مێرگەپان

29/04/2018

پشكۆ ناكام

بازاری حیزبەكان گەرمە ، گرمەی یەت و بەزمی ئاوڕیانەوە لە "عەوام" هەموو مەڵبەند وگرد و گەڵا و لق وچڵ و ئەهلی مزگەوتی گرتۆتەوە ، نزیك بوونەوەی دەنگ یانە ، دەنگ بە نەوتی خەشنۆش كراو..دەنگ بە خاكی بچوكتر لە پار..  دەنگ بۆ دروست كردنی دەستەیەكی قەڵەو بوو لەسەر حسابی وورگی بەتاڵی خەڵك..ئەمڕۆ هەرێم بووە بە سفرەیكی چەور  بۆ  حیزبە چاوچنۆك و گیرفان پرەكان كە بە هیچ تێر ناخۆن ، سفرەی چوار ساڵی ئایندە ..ئاخۆ  رانەكە بەر كێ بكەوێ..؟ ئەی سنگ و پشتە مەغزكەی..؟ سەر و پێكەی بۆ كێ؟..دان تیژكراوەتەوە و بە ناو و دەنگی خەڵكەوە چی لەسەر سفرەكەیە ئەخورێت و دوای قڕقێنەی بردنەوە بە دەنگدەران ئەڵێن : دەستان خۆش هەڵبژاردنێكی بەلەزەت بوو ، تا چوار ساڵی تر و سفرەیەكی تر ماڵتان ئاوا...!! بۆ ئەوەی داهاتی نەوت هەر بە خەو ببینی پەنجەت زەرد كە،، بۆ ئەوەی خانوەكەت بۆ دوو مانگ لەسەرت تاپۆ بكرێت پەنجەت سەوز كە،،بۆ ئەوەی بە  

تەلەفۆن مافەكانت بێننە دی تەكنۆكراتەكانت لەبیر نەچێت،، بۆ ئەوەی ببیت بە پەیژە تا داكۆكارێكی بێدەرەتان !! سەركەوێ بۆ بە بەغا مۆمێك  بگرە بە دەستەوە،، بۆ ئەوەی "ئەردوگان" لە "ساڵح موسلیم" كوردپەروەر تر بێ با دەنگت بۆ ڕیش  حیجاب بێت،، بۆ ئەوەی ساڵی 2033 بە میترۆ بە دوو دەقیقە بگەیتە بەردەركی سەرا ، لە چافی لاند هەڵپەڕە و دەنگ بە.......

مەسخەرەیە ، مەسخەرەی هەڵبژاردن و دەوڵەمەند بوونی كۆمەڵێك نەخۆشی " پلە و پارە " و هەریەكەیان ب دروشم و ئاڵایەكەوە و هەر هەمووشیان لەسەر بەتاڵان بردنی سفرە و هیوای خەڵك یەك شكڵ  یەك ناوەڕۆكن،، " نوێنەری..!!" وا هەیە هێشتا لە هەولێر دوا معاشی پارلەمانی وەرنەگرتوە ، ناوی نووسراوە بۆ یەكەم معاش لە پارلەمانی بەغا..!! لە شەش ملیۆنەوە بۆ چەن جارێك شەش، ئەو چەن شەش ملیۆن زیایەیەش لەبەر ئەوەیە كە كێشەی كورد لە بەغا چەن شەشێك خراپتر بووە لە جاران و پێویستی بە پارلەمانتاری كێشی بوتڵی غازە....با بزانین گەر حكومەتی ناوەند بریار بات كە معاشی پارلەمانی بەغا ئەكرێت بە یەك ملیۆن ، چۆن ئەو مشەخۆرانە ئەكەونە قسەووتن بە بەغا و چۆن بە رەزیل و شۆڤێنی و نا دادپەروەر و جەردە ..و...و ..و.....ناوی ئەبەن ، ..........

معاشەكەی بەغا ئەوەنە چەورەكە كاندیدی وا هەیە كە سەری زمان و بنی زمانی هەر "هەژارنیزم"ە..! كەچی بۆ دووبارە خۆ كاندیدكرنی هەڕەشەی ئەوەی كردبوو كە ئەگەر كاندید نەكرێتەوە ئەوا هەموو لایەنگرانی خۆی لە بنكە حیزبییەكەی ناوچەكەیان دەست لە كار ئەكێشنەوە ، ئیتر خوا هەڵناگرێ بۆ ئەوەی تەقەی تێ نەكەوێ و بەرنامەی گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی تێك نەچێ برادەران ووتیان بەسەر چاو...!!

.....گەر دووەم جار كەس و لایەنێك هەڵیخەڵەتانین ئەوا خوا خۆمان بگرێ ، بۆیە خواش فریا ناكەوێت بمانگرێ ئەونە جار خۆمان ، خۆمان هەڵخەڵەتانوە....خەڵكی كەم دەرامەت و ئەهلی دووچارەكە معاش قاچێكیان لەسەر جادە و قاچەكەی تریان لە مەكتەب و دائیرەكانە و  بەدبەختانە نازانن بەكام شێواز داوای ماف و موچەی خۆیان بكەن ، لە بەرامبەریشا ئەو  كاندیدانە بە ناوی ئەوانەوە  بە دەنگی ئەوانەوە ئەچن بۆ بەغا و پاش چوا ساڵ بۆ ئەوەی دووربن لە دەنگی ئیزعاجی خۆپیشاندەران

لە گوندی ئەڵمانی یان لە مێرگەپان بۆ خۆیان ڤیلایەكی خنجیلانەی بیست سی دەفتەری ئەكڕن ،،، كێ ئەڵێت حیزبایەتی خراپە...!!..؟؟

پشكۆ ناكام

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە