیژنە باڵاكە بوو ، لە هەمان وەزیری رۆشنبیری هەرێمیش بوو گەر یادگەم فێڵم لێ نەكات .

دەزانم لە نێو پارتیدا كاك فەلەكەین  بە دڵ گوتی بە ڵێ بۆ سەربەخۆیی ، سەربەخۆی مافە ، مافێكە نەدەبێ شەرم بكرێ لە داواكردنی نەدەبێ مامەڵەی پێوە بكرێ ، دكتۆر حوسەینی خەلیقی لەو رۆژانە وتارێكیم بینی زۆر جوان ئەوەی باس كردووە ، گرفتی ریفراندۆمەكەی 25ی 9 ، ئەوە بوو لە ئاستی زۆر بەردا ئەوانەی بانگەشەی ریفراندۆمیان دەكرد گەرەكیان بوو نیوەی كورد تەخوین كەن لەبەر ئەوەی بیرو ڕای جیاوازیان هەبوو ، لەسەر ریفراندۆم لە سەر سەربەخۆیی نا ، من لە گەڵ بە كارهێنانی ریفراندۆمچی نیم ، ئەگەر پێشتر خۆیشم بە كارم هێنا بێ هەڵە بوومە ، بەڵام لیژنەی باڵای ریفراندۆمەكەی ئەمجارە نەیتوانی كۆكەرەوە بێت ، نەیتوانی نەك ئەوانی تر ، نەك تورك و فارس و عەرەب ، نەك ئەمەریكاو رۆژئاوا ، لە نێو ماڵەكەدا كورد رازی بكات پشتگیری بكەن ، شتەكەش لە جۆرێك لە سەركێشی و سیناریۆو یاری دەچوو تا پڕۆژەیەكی گرنگ بۆ سەربەخۆیی .

لەوەی ساڵی 2005دا هیچمان لە دەست نەداو دەكۆمێنتەكەش وەك خۆی ماوە ، لێ لەوەی 2017زۆر گەڕاینە دواوە ، كاتێك ئەوانەی لە 2017 نەچون بۆ دەنگدان ، یان چوون و وتیان نەخێر ، یان نەچوون و سەرنج و تێبینی زۆریان نووسی ، یان چون و بەڵیشیان كردو سەرنج و تێبینیەكانیشیان نەشاردەوە كران بە خائین ، هەڕەشەی دادگای كردنیان لێ كرا ، وتیان ئەگەر سەربەخۆی لە 26ی 9 راگەیەنرا ، ئەوان ئاودیوی عێراقی عەرەبی دەكەین ، هەڵبەت دوای شكستەكەو هەرەسی پڕۆژەی ریفراندۆم كە بە باوەڕی من هەمان هەرەسی 1975 ە دەبێ چاوەڕێی رەخنەو كاردانەوەی توندیش بكەن ، بە تایبەت بۆ گشتە خەڵك نا بۆ گروپە باڵاكەی ریفراندۆم كە خوێندنەوەكەیان بۆ دۆخەكە دروست نەبوو ، نەیپێكابوو ، كێماسی تیابوو .

نەتەخوینەكەی ئەو دەم و نەباس لە دادگای كردنەكەی ئێستا ، هیچیان وەك پێویست لە تەك ئاوەزو بیركردنەوەی پێكەوەیدا نایەنەوە ، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان فەرامۆش بكرێن ، گەر بڕیارە عێراقی نەبین ، دەبێ پێكەوە بیر لە وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانە بكەینەوە ، خۆ گەر نا ئێمەو بەغدا دەیان گەڕی تر لە بەردەمماندایە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا چی بكەین .

ریفراندۆم پێویستی بە بیركردنەوەی زیاتر ، هەڵوەستەی زیاتر ، ئامادەكاری زیاتر ، هەروەها كۆكردنەوەی زیاتر هەبوو ، نەكراو سەركێشیەكی خراپ كرا ، خراپ تا ڕادەی ئەوەی پێش ریفراندۆمەكە  30% ی دەنگدەری كوردستان تەخوینكراو ، دوای روداوەكانی ریفراندۆمیش تا 16ی 10 دیسان لە بەرەی بەڵێ خوازان خەڵكێكی زۆر تەخوینكرا ، گوایە ئەو ناوچانە بە تایبەت كەركوكیان فرۆشتووە ، كێشە ئەوەیە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی نەبوو ، بۆ لە دەست دانی خاك و خەڵك بوو ، وا كەوتەوە ، سەرانی ریفراندۆم نایانەوێ بچنە بن باری ئەم كەوتنەوەیە ، ئەوەش كێشە ریشەییەكەیە ، دەنا هەموو كورد سەربەخیی خوازن ، بەو كوردانەشەوە كە ئێستا لە نێو ریزەكانی ئاكەپەدان .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە