هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق: کۆتایی دیموکراسی ئەمریکی

01/05/2018

سەردار عەزیز


کەمتر لە دوو مانگی تر، نزیکەی حەوت هەزار کاندید، لە هەشتاو هەشت قەوارەی جیاواز، کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان لە عێراقدا. لە هەڵبژاردنێکدا کە هەست دەکرێت لە زۆر ڕوەوە جیاوازبێت لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراق. ئەم کورتە توێژینەوەیە ئارگومێنتی ئەوە دەهێنێتە ئاراوە کە ئەو جۆرە دیموکراسییەی کە ئەمریکاییەکان لە پاش ڕوخانی رژێمی پێشوو بۆ عێراقیان هێنا لە پاش هەڵبژاردنی داهاتوو، بە شێوەیەکی کاریگەر بونی نامێنێت.
پێش هاتنی ئەمریکاییەکان بۆ عێراق، عێراق بە سیستەمێکی ناوەندگەرایی بەڕێوەدەچوو. بۆ ئەمە ئەوەندە بەسە کە لە ئەندازیاری ناوەند و فەرمانگە حکومیەکان بنواڕێت لە سەرانسەری عێڕاقدا. لە کاتێکدا عێراق لە چەند بەشی جوگرافی جیاواز پێکهاتوە، وەک ناوچەی شاخاوی، دەشت و بان و لە گەڵ بیابان، بەڵام کاتێک پلانی خانوەبەرە لە ناوەندەوە دادەڕێژرا، ئەوا بۆ سەرجەم وڵات بوو، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ بە عێراقدا سەفەر بکەیت لە زۆر شوێنی جیاواز هەمان شێوە ناوەند و فەرمانگە و باڵەخانە دەبینیت. ئەم ناوەندگەراییە، چەندین ئامانجی هەبوو کە ئێمە لێرەدا، تەنها لە یەک ڕووەوە لێی دەڕوانین ئەویش بوونی ئەم باڵەخانە بەبێ لە بەرچاوگرتنی جیاوازی ناوچەکان ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ناوەندگەرێتی و هەوڵ بۆ بینین وڵات وەک یەکە و شاردنەوەی هەموو جیاوازییەک.
بەڵام عێراق لە رووی سیاسیەوە تەنها لە لایەن یەک پێکهاتەوە بەڕێوەدەچوو، کە عەرەبی سوننە بوون، بە هۆکاری جیاوازی وەک، سوننە بوونی مەلیکی عێراق، باڵادەستی گروپی شەریفییەکان لە رووی شێوازی حوکمڕانی و سەربازیەوە، هەروەها پەراوێزبوونی کورد و شیعە لە سەردەمی عوسمانیدا. دیارە، شیعە خۆشیان وەک باوەڕیان بە هۆی چاوەڕوانی مەهدیەوە جۆرێک لە دوورە پەرێزیان هەبوو لە دەسەڵات. ئەم کێشەیە وەها مایەوە هەتا هاتنی خومەینی و داڕشتنی ولایەتی فەقێ.
کاتێک ئەمریکا پلانی هاتن بۆ عێراق دادەڕێژێت، لە گەڵ ئۆپۆزسیونی عێراقیدا مامەڵە دەکات. ڕوونە کە ئۆپۆزسیون بە گشتی لە هەردوو پێکهاتەی کورد و شیعەبوون لە دووربوون لە دەسەڵاتەوە. 
ئەمریکاییەکان سەنتەربوونی شێوازی حوکمڕانی بەعسی عێراقیان بە هاوشێوەی نازیەتی ئەڵمانی زانی، بۆیە گۆڕینی سیستەمی سەنتەری بۆ فیدراڵی وەک ڕێگاچارەیەک بینرا بۆ رێگری لە هاتنەوەی دیکتاتۆریەت بۆ عێراق، وەک مایکڵ ئەگناتیو ١ ئاماژەی پێئەکات. بەم پێیە فیدڕاڵی پێویست بوو بۆ عێراق، لە هەمانکاتدا خواستی کوردیش بوو. شیعە سەرباری ئەوەی ڕازی بوون بە ناوهێنانی و نوسینی لە دەستوردا بەڵام هەرگیز هێندە دڵگەرم نەبوون بەرامبەری. بەتایبەت چونکە شیعە سەرباری زۆرینەی لە گرێی کەمایەتی بووندا دەترسێت لە عێراقدا، بۆیە بۆ ئەوەی کەمایەتی نەبێت یان نەبێتە کەمینە، ئەوا دەبێت دەسەڵاتی لە دەستدا بێت. سەرباری فیدراڵیەت؛ ئەنجامدانی هەڵبژاردن یەکێک تربوو لە خەسڵەتەکانی دەسەڵاتی ئەمریکی لە عێراقدا. 
لە پاش هاتنی ئەمریکیەکان بۆ عێراق، هەڵبژاردن بە شێوەیەکی رێکخراو بەڕێوەچووە وەک بەشێک لە پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا. ئەمریکاییەکان وەها لە عێراقیان دەڕوانی کە وەک هەر شوێنێکی تر وەهایە لە جیهاندا، کە بە پرۆسەیە پاش دیکتاتۆریەتدا تێپدەپەڕێت.
رووداوێک هەیە کە وەک نوکتە وەهایە دەرخەری ئەم خۆشباوەڕەییەی ئەمریکاییەکانە. ڕۆی ستیوارت لە کتێبی ٢Occupational Hazards: دەڵێت پاش نۆ مانگ لە هاتنی ئەمریکاییەکان بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لە شارێک لە باشوری عێراق یەکێک لە شارەزایانی ئەمریکی لە بواری دیموکراسی کۆڕێک بۆ چەند ئەندامیکی ئەنجومەنی شارەوانی ساز دەکات، کۆڕەکە وەها دەست پێدەکات:
بەخێربێن بۆ دیموکراسی نوێتان. پاش پێشاندانی چەند سلادێک دەڵێت: پێشتر من بە خزمەتتان گەیشتووم. ئێوەم لە کەمبۆدیا دی. ئێوەم لە روسیا دی. هەروەها ئێوەم لە نایجیریاش دیوە. پاش ئەم قسانە چەند ئەندامێک کۆرەکە بەجێ دەهێڵین. مەبەستی شارەزا ئەمریکیەکە ئەوەبوە کە پرۆسەی دیموکراتیزەکردن لە هەموو جێگایە وەک یەکە. ئەم خۆشباوەڕییە بنەمای ئەوەبوو کە گوایە لە رێگای دیموکراسیەوە حکومەتێک دێتە ئاراوە کە نوێنەری خەڵك بێت بە جیاوازییەکانیانەوە. بەڵام پاش زیاتر لە پانزە ساڵ، کاتی ئەوەیە بە جۆرێکی تر لە پرۆسەی هەڵبژاردن بنواڕین لە عێراقدا.
بە پێی هەندێک دراو هەڵبژاردنی ئەمساڵ جیاوازە، عێراق شەڕی داعشی کۆتایی پێهێناوە، دیارە لە رووی سەربازیەوە، هەردوو پێکهاتەی کورد و سوننە، ئەوەندە لاوازن کە بە کەمترین گروپ و زۆرترین پەرتەوازەییەوە لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار دەبن. بەم پێیە ئایا ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەکەمجار بونیادی سیاسی عێراق دەگۆڕێت بەوەی شیعە دەتوانن بەبێ بوونی بەشدارێکی ڕاستەقینە، یان رکەبەرێکی جیاواز حوکمی عێراق بکەن؟ ئەگەر کێشمەکێشی ناوخۆیی خۆیان رێگەبدات؟
دیارە شیعە پێویستی بەوەنیە کە بە شێوەی کودەتا ئەم کارە ئەنجام بدات. مەبەستمان لە کودەتا وەرچەرخانی خێرا و کۆنترۆڵکردنی سیستەمی حوکمە. بەڵکو هەموو پرۆسەکە لە رێگای دیموکراسیەوە دێتە دی.

لێرەدا کێشەی دیموکراسی دێتە ئاراوە لە وڵاتێک کە کەمینە و زۆرینەی تیادایە. ئایا دیموکراسی یانی حوکمی زۆرینە، یان دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ حوکمی هەموان. ئەم خەسڵەتی عێراق بوو کە فیداڕڵیەتی کردە مۆدێلی حوکمڕانی. بەم پێیە فیدارڵیزم بریتیە لە میکانیزمێکی دەستوری کە لە رێگایەوە دەسەڵات بەش دەکرێت لە نێوان یەکە هەرێمیەکاندا لە گەڵ ناوەندی فیدراڵدا٣. بۆیە دەکرێت ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنێین کە ئەگەر عێراق فیدڕاڵ نەبێت ئەوا دیموکراسی نابێت، چونکە خێرا حوکمی زۆرینە دەبێتە شێوازی حوکم. لە کاتێکدا کە ئەم زۆرینەیە لە سەر بنەمای شوناسێک پێکهاتوە کە گۆرانکاری تیایدا ئاسان نیە. عێراق وڵاتێکی تایفیە، کێشەی تایفی لە گەڵ دروستبوونی عێراقدا بونی هەبوە، بۆ زیاتر زانیاری بنواڕە شێرکۆ کرمانج ٤و فەنەر حەداد٥. 
بەڵام دوو روداو ئەم بنەمایانەیان خستوەتە ژێر پرسیار و لاوازکردنەوە. روادوی یەکەم شەڕی داعش، روداوی دووەم ریفراندۆمی کوردستان. شەڕی داعش عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خستە یەک بەرەوە لە بەرامبەر دەوڵەتی خەلیفەی داعشدا. داعش لە هەناوی سوننەوە سەری هەڵدا و شەڕەکان لە گوند و شارەکانی ئەواندا رویدا. دەرئەنجام سوننە ئاوارە بوون بە ژمارەی زۆر و شار و گوندەکانیان توشی وێرانەبوون. ئەم روداوە سوننەی لە عێراقدا هێندەی تر لاوازکرد. سوننە خۆی لاوازبوو، چونکە لە درێژایی عێراقدا حکومران بوو، بۆیە پێویستی بە سیاسەتکردن نەبووە لە شێوازی خۆرێکخستن و حیزبایەتی و کۆمەڵگای مەدەنی هتد. لە ڕووی ئابوریشەوە کاتێک حکومەتی عێراقی لە زۆربەی سوننە پێکهاتبوو، خەڵکی سوننە بە زۆری موچەخۆری حکومەت بوون. بە نەمانی رژێمی پێشووی لە عێراقدا، کەمینەی سوننە بنەمای ئابورییان لاوازبوو. بە تایبەت لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق و پرۆسەی دی-بەعسیفیکەیشن. دەکرێت بوترێت ئەگەر ئامانجی داعش سەندنەوەی عێراق بوو لە شیعە، ئەوا بە شکستیان هێندەی تر عێراقیان خستە ژێر دەستی شیعە، بە تایبەت کاتێک شیعە، پاش هەستکردن بە مەترسی لە دەستدانی دەسەڵات، دەبێت زیاتر پێگەی خۆی لە دەسەڵاتدا قایم بکات. لە دەرئەنجامدا لە عێراقدا سوپایەکی نوێ هاتە کایەوە کە ئامانجی پاراستنی نیزامی شیعەیە، کە خۆی لە حەشدی شەعبیدا دەبینێتەوە، هاوتەریب بە سوپای نیزامی وڵات کە ئامانجی پاراستنی وڵاتە.
کورد لە شەڕی داعشدا سودمەندبوو. ناوچەی جێناکۆکەکانی کەوتە ژێردەست و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بوون بە پشتیوانی. بەڵام ریفراندۆم وەک یارییەکی ئاڵۆز بە ئامانجی شەخسی و ناوخۆیی و حیزبی کارێکی کرد، کە کورد لە بڕی ئەوەی بتوانێت ئەو دەستەکەوتانەی بپارێزێت، یان هیچ نەبێت لە ڕێگای دانوستانەوە مامەڵەی لە گەڵدا بکات، لە رێگای هێرشی سەربازییەوە هەموو ناوچەکانی لە دەست دا. بەم پێیە لە بڕی بەهێزبوون زیاتر لاواز و گەماڕۆدراو و بێ پشتیوان بوو. هەوڵی جودابونەوە لە هەناو شیعەدا ئەوەی چەسپاند کە دەبێت کورد لاوازبکرێن بە ئاستێک نەتوانن جارێکی تر هەنگاوی لەم جۆرە بهاون و عێراقمان لە دەست دەربهێنن. ئێستا کورد بەرەو ئەوە دەڕوات کە ڕۆڵی ئەویتر the other ببینێت لە دروستکردنی عێراقدا. دیارە کاتێک پێکهاتەیەک دەبێتە ئەویتر، ئەوا لە پرۆسەی ئەویترکردندا هەمیشە وەک ئەو پێکهاتە یان لایەنە دەبینرێت کە دەبێت لە بەرامبەریدا خۆت تەیاربکەی یان خۆت جودابکەیتەوە، ئەدەبیاتێکی زۆر لەمبارەوە هەیە، بنواڕە باومان٦. 
ئێستا ئەگەر سوننە و کورد لاوازن، ئەوا ئەو هێزەی کە ڕەنگە رێگربێت لە لاوازبوونی ئەم پێکهاتانە یان نەهێڵێت بەو شێوەیەی کە شیعە دەخوازێت لە قاڵب بدرێن، کۆمەڵگای نیودەوڵەتی بە تایبەت ئەمریکایە، لە بەر هۆکاری جیوپۆلتیکی و سیاسی. بۆیە ئەوەی شیعە دەبێت بیکەن دەبێت ڕۆڵی ئەمریکا سنوردار بکەن یان ناچاری بکەن کە عێراق بەجێبهێڵیت. رۆژی یەکی مانگی ئادار پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەتی عێراقی کرد کە کاتی دیاریکراو بو مانەوە و ڕۆشتنی سوپای ئەمریکی لە وڵاتدا دیاریبکات٧. 
بەم پێیە ئەگەر هاتوو کورد و سوننە لاوازبون و هیزی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە عێراقدا بوونی نەبێت، ئەوا زەمینە دەسازێت بۆ ئەوەی عێراق لە مۆدێلی ئەمریکی داببڕێت و مۆدێڵیکی جودا بێتە ئاراوە، بە تایبەت کاتێک ئێران عێراق بە پانتایی خۆی لە قەڵەم ئەدات و دەخوازێت ئەمریکا لە عێراقدا ئامادەیی نەبێت، بۆ ئەوەی نەبێتە مەترسی بۆی. 
دەرئەنجام
عێراق لە سەرەتای دروستبونیەوە کێشەی ئەوەی هەبوە کە باڵادەستی ناوەند بە سەر سەرجەم پانتایی خاکەکەیدا بچەسپێنێت. پاشان لە رێگای حکومەتێکی دیکتاتۆریەت و ناوەندگەراوە وڵات بە زەبری هێز بە ڕێوەبرا. دەرئەنجامی ئەمە دیکتاتۆریەت و شەڕ و هاتنی ئەمریکا بوو. مۆدێلی ئەمریکی بۆ عێراق فیدراڵیەتە لە گەڵ بەشداری و دانپیانانی پێکهاتە جیاوازەکاندا، لە پێناو رێگری لە هاتنەوەی دیکتاتۆریەت. بەڵام مۆدیڵی ئەمریکی ئێستا ماندوبوە و نەیتوانی بە سەر کێشەکانی عێراقدا زاڵ بێت. ئەمڕۆ ئەمریکاییەکان باس لە فیدراڵیەتێکی کارا دەکەن، بەڵام ئاماژەکان زیاتر ئەوە پێشان ئەدەن کە مۆدێلی ئەمریکی بۆ عێراق لە بەردەم مەترسی پەککەوتن و کۆتایی هاتندایە.

1 Ignatieff, Michael. 2005. Who Are Americans to Think That Freedom Is Theirs to Spread? New York Times Magazine, June 26, 42–47. 
2 Rory Stewart, 2006 Occupational Hazards: My Time Governing in Iraq, London: Picador
٣ Elazar, D. J., 1987 Exploring Federalism, Tuscaloosa, AL: University of Alabama 
4 Kirmanj, Sherko, 2013, Identity and Nation in Iraq, Lynne Rienner 
5 Haddad Fanar 2011 Sectarianism in Iraq: Antagonistic Visions of Unity, Columbia University Press
٦ Bauman, Zygmunt, 1998, Postmodernity and its Discontents. London, Polity Press
٧ Rasheed and Aboulenein 2018 Iraqi parliament demands timeline for foreign troop withdrawal, Reuters, https://www.reuters.com/…/iraqi-parliament-demands-timeline…

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی