ھەڵبژاردنە ئاڵۆزەکەی تورکیا

28/04/2018

دڵزار عارف


ھەڵبژاردن بۆ ھەریەک لە پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا وا بڕیارە رۆژی ٢٤ حوزەیرانی ئەمسال بەڕێوە بچێت. لە زۆر رووەو ئەم هەڵبژاردنە جیاوازەو زۆرێک لە کێشەو ئاڵۆزی لەھەناوی خۆیدا ھەڵگرتووە. لێکەوتەی راستەوخۆی بۆ هاوکێشەی سیاسی وڵاتەکە دەبێت و بۆ دەوروبەریشی بەتایبەتی عیراق و سوریا بەگشتی و رۆژئاواو باشوری کوردستانیش بە ناڕاستەوخۆ دەبێت. رەنگە بە بردنەوەی لایەنێک بەسەر لایەنەکەی تردا، تەواوی نەخشەی سیاسی تورکیا بگۆڕێت. بۆیە ھەموو لایەنەکان زۆر بەھەستیاریەوە دەیانەوێت بەرخوردی لەگەڵدا بکەن. دۆڕاندن بۆ پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن واتا دۆڕانی مەدەنیەت و عەلمانیەت و دوورکەوتنەوە لە رۆژئاواو بەرتەسکبوونەوەی دیموکراسی، بەڵام سەرنەکەوتن بۆ ئەردۆگان و مەھەپە. واتا پاشەکشەی سیاسی و ھەڵوەشاندنەوەی پرۆژەی ئاکپارتی کە خۆی لە پرۆژەی نوێکردنەوەی عوسمانی و گێرانەوەی تورکیا بۆ رۆژھەڵات و دروستکردنی دەوڵەتێک کە بتوانێت تا ئاستێکی زۆر لەگەڵ پرەنسیپە بنچینەییەکانی ئیسلام خۆی بگونجێت. وا چاوەڕوان دەکرێت بەرکەوتنێکی گەورە ھەم لە ئاستی حزبەکان و شەقام و میدیا دروستببێت، چونکە بۆ ھەردولا بە ھەڵبژاردنێکی یەکلایکەرەوە دادەنرێت. ھەر ئەمەش بوو پاڵی بە ئەکەپەو مەھەپەوە نا تاکو ھەڵبژاردنەکان لە وادەیەکی زۆر نزیکتر ئەنجام بدرێت. بەمەبەستی گەرەنتیکردنی بردنەوەیان دوورخستنەوەو لابردنی  ھەر ریسکێک و ئاستەنگێک کە کە چاوەڕواندەکرێت بێتە رێگەیان و دەنگێکی زیاتر مسۆگەر بکات. ھەڵبەتە ھیچ شاراوە نییە کە رۆژە بە رۆژ حکومەتی تورکیا تووشی کێشەو ئاڵەنگاریی تازە دەبێتەوە لە بواری ئابووری و سیاسەتی دەرەوەو ناوەو دوورکەوتنەوە لە ژیانی دیموکراسی و پەرلەمانی. ئێستا زیاد لە چاوێک لەسەر ئەم ھەڵبژاردنەیە، نەک لە ناوەوەی تورکیا بەڵکو لەلایەن ھەر یەک لە ئەمریکاو ئەوروپا و بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی سونی، کە دەیانەوێت شکست بە پرۆژەی ئەردۆگان بھێنن و بۆ ئەم مەبەستە ھەوڵدەدەن کاریگەری خۆیان دابنێین و ئەم ھەڵبژاردنە بەدڵی ئەوان یەکلایی ببێتەوە. دەمێکە وڵاتانی رۆژئاوا بە قەیرانێکی سەختی پەیوەندی لەگەڵ تورکیای ئەردۆگانی تێدەپەڕن و دەیانەوێت بەھەر جۆرێک بێت نەخشەی سیاسی لە تورکیا ئاڵوگۆڕیی بەسەردا بێت، لەبەرامبەریشدا روسیاو ئێران و قەتەر و ھێزە ئیسلامیەکانی ناوچەکە ھەوڵ دەدەن ئەردۆگان بەسەرکەوتوویی لەم ھەڵبژاردنە دەربچێت. بۆیە ھەر لە ئێستاوە ئەم دەنگدانە میدیای جیھانی و ناوچەکەی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. ھەر ئەمەش بوو وای لە ئەمریکا کرد لەرێگەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رەخنەی توندی ئاراستەی ھێنانە پێشی ھەڵبژاردنەکان کردوو ھەروەھا ترسی ئەوەی نیشاندا لە رەوشێکی لەم جۆرەدا  ناتوانرێت گرەێنتی روونەدانی ساختەکاریی و ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت.


ئێستا ئەوەی یەکلایی بۆتەوە بەربژێری دەسەڵات ئەردۆگانە، بەڵام ئاڵەنگارییە ھەرە سەختەکە لەبەردەم ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە بەوەی بگەنە کاندیدێکی بە تواناو گونجاو کە تەواوی ھێزەکان قبوڵیان بێت. چونکە تەنھا ١٠ رۆژێک ماوە لەبەردەم ئەو ھێزانە کە لەسەر کاندیدێک رێکبکەون، ھەر بۆ ئەم مەبەستە پارتی سەعادەت زۆر ھەوڵیدا (عبداللە گول) رازیبکەن و وەک بەربژێری ھەموو ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دیاری بکرێت. چونکە گول کەسایەتیەکی ناسراوەو یەکێک بووەو لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی و سەرۆکی کۆماری پێشووەو بە بەراورد بە ئەردۆگان بە نەرمترو دبلۆماسیتر دادەنرێت، جگەلەوە ھەر لەسەرەتاوە دژی سیستەمی سەرۆکایەتی ھاتە دەنگ و رەخنەی توندی ئاراستەی ئەردۆگان و سەرکردەکانی ئەکەپە گرت، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت گول نایەوێت بەر ئەردۆگان بکەوێت، ئەمەش وایکرد دووربکەوێتەوەو خۆی دوورە پەرێز بگرێت .

جەھەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە، تێگەیشتووە قۆناغەکە زۆر ھەستیارو ترسناکە بۆیە وەکو برا گەورەییەک ھەوڵ دەدەات ھێزەکان لە دەوری مێزێک کۆبکاتەوەو کۆدەنگیەک دروستبکات بۆ گەیشتن بەربژێرێکی بەھێز، چونکە لای روونە ئەم دۆڕانە زۆر بە ئازارەو تەنانەت ترسی بچووکبوونەوەی پارتەکەشی ھەیە.   

مەرال ئەکشینەر سەرۆکی (ئی پارتی) ویستێکی زۆری ھەیە خۆی کاندید بکات، بەڵام کێشەی ئەکشینەر ئەوەیە ناتوانێت کۆدەنگی تەواوی ھێزەکان بۆخۆی دروست بکات، بەتایبەت کورد پێناچێت دەنگی پێبدەن و جگە لەوە ناتوانێت دەنگی ئیسلامیە کۆنزەرڤاتیڤیەکان چەپ و لێبراڵەکانیش بۆخۆی مسۆگەر بکات.
 سەبارەت بەکورد زۆر بەھەستیاری لەگەڵ تاکە بەربژێری سەرتاسەری ھەڵسوکەوت دەکەن، چونکە کورد زیاتر بەدوای چارەسەری کێشەکان و داخوازییەکانیەوە سەرقاڵە و دەیەوێت ئەم ھەڵبژاردنە بکاتە دەرفەتێک بۆ دەسەتەبەرکردنی بەشێک لە مافەکانی، بۆیە رەزامەندیان لەسەر تاکە کاندیدێک لەبەرامبەر ئەردۆگان، بریتیە لەوەی تا چەند داخوازییەکانی کورد لەلایەن ھێزەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن لەبەرچاودەگیرێن، بەڵام ئەوەندەی تێبینی دەکرێت لەوە دەچێت کورد بەتایبەت پارتی(ھەدەپە) گومانی زۆری ھەبێت لەو ھێزانەی ئۆپۆزسیۆن کە خواستەکانی کورد لەبەرچاوبگرن. ھەر ئەم گومانە فاکتەرێکی سەرەکیە پاڵ بە کوردەوە دەنێت، جارێکی تر دەمیرتاش دیاریبکات وەک کاندیدی سەرۆکی کۆمار.

ئەم ھەفتەیە، ھەفتەیەکی پڕ جموجوڵ و سەردان و کۆبوونەوە دەبێت، بەتایبەت لە نێوان پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات، لەبەرئەوەی تەنھا چەند رۆژێکیان لەبەردەمە بۆ یەکلایکردنەوەی کاندیدێک کە نوێنەری تەواوی ھێزەکان بکات و لەھەمات کاتیشدا ئەوەندە توانای ھەبێت بتوانێت شەڕی ئەم ھەڵبژاردنە لە ئەردۆگان بەرێتەوە، چونکە بەشێکی راپرسیەکان  ئەوە نیشاندەدەن یەکلایکردنەوەی ئەم ھەڵبژاردنە سەخت دەبێت و دەنگەکان تا ئاستێکی زۆر لێک نزیکن. ئەمەش فشارو سترێسی زیاتر دروست دەکات، چونکە ئێستا تەواوی پارتەکان واتا ھەر یەک لە ( جەھەپە، ھەدەپە، ئی پارتی، سەعادەت پارتی، پارتە چەپەکان، گولەنیەکان) ھەموویان گرەو لەسەر دۆڕاندنی ئەردۆگان دەکەنەوە، بۆ ئەمەش ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ھەر یەکێکیان شەڕی ژیان و مانەوەیەو نایانەوێت بۆ پێنج ساڵی داھاتوو ئەردۆگان تاکە سەرۆکیان بێت. ئیتر ئێمەش لێرەوە تەنھا دەتوانین چاودێر بین و بزانین لێکەوتەکانی ئەم ھەڵبژاردنە تورکیا بەرەو چ ئاراستەیەک دەبات و تا چەند ئەنجامەکانی کاریگەریان لەسەر دۆزی کورد دەبێت.

ئەم هەڵبژادنەی تورکیا چەند بۆ خودی وڵاتەکە یەکلاکەرەوەیە بۆ کورد لە باکور بەتایبەتی و بۆ رۆژئاواو باشوری کوردستانیش بێ پریشک و کاریگەری نابێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی