پارتی گاڵتە بەبارزانی دەكات

02/05/2018

ئەحمەد میرە

لەمێژووی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ڕەنگە هیچ كاتێك هێندەی ئێستا توشی دودڵیی و بێتوانایی لە بڕیاردانی سیاسیدا نەبوبێتەوە، چونكە ئەو حیزبە حەوت مانگ پێش ئێستا كارنامەی سیاسیی خۆی لەسەر بنەمای پرۆژەی بەناو دەوڵەتی سەربەخۆ بنیاتنابوو و بانگەشەی بۆ دەكرد و دواتریش لە (25) ی ئەیلولی ساڵی ڕابوردودا بە بێ بیركردنەوە لەدەرئەنجامە خرابەكانی تۆپی ڕیفراندۆمی تەقاند و ئەم كارەیشی بووە هۆكاری گۆڕینی سەرلەبەری بنەماكانی سیاسەتكردنی خۆی و دواجاریش بووە هۆی پەراوێزخستنی خۆی لە ناو ناوەندی بڕیاری سیاسیی عێراق و ناوچەكەدا.

پاش حەوت مانگ، ئێستا عێراق دەیەوێت هەڵبژاردن بكات و پارتییش بەناچاریی دەبێت ببێتە بەشێك لەو پرۆسەیە، لە كاتێكدا بە پێی ئەو پلانەی، كە پارتیی و سەرۆكەكەی دایانڕشتبوو، دەبوو لەم كاتەدا سەرقاڵی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیی بونایە، بەڵام لە ئێستادا دەبینین بە شێوەیەكی چڕوپڕ كاردەكەن بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خۆیان لە باوەشی دەوڵەتی عێراقی عەرەبیدا توندتربكەن. 

بۆ هەركەسێك لە سیاسەت بگات، یاخود بۆ هەر هاووڵاتییەكی كورد، كە بانگەشەی سەروبەندی ڕیفراندۆمی لەبیرە، دەزانێت، كە ئەوەی ئێستا لە سیاسەتی پارتیدا دەگوزەرێت، بریتییە لە دوفاقییەكی گەورە و دەرخەری ئەوەیە، كە ئەم حیزبە، نە خاوەنی جیهانبینییەكی ڕونی سیاسییە و نە پێڕەوو پرۆگرامێكی حیزبیی تۆكمەی هەیەو تەنانەت لەڕوی مۆڕاڵی سیاسییەوە سفرە، لەبەرئەوەی نەریتی سیاسەتكردن و حیزبایەتیی بۆ سیاسەتمەداری خاوەن مۆڕاڵ ئەوەیە، كە هەر كاتێك پرۆژە سیاسییەكەی شكستیهێناو وڵاتی توشی كارەسات كرد و پاشەكشەی گەورەی كرد، دەبێت ددان بەودا بنێت، كە ڕۆڵی ئەو لە دنیای سیاسەتدا كۆتاییهاتووە، نەك ئەوەی پارتیی بۆ پەرلەمانی عێراق دەیكات، چونكە گەڕانەوە بۆ بەغداد لە ڕێی سواڵی دەنگ و گزیی هەڵبژاردنەوە، ئەگەر لەلایەكەوە ناپاكیی بێت لە پرۆژەی كوردیی، ئەوە لەلاكەی ترەوە بە ئاشكرا گاڵتەكردنە بە مەسعود بارزانیی سەرۆكی ئەو حیزبە.

پارتیی لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە دوفاقییەكی قووڵدا دەژی، وەك ئەوەی خەڵك نەزانێت، كە ئەم دۆخەی پارتیی جگە لە دابەشبونێكی سیاسیی ناچاریی ناوخۆیی، هیچی تر نیە. بۆیە دەبینین لە لایەك بە ناوی ئەوەی با چیی تر شكۆی مەسعود بارزانیی نەشكێت و دۆڕاوتر لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دەرنەكەوێت، بەشداریی هەڵمەتی هەڵبژاردن ناكات، بەڵام لەلایەكی ترەوە كوڕەكەی لە سەروبەندی ڕیفراندۆمدا دەینەڕاند و دەیگوت پرۆژەی ئێمە بۆ لەمەودوا لەگەڵ عێراقدا تەنها بۆ ئەوەیە ببینە دوو دراوسێی باش و عێراق وەك دەوڵەت كۆتاییهاتووە، كەچی لە ئێستادا سواڵی دەنگ دەكات و باس لە دەستكەوتی زیاتر دەكات لە عێراقدا بەهۆی ناردنەوەی تیمی پارتییەوە بۆ بەغداد، هەروەها لە ئێستاوە برازاكەی سەرۆك چاویبڕیوەتە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و پێیوایە، كە ئەم پۆستە بۆ كورد لە بەغداد زۆر گرنگە.

بە ڕەچاوكردنی ئەو خوێندنەوانەی پێشوو، دەنگدەری پارتیی بە چ مۆڕاڵ و ئیرادەیەكەوە دەیەوێت دەنگبدات بە تیمێكی دوفاق و ئەدەبیاتێكی سیاسیی دۆڕاو، نەك لەبەر ململانێكردن لەگەڵ نەیارە سیاسییەكانی پارتیدا، بەڵكو پێویستە جەماوەری پارتیی لەبەر ڕێزگرتن لە شكۆی سەرۆكە دۆڕاوەكەیان بایكۆتی دەنگدان بكەن و دژی كاندیدەكانی پارتیی بوەستنەوە، چونكە هەر دەنگێكی پارتیی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لێدانی گورزێكی بەهێزە لە مەسعود بارزانیی و سیاسەتەكەی و دەبێتە هۆكارێكی سەرەكییش بۆ پەراوێزخستنی زیاتری بارزانیی لە پرۆسەی سیاسیدا و ڕەنگە دواجاریش ببێتەهۆی نەخۆشكەوتنی بارزانیی لە ڕوی دەرونیی و جەستەییەوە!

ئەحمەد میرە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی