کۆدەکانی هاوڵاتیی هۆشیار

26/04/2018

دانا هەڵەبجەیی

مەرج نییە بە هەموو کەس و لایەنێک بڵێی دز و گەندەڵ، ئیتر ئەمە ببێتە بەڵگە  و ئارگومێنت  کە تۆ فریشتە و بێ خەوشیت.
خراپی و گەندەڵی ئەوانی تر، باشی و بێ گەردی تۆ ناسەلمێنیت. 
تۆ بە من ئەڵێیت فڵان و فیسار هەڵمەبژێرە کە گەندەڵ و دز و شکستخواردوون، یانی تاکە بژاردەیەک بۆ من ئە‌هێڵیتەوە، کە تۆ هەڵبژیرم، ئایا ئەمە بژاردەی منە، یا تۆ بژرادەکەی خۆت ئەسەپێنیت بەسەرما؟.
ئاخر ئەمە ناو ئەنێت دیمکوراسی و مافی ئازادیی هەڵبژاردن؟، لە کاتێکدا ئەگەر بە گوێ تۆ و بژاردەکەی تۆ نەکەم، ئیتر بمسڕیتەوە و وەک دوژمن سەیرم کەیت؟.
هاوڵاتی ئەو کەسەیە کە ئەبێت هەموو ئازادییەکی پێ ڕەوا ببینیت، کە دەنگ بدات، ئیتر بە تۆ بێت یا هەر کەس و قەوارەی تر بێت، یاخود هەر دەنگیش نەدات، ئەگەر ئەمە قبوڵ ناکەیت؛ ئیتر لە ئازادی و دیموکراسی نەک تێنەگەیشتویت، بەڵکو ڕێزی هاوڵاتیشت لا نییە .
هاوڵاتی مافی خۆیەتی بە ئاشکرا یا بە نهێنی کاندید و قەبارەی دڵخوازی خۆی دیاری بکات و دەنگی پێبدات، هەر فشار و هەڕشە و گوڕەشەیەک لەسەر هاوڵاتی، بۆ ئاشکرا و دیاریکردنی نیازیەکانی، یانی تیرۆرکردنی مافی ئازادیی هەڵبژاردن.
ڕەخنە لە کاندید و  بەرنامەی قەبارەی بەرامبەر، بریتی نییە لە تۆمەت ، بوختان و ناوزڕاندن و دەسبردن بۆ ژیانی کەسیەتی، هەر کەس و قەبارەیەک بە ناوی ڕەخنەوە ئەوە بکات، ئەنجامی دۆڕاندن و هیچ لەباریی خۆی و قەبارەکەی ئەسەلمێنیت.
خەڵک بێزارکردن بە کاروانە ئوتۆمبێل و بڵندگۆ و پڕکردنەوەی ئاسمانی شەقامەکان بە پەڕۆی حیزب و بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکانی وەک شەقام و کۆڵان و فەرمانگە گشتییەکان،  میتۆدێکی حیزبە گشتگیرییە دیکتاۆرەکانی سەدەی بیستە. بە عەقڵیەتی حیزبیی کۆتا نیوەی سەدەی ڕابردوو، ناتوانرێت، عەقڵی دەنگدەری ئەم سەدەیە پاوان بکرێت و لە خشتە ببرێت.
هەڵبژاردن بژاردە و مافێکی هاوڵاتییە کە بە هزر و بیرکردنەوە ئەنجام ئەدرێت، نەک بە ویژدان و سۆز و درۆ و دەلەسە و ڕستەی هەست بزوێنەر.
ئەگەر  ڕابردووی شەهیدبوون و  قوربانیدانی هاوڵاتی و  خەباتی نەتەوەیەک، یان ئاین و ئایدیۆلۆژیا، بکەیتە داردەستی سەروەرییەکانی خۆت  و تاپۆی کەیت لەسەر خۆت و قەوارەکەت، کە تۆ  ڕاست و دروستیت، وە ئەوانی دیکە هەڵەن؛ ئەوا دڵنیا بە کە هیچت بۆ سبەی و ئایندەی گوزەرانی هاوڵاتییان پێ نییە.
شێر و ڕێوی هێنانەوە و حەکایەتی شێر و خورشید، چارەی گوزەرانی سەختی بێ موچەیی و بێ ئەمانی و بێ دەرتانی هاوڵاتی ناکات، هاوڵاتی چارەکە سەدەیەکە کەس و قەوارە سیاسییەکانی کوردستانی تاقیکردوەتەوە؛ جارێکی دی خۆیان ناخەنە بەر ئەزمونێکی دیکەی شکستخواردوو.
سەردەمی شۆڕش و بەرچەکردار و بەرهەڵستکاری بەسەرچوو، سەردەمی دابەشکردنی فەردە ئارد و سیمکارت، دەمانچە و پۆست و پارەی حیزب بەسەرچوو، هاوڵاتی کەسێکی ژیر و پیاوی دەوڵەتی ئەوێت، قەوارەیەکی خاوەن بەرنامەی ئەوێت کە حکومەتێکی دادپەروەر و دیمکراسی دابمەزرێنێت، کە نیشتمانێکی ئازاد و ئاوەدان فەراهەم  و مسەوگەر بکات.
لە کوردەوەریدا پەندێک هەیە ئەڵێت؛ ( یاخوا دوژمنەکەشم عاقڵ بێت )، ئیتر  تۆ بڵێی جارێکی تر هاوڵاتیانی کوردستان دوای کەسێکی بێ عەقڵ بکەون؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە