یەكێتی‌و ئاوی زمزم

27/04/2018

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

ی.ن.ك لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا، تەقریبەن ساڵ‌و نیوێكی هەیە، كە بەبێ كێشەی قووڵی ناوخۆیی ساڵی بردبێتەسەر، ئیتر ماباقی بە جیابوونەوەو كەرتبوون و جێهێشتنی سەركردەكانی تێەڕاندووە.

ساڵی 1978 بە كارەساتی هەكاری، بەشێكی گەورەو گران لە سەركردەی سیاسی و عەسكەریی و پێشمەرگەو فەرماندەی لە دەستدا، ساڵی دواتر بزووتنەوەی سۆسیالیست كە دواتر ناوەكەی گۆڕا بۆ حسك، جیابوونەوەو لەو نەهامەتیەش لەشكرێك لە سەركردەی سیاسی و عەسكەریی و بەشی حزبێك پێشمەرگەو كادیری لێ ڕۆیشت.

ساڵی 1986 بەدواوە مەلا بەختیار بە تەشكیلكردنی (ئاڵای شۆڕش)مەترسییەكی زۆر گەورەی لەسەر یەكێتی دروستكرد٫ بەڵام هەرزوو بە هەوڵی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا ڕێ لە گەورەبوون و جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕش گیرا و بە چوونەدەرەوەی مەلابەختیار و عیماد ئەحمەد و سەركردەكانی تری ئاڵای شۆڕش لە یەكێتی، شتەكە سەری نەگرت.

ساڵی 2006 نەوشیروان مستەفا عەقڵ و كلیلی ئەو حزبە بە یەكجاریی هاتە دەرەوەو یەكێتی جێهێشت. دواتر حزبێكی گەورەو جەماوەری دروستكرد. بەڵام یەكێتی هەر لە پێنجوێنەوە تا خورماتوو وەكو حاكمڕانی جاران مایەوە.

ئێستاش بەرهەم ساڵح بەشی حزبێك كادیر و سەركردەی سیاسی و عەسكەریی لە خۆی پێچاوەو لە دەرەوەی یەكێتی بانگەشەی حزب دەكات. كەچی یەكێتی هەر ماوەو دەیەوێ مام جەلال وتەنیی هێشتا فیلەتی ساحەكەبێ!

جا بەڕاستی هیچ حزبێك نییە بە ئەندازەی ئەم یەكێتییە سەركردەو فەرماندە و پێشمەرگە و لایەنگری لێ تەكیبێتەوە، كەچی هەر بە پێوە ماوە.

هەموو ئەوانەی لە یەكێتی هاتوونەتە دەرەوە، توانای دروستكردن و سەركردایەتیكردنی حزب و بزووتنەوەی سیاسی و جەماوەریی بەهێزیان هەبووەو هەیە. ئەمە نیشانی دەدا ئەو حزبە كارگەی دروستكردنی سەركردەی كاریگەربووە لە ڕابردوودا.

بەڵام بۆ پ.د.ك شتەكە تا ڕادەیەكی زۆر پێچەوانەیە. لەم حزبەدا تەنیا ئەزموونی سامی عەبدولڕەحمان هەیە لە ساڵی 1978و جەوهەر نامیق لە ساڵی 2005 بەدواوە. سامی ساڵانێكی زۆر سەركردایەتی حزبێكی وەكو (پارتی گەل)ی كرد و جەوهەر نامق بەبێدەنگی تێیپەڕاند.

ئەوەی پارتی دوو هۆكاری هەیە، یەكەمیان بۆ بەهێزی سەركردایەتیكردنی مەسعود بارزانی لە ئاستی هەرە سەرەوەی ئەو حزبە دەگەڕێتەوە كە توانیویەتی زۆر بەباشیی و سەركەوتوویی ئیدارەی ململانێ ناوخۆییەكانی پارتی بدات و سەرۆكی بێ ركابەربێ كە هەمووان بێ ئەملاولا قبوڵیانە. دووەمیان بۆ لاوازیی و ناكاریزمایی سەركردەكانی ئەو حزبە دەگەڕێتەوە، چونكە ئەوان تەنیا لەناو پارتی و لە دەوری كاك مەسعود دەتوانن پۆستی بەرز وەربگرن نەك بە توانا و لیاقەی خۆیان. هەركام لەو سەركردانەی پارتی... بێجگە لە نێچیرڤان بارزانی... هیچكامیان توانا و سەلیقەی ئیدارەدانی حزبێكی وەكو ئەوەی غەفوور مەخمووریشیان نییەو نابێ.

یەكێتی وەكو ئاوی زمزم وایە، هەرلەبەری دەڕوات و كەم ناكات، بەڵام ئێستا سیحری كەمنەكردنی یەكێتی هیچ پەیوەندی بە سروشتی ژینگەوە نییە وەكو بۆ ئاوی زمزم هەڵكەوتووە. پارتیش تاسەر كاك مەسعودی بۆ نامێنێ تا لەشكرێك لە سەركردە بۆ ئەو حزبە دروست بكات و بێ كێشە لەناو حزبێكدا بمێننەوە كە نیوە زیاتری داهاتی میللەتێكی لە ئیختیاردایە و بەناوهاوسەنگی دابەش بكرێ!

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی