ئەركەكە ئەنجامدرا

27/04/2018

هونه‌ر تۆفیق

 - "Mission Accomplished"
پانزە ساڵ بەر لە ئێستا ، لە كۆتایی ئەپریلی ٢٠٠٣ دا . جۆرج بوشی كوڕ لەسەر كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەبراهام لینكۆلنەوە ئەم دەستەواژەیەی بەكارهێنا ( ئەركەكە ئەنجام درا ) وەك هێمایەك بۆ كۆتایی هێنان بە ڕژێمەكەی سەدام حسەین و كەوتنی دەوڵەتی عێراق لەبەردەم سوپای ئەمریكادا .

لەپاش پانزەساڵ  ، دۆناڵد ترامپ لە هەمان كەشتیەوە سوریای بەر رۆكێتەكانی دا . هەمان دەستەواژەی بوشی كوڕی بەكار هێنایەوە "Mission Accomplished"بەڵام ئایا ئەركەكە ئەنجام درا ؟

ئەركەكەی جۆرج بوش بویە مۆتەكەیەك ، لەماوەی هەشت ساڵی مانەوەی لە كۆشكی سپیدا بەرۆكی بەرنەدا . سوپای ئەمریكای لە زۆنگاوێكدا گیركرد كە ناوی عێراقە . زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی ئەمریكی تیادا كوژرا ، هەزارانی تریش برینداربوون . جگە لەوەی نزیكەی یەك ملیۆن عێراقی بەهۆی ئەو ئەركەوە كوژران . ملیۆنەهای تریش ئاوارە و دەربەدەربوون . 

ئەركێكی دیاری كراوی هەبوو ، ئەویش دۆزینەوە و نەهێشتنی چەكە كیمیاویەكانی سەدام بوو لە عێراقدا . بەڵام كاتێك هاتن ، شتێكی تریان دۆزیەوە كە نەمانی ئەو چەكە كیمیاویانەبوون . لە ساڵی ١٩٩٦ ەوە سەدام لەبەرچاوی لیژنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆتایی پێهێنابوون . بوش توشی بێ هیوایی و شەرمەزاریەكی گەورەی نێودەوڵەتی بوو . چەندە وەزیرە هەزەلیەكەی سەدام ( محەمەد سەعید سەحاف ) كە بە علوج ناوبانگی دەركرد ، گاڵتەجاری بوو ، جۆرج بوشیش بەهەمان شێوە بووە گاڵتەجاڕی میدیاكانی خۆرئاوا .

دۆناڵد ترامپ كە خەریكە بە سەرۆكی رۆكێتەكان ناوبانگ دەردەكات بەهۆی ئەو هەڕەشە زۆرانەی لە وڵاتانی تری دەكات بە هێرشی رۆكێتەكانی . بۆ كۆریای باكوور پەیام دەنێرێت ( رۆكێتەكانمان بەهێزن و دوگمەكانی گەورەترن ) بۆ ڕوسیا ( رۆكێتەكانمان جوان و زیرەكن ) بۆ ئێران ( رۆكێتەكانمان خێرا و جەهەنمین ) ...هتد 

لەپاش هێرشی رۆكێتەكانی بۆ سەر سوریا ، كۆتایی ئەركەكەی ڕاگەیاند . بەڵام ڕاگەیاندن و ستراتیژیستەكانی ئەمریكا ، ترامپیان خستۆتە ژێر پرسیارێكی بێ وەڵامەوە . ئایا ئەو ئەركە چی بوو ؟ لە ستراتیژدا ئامانجەكەی چی بوو ؟ تا چەند چارەسەری جەنگی حەوت ساڵەی سوریا دەكات ؟ پێگەی ئەمریكا لە سوریا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەچی دەكات ؟ ئایا دڵنیایت سوریا چەكی كیمیایی ماوە و هەیەتی ؟ چونكە لە ساڵی ٢٠١١ دا بە چاودێری لیژنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە كۆتایی پێهێناوە . ئایا هەمان سیناریۆی چەكی كیمیای عێراقی لە سوریاشدا دووبارە كرایەوە ؟ لەو هێرش و ئەركە ئەنجام دراوەدا ، تا چەند روسیای لێ ئاگادارە و بۆچی نەتوانرا هێرشی كاریگەر و ناڕاستەوخۆش بێت بكاتە سەر سیاسەت و پێگەی ڕوسی لە سوریادا ؟ ئایا ئەو ئەركە كورت و خێرایە ، وەك ئەركە كورت و خێراكەی جۆرج بوش كە تا ئێستا لە عێراقدا تەواو نەبووە ( وەك بوش ڕایگەیاند) لە سوریاشدا تەواو نابێت ، سەرەتای زۆنگاوێكی ترە بۆ سوپای ئەمریكا لە سوریادا ؟

دۆناڵد ترامپ لەم ئەزموونەدا ، گەلی ئەمریكی داوای وەڵامێكی موقنیع و متمانە پێكراوی لێ دەكەن . ئەمریكەكان لەهەر پێنج سەرەتاكەی بەرزكردنەوەی ئاستی ڕوودانی جەنگ ، تێگەیشتوون لە سیاسەتی وڵاتەكەیاندا كە بریتین :

یەكەم : لەسەرەتادا بە دیكتاتۆر ناساندنی سەرۆكی ئەو وڵاتەی دەكرێتە ئامانج . 


دووەم : پاشان بە مەترسی ناساندنی بۆ كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی .

سێهەم : بە ناساندنی وەك خاوەنی چەكی كۆمەڵكوژ ( كیمیایی یان ئەتۆمی )

چوارەم : بە تێكدەری ئاسایشی ئەمریكی و مەترسی بۆ سەر ئەمریكا دەیناسێنن .

پێنجەم : بەشەیتان كردنی ، كە دوا قۆناغی پێناسەكانە . جەنگەكە دروست دەكرێت.

ئەم پێنج بەهانەیە بۆ دروستكردنی جەنگ لەلایەن ئیدارەكانی ئەمریكاوە ، چی تر بۆ گەلی ئەمریكی موقنیع نین . وەك ئەمریكاییەكان خۆیان دەیڵێن . بۆیە ترامپ لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا دەبێت سیاقی تر بدۆزێتەوە كە شەرعیەتی هێرشەكەی  بۆ سوریا لای ئەمریكا وخەڵكەكەی ڕوونبكاتەوە . تێیان بگەیەنێت ئەركەكە چۆن ئەنجام درا .

هونەر تۆفیق


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی