سزادانە حیزبییەكان، مۆراڵێكی نەزانانە لەئەدای كاری سیاسی

30/04/2018

یاسن نادر رەحمان

دەگووترێت هەر حیزب و قەوارەیەك كە دادەمەزرێت و خزمەتی چین و توێژە جیاوازەكان لە سنوور و هەرێمیك دەكات، یەكێك لە ئەولەویاتە سەرەكییەكانی خزمەت و خزمەتكردن و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسیی جۆراوجۆرە تا بە هۆی ئەوەوە بە ئامانجە دیاریكراوەكانیان بگەن و كەسانی زیاتر بە دەور و كاریگەری زیاتر بتوانن بێننە نێو كایەی سیاسییەوە تا لە ڕۆڵە بەرچاوەكەی خۆیان هەمیشە بمێننەوەو وەك كارەكتەرە خزمەتكارەكەی كۆمەڵگا بناسرێن.
   
ئەمەی سەرەوەم لە بارەی چەمگی گشتی حیزبەوە لە كۆمەڵگا گووت تا ئەوە بە حیزب و قۆرخكارانی كۆمەڵگای كوردستان بچرپێنم كە كاری حیزب ئەوەندە لە دونیای مۆدێرنەدا ئەوەندە ئاسان وسانا نییە كە گاڵتەو ئیهانە بە تاك و ئەندامە جۆراوجۆرەكانی بكات و ئەوان هەر كاتیك كە لە موحتاجی ئەدای كاری سیاسیی و بەرژەوندیخوازانە بوو بەكاریان بێنێت و لە كاتی ئیش نەمان پێیان، ئەوان واز لێ بێنێت و تانەو تەشەر و ئیهانەكاری لە حەقیاندا بكات.
    
هیچ كات هیچ حیزبێك نابێت ڕێگەی ئەوە بە خۆی بدات پۆستە جۆراوجۆرەكان وەك میراتێك لێ بڕوانێت و ئەندامەكانی وەك فەرزەكانی دین بەرپرسیارێتێكانی بەسەریدا جێبەجێ بكات، چوونكە دواجار هەموو مرۆڤێك ئازاد خوڵقینراوە و ئەمە مافێكی خوداییە كە هەموو مرۆڤێك لە ژیان تەجروبەی جۆراوجۆر دەتوانێت تەجروبە بكات.
     
ئەوەی لە كوردستان لەم بارەیەوە و بە نسبەت حیزبە باڵادەستەكان دەبینرێت بە كوورتی و پوختی پێچەوانەی خاڵە ئاماژەپێكراوەكانی سەرەوەیە كە ئاماژەم پێكرد و حیزبەكان نازانرێت چۆن ئەو ئیجازەو مەجالە بە خۆیان دەدەن تاك و ئەندامانیان تا كۆتایی تەمەنیان بۆ خۆیان قۆرخ بكەن و هەمیشە ملكەچی بریار و ئامین گووتنی پەیامە باش و خراپەكانیان بن. 
    
ئاخیر چ مەهزەلەیەكە لەم كوردستانەدا كەسێك پۆستێكی حكوومیی وەرگرتبێت و حیزبێك ئەو ئیجازەیە بە خۆی بدات پاش چەند ساڵ خزمەت ئەو لەو پۆستە دوور بخاتەوە و هیچ حسابێك بۆ كەس لەمبارەیەوە نەكات و ئەو بە لادانی ئەدای سیاسیی حیزبی خۆی بزانێت و ئازادی مرۆڤبوون لەو زەوت بكات، هەرچەندە ئەم لادانە سیاسییانە هەمیشە دوور لە ڕاستیی بووە و هەمیشە حیزبە باڵادەستەكان ئەمانەیان بە بیانوویەك بۆ چەوساندنەوە و ئیهانەكردن و تەشهیرات بە ئەندامەكانیان بەكار بردووە، وە ئەو حسابە لەبیر دەكەن كە سەردەمانێك نەك لە پێناوی حیزب بەڵكوو لە پێناوی گشتیدا ئەم كەسانە خزمەتیان كردووە.
 
حیزبەكان لەمڕۆدا تاكەكان موتیع و فەرمانبەرداری خۆیان دەزانن و گوێ بە تێكدانی فۆرمی گشتی پێكهاتەی ناوچەو سنوور و شارەكان و خزمەتكردنی جیددی تاك و ئەندامەكانیان نادەن و بەلاچوونیان لە حیزبەكانیان وەك دێوەزمە لێیان دەڕوانن و هەر بڕیاێك و جۆرە ناشرین كردنێك كە بۆیان بڕەخسێت لە پیناویاندا دەیكەن، شتێك كە لە دونیای ئەمڕۆدا، نامۆترین جۆری سیاسەتی حیزبییە كە وا لە كوردستان دەبینین و پەیڕە و جێبەجێی دەكرێت و  لەم كات و ساتی هەڵبژاردنانەدا وا دەبینین كە كۆمەڵێك كەس بە هۆی دەرچوونیان لە حیزبەكانی باڵادەست وا خەریكە نانبڕاو دەكرێن و لە پۆستەكان دوور دەخرێنەوە، چوونكە حیزبە باڵادەستەكان دەسەڵاتیان بەسەر ئەو سنوور و ناوچانەدا دەشكێت و هەموو كارەكتەرەكان لەو ناوچانە بە جۆرێك فەرمانبەردار و موتیعی خۆیان دەزانن.
     
ئەم باڵادەستییە وەك مۆتەكە و نەگبەتییەك وای لە هەندێك خەڵك كردووە بە هۆی هێزداریی ئەم هێزانەوە تەنگیان پێ هەڵبچنرێت كە گەر پشتیوان و هاوكار و موتیعی فرمان و ڕاسپاردەكانی ئەوان نەبن زۆر شتیان هاوشێوەی پۆستیان لەدەست دەدەن.
   
ناكرێت و نابێت، كار و هەنگاوی وا لە سیاسەتی ئەمڕۆدا تا كۆتا بچێتە سەر، چوونكە مرۆڤ و تاكی كورد لە مێژوودا زۆر شتی لێ زەوت كراوە و سەردەمانێكی زۆر بەدەست دیكتاتۆرەكانی دونیای دەروبەرەوە چەوسێندراوەتەوە و لەمڕۆی پێشكەوتنی دونیادا ئاوا سیاسەتگەلێك جیگای لە زبڵدانی میژوودا دەبێتەوەو دوور نییە ئەندام و لایەنگران و كادیرانی هەمان ئەو حیزبانە بە كودەتایەكی چاكسازی ڕۆژێك هەوڵبدەن ئەوان سزا بدەن و لە پلە بەرزكردنەوەی دووبارەیان لە ئەدای سیاسەتیاندا پاشگەز ببنەوە و چاوەڕێی هێزی نوێ و میتۆدی نوێی تر بۆ خزمەتكردنی ئازادانە نەك قورخكارانەیان بن، شتێك كە لە ئەمڕۆی كوردستاندا بریسكەكانی وا دەركەوتووە و بڵیسەی تیناوی ئەویش وەختە بە هەموان بگات، كە ئاوات و خواستی زۆر ئازادیخوازی لە دونیای ئەمڕۆی كوردستانە.

یاسین نادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی