كورد ١٠٠ كورسیش بێنێت هیچ بەهایەكی نییە

03/05/2018

ئارام رەفعەت

سیستەمی تەوافوقی یەكێك بوو لە دەسكەوتە هەرە سەرەكییەكانی بەشداریكردنی كورد لە پرۆسەی سیاسی عێڕاقی دوای سەدامدا. 

سیستەمی تەوافوقی جگەلەوەی جۆرێك مافی ڤیتۆی دەدا بەكورد و نەیدەهێشت بە پێوەری زۆرینە و كەمینە مافەكانی ژێر پێ بخرێت، قەڵگانێكی گرنگیكش بوو بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان.

بەڵام لەبەرئەوەی ئەقڵی كوردی، بەدیاریكراویش سەرانی دوو حیزبەكە، هێشتا سنورەكانی خێڵی تێنەپەراندووە، ئەقڵییان بەوە نەشییا پارێزبەندییەكی دەستووری بۆ ئەم سیستەمە دابین بكەن و ئەم سیستەمەیان لە دووتوێی رێككەوتنێكی عەشایەری نەنوسراودا هێشتەوە. 

نەبوونی پارێزبەندی دەستووری بۆ سیستەمی تەوافوقی بەمانای هەشاشی و لەرزۆكی ئەو سیستەمە دێت. هەشاشی و لەرزۆكییەك كە هەموو ئان و ساتێك ئەو سیستەمە موعەرەزە بۆ هەڵوەشاندنەوە و لەباربردن. 

لەدوای شكستی داعش و داگیركردنەوەی نیوەی خاكی كوردستان و شكستی هەمەلایەنەی حكومەتی هەرێم، هەموو زەمینەكانی لەبارچوونی ئەو سیستەمە لەئارادایە و ئەو هەڵبژاردنەش هیچی تر نییە جگە لە لەگۆڕنانی سیستەمی تەوافوقیی و تەسبیتكردنی حوكمی زۆرینە، یان بەتەعبیرێكی تر حوكمی شیعە.

لەدوای ئەم هەڵبژاردنە، ئیتر بوونی كورد لە بەغدا هیچ مانایەك نابەخشێت. كورد نەك هەر ئەو ٥٠ كورسییەی كە چاوەروان دەكرێت بەدەستی بێنێت، ١٠٠ كورسیش بەدەست بێنێت هیچ بایەخی نییە. 

رەنگە بۆ چاوبەستی و لێدانی كییانی هەرێمی كوردستان، چەند چەند حیزبێكی كوردی لە دەسەڵاتی شیعەكاندا بەشداری پێبكرێت، بەڵام ئەو بەشدارییە هاوشێوەی بەشداری حیزبە كارتۆنییەكانی سەردەمی بەعس دەبێت، یان لەباشترین حاڵەتدا هاوشێوەی بەشداری حیزبی شوعی دەبێت كە لەدوای ساڵی ١٩٧٢دا لەبەرە پێشكەوتنخوازەكەی بەعسدا وەك حیزبێكی كارتۆنی بەشدار بوون. دواجاریش كە بەعس بەئاسانی توانی ئەو حیزبە پەڕوپۆ بكات. بەشداری ئێستا حیزبە كوردییەكانیش لە حكومەتی ئاییندەی بەغدا هەر تا ئەو كاتەیە كە شیعەكان یەك بەیەكی حیزبەكوردییەكان پەروپۆ دەكەن و هەرێمی كوردستانیش دەگۆڕن بە حوكمی زاتی مەنتیقەی شیمالی سەردەمی حیزبی بەعس.

ئارام رەفعەت

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی