دیسانەوە فەرھاد پیرباڵ

28/04/2018

مەریوان وریا قانیع

لە ھەولێر فەرھاد پیرباڵ و من لە یەك قوتابخانەی ئامادەییدا قوتابیی بووین: ئامادەیی كوردستان. تەمەنی ناسینی من بۆ ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە بۆ كۆتاییەكانی ساڵی ھەفتا. 

لە نووسینی یەكەمین چیرۆكییەوە ئاگام لە بەشێكی زۆر لە نووسینەكایەتی. لە ساڵی ١٩٩٢شدا كە بەرەو ئەوروپا ھاتم، پەیوەندیم لەگەڵ فەرھادا زۆر بەھێز و دۆستانەبوو. كاتی خۆشی كە گەڕایەوە وا ڕێكەوتین گەر من بۆ دكتۆرا لە فەرەنسا وەگیرام بچمە ماڵەكەی ئەوەوە بژیم. 

فەرھاد نووسەرێكی بەتوانا و خوێندەوارێكی باش بوو، كۆمەڵێك كتێب و نووسینی جوان و گرنگیی ھەیە. بەڵام ئەم پیاوە لەم دەیەی دواییدا تەواو گۆڕا، من لە نووسینێكدا بەو مۆدێلە لە خوێندەوار و نووسەر ناومبرد كە پرۆژەی ”بەسعودیكردن“ی ھەرێم پێویستی پێبوو. 

فەرھاد وێنەیەكی لە ڕۆشنبیر ھێنایەپێشەوە كە ئەم پرۆژەیە پێویستی پێبوو، وێنەی ڕۆشنبیر وەك بوونەوەرێكی گاڵتەجاڕ. ساتێك باسی لەوەدەكرد كوردستان پێویستی با شاھەنشایەك ھەیە و دەبێت ئەو شاھەنشایەش مەسعود بارزانی بێت، ساتێكی تر وەك سەلەفییەكی دینیی باسی لەوەدەكرد كە بارزانی باوك و وەلی ئەمری كوردە. 

ھاوكات ڕۆڵ و وێنەیەكی ڕۆشنبیریی بەرھەمھێنا كە لەسەر بێنرخكردن و شكاندنی سەرمایەی ڕەمزیی ڕۆشنبیران كاریدەكرد. ھەموو ئەمانە و زۆر شتی تریش تەواو ناكۆك و جیاوازن بەو وێنەیەی من لەسەر كوردستان و لەسەر ڕۆڵ و ئەرك و كەسایەتی ڕۆشنبیرم ھەیە. 

بەڵام، مەبەستم بەڵامێكی ھێجگار گەورەیە، زیندانیكردنی ئەم نووسەرە و مامەڵەكردنی بەو شێوەیە یەكێكی ترە لە تاوانە ناشیرینەكانی حوكمڕانانی كوردستان، كۆنكریتتر بدوێم، حوكمڕانانی ھەولێر و پارتی دیموكراتی كوردستان. گرتنی ئەم پیاوە بەو شێوە نایاساییە و ھێشتنەوەی لە زیندان لەسەر ویست و خواستی كەسانێكی تایبەت، نەك تەنھا سوكایەتییە بە فەرھاد خۆی، بەڵكو سوكایەتییە بە ھەمووان. 

بۆیە ئازادكردنی فەرھاد پیرباڵ بەشێكە لە كردەی ئازادكردنی ئەو كۆمەڵگایە لەژێر ئەو كۆنترۆڵە حیزبییە خنكێنەرەی ھەموو كون و قوژبنێكی گرتۆتەوە. لە دەیەی ڕابردوودا فەرھاد و من تەواو جیاواز و ناكۆك بووین، بەڵام بەگریكردن لە مافی ئەو وەك مرۆڤ و وەكو نووسەر، وەك بەرگریكردن لە مافی خۆم و لە مافی كۆمەڵگای كوردیی دەبینم.

مەریوان وریا قانع

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی