گۆڕان چی بۆ سلێمانی ئەکات؟

04/05/2018

عەدنان عوسمان

سلێمانی یانی ( پارێزگاکانی سلێمانی – هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان- راپەڕین)

لە گەرمەی پرسە سیاسیەکاندا، زۆرجار ئەوەمان بیر ئەچێتەوە کە نوێنەر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نوێنەرایەتی پارێزگاکەی خۆی ئەکات. واتە لە پاڵ ئەرکە گشتیەکانیدا، ئەرکێکی گرنگی تریشی هەیە کە نوێنەرایەتی کردنی پارێزگاکەیەتی. 
لە دەستوری عێراقیدا، کۆمەڵێک ماف بۆ هەرێم و پارێزگاکان دیاری کراوە کە بەداخەوە نوێنەرانی دەسەلات هەر لە ٢٠٠٣ تا ئێستا نە کاریان بۆ کردوەو نە بیریشیان لێ کردۆتەوە، چونکە ئەوان تەنها لەخەمی پۆستە باڵاکان  وئیمتیازاتەکانی خۆیاندا بون.
ئێمە، سەرباری هەوڵمان بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی هەرێم و قەوارەکەی، بەڵام بە پیویستی ئەزانین لە چوارچیوەی داواکاریە ئابوری و داراییەکاندا، کار بە سیستەمی لامەرکەزی بکەین و پێشمان وایە ئەوە زیاتر خزمەت بە هاولاتیانی هەرێم ئەکات.
پەرلەمانتار دەبێ نوێنەری فعلی پارێزگاکەی بێت و لەخەمی بردنە پێشەوەی مافەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزگاکەی بێت. ئەمەش کرۆکی لامەرکەزیەتە کە گۆڕان کاری لەسەر ئەکات و لە دەستوری عێراقیشدا چەسپێنراوە.
بۆ پارێزگای سلێمانی( دیارە نوێنەرانمان لە هەمو پارێزگاکانی تر بەهەمان شێوە) گۆڕان دەبێت کار لەسەر جێبەجێ کردنی ئەم مادەو مافانە بکات:
یەکەم: پشکی پارێزگا لە هەمو هەیئاتە سەربەخۆکان بە گوێرەی مادەی ١٠٥ .
دوەم: جێبەجێ کردنی مادەی ١٠٥ کە مافی هەرێم و پارێزگاکان ئەپارێزێت لەسەرجەم دامودەزگا کارگێڕیەکاندا، لە بەعساتی دیبلۆماسی و و بەرێوەبردنی دامودەزگا دەوڵەتیەکاندا.
سێیەم: جێبەجێ کردنی مادەی ١٠٦ کە تایبەتە بە چاودێری کردنی دابەشکردنێکی عادلانەی داهاتی گشتی و پشکی هەرێم و پارێزگاکان.
چوارەم: جێبەجێ کردنی مادەی ١٠٧ کە تایبەتە بە ئەنجومەنی راژەی ئیتحادیەوە، واتە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجەکانمان.
پێنجەم: جێبەجێ کردنی مادەی ١٢١ کە کۆمەڵێک مافی دیاری کردوە بۆ هەرێم و پارێزگاکان.
شەشەم: رێگەگرتن لەهەر کارێکی نایاسایی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، وەک: بڕین و کەمکردنەوەی موچە، نەدانی بیمەی بێکاری و بیمەی کۆمەڵایەتی و خانەنشینی، رەفتاری ناعادیلانە لەگەڵ پارێزگاکان، رێگەگرتن لە جێبەجێ کردنی یاسا گشتیەکان کە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی پارێزگایە.
حەوتەم: مامەڵەی راستەوخۆ، بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستوردا، لەگەڵ ناوەند بۆ پرسە ئابوریەکانی هاولاتیانی پارێزگاکەو ئیستحقاقاتی دارایی و ئابوریان بە گوێرەی سیستەمی لامەرکەزی.
هەشتەم: پابەند بون و رێزگرتن لە پشکی پارێزگای سلێمانی لە هەمو دامودەزگا فیدرالیەکان و داهاتە گشتیەکان بە گوێرەی قەبارەی پاریزگاکەو رێژەی دانیشتوان و ئاستی زەرەرمەند بونی لە سیاسەتەکانی رژێمی بەعس.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی