دوو سەرنج لەسەر كاندیدكردنی دەمیرتاش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا

05/05/2018

كەمال چۆمانی

دوو سەرنجی كورت دەخەمەڕوو، كە یەكەمیان لەبارەی خاوەندارێتییكردنی گەل لە شۆڕشگێڕەكانی، دوەمیشیان لەبارەی نەبونی هیچ كاندیدێك بەرانبەر مەسعود بارزانیی لە رابردودا، دەیانبەستمەوە بە كاندیدكردنی دەمیرتاش بۆ هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ی سەرۆكایەتیی توركیا:

لە دەستگیركردنی ئۆجەلانەوە تا ئێستاش، هەندێك هەن رەخنەی ئەوە لە پەكەكە دەگرن كە بۆچی واز لە ئۆجەلان ناهێنن و ئەو لە زیندانە. ئەوان چونكە لەژێر هەژمونی دونیابینیی توركی نەژادپەرست و دەوڵەتی كەمالیی و ئەكەپەییین، وا دەزانن ئۆجەلان وەك تاوانبارێك زیندانیكراوە نەك شۆڕشگێڕێك. شۆڕشگێڕ نابێت بەتەنها بەجێبهێڵرێت، گەل دەبێت خاوەندارێتیی لە شۆڕشگێڕەكانی خۆی بكات.

هەدەپە باش دەزانێت سەلاحەدین دەمیرتاش لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا ناتوانێت سەركەوتن بەدەستبێنێت، بەڵام هەدەپە گەل بێ بژاردە ناهێڵێتەوە، دەمیرتاشیش بەتەنها جێناهێڵێت. ئێستا دەبێت ئەوە رونتر بێت، ئەوە پەكەكە نییە واز لە ئۆجەلان ناهێنێت، ئەوە گەلی باكوری كوردستانە نرخ دەداتە خەباتی شۆڕشگێڕەكانی و خاوەندارێتییان لێ دەكات.

دۆخی توركیا و هەرێمی كوردستان لێكچونێكیان هەیە؛ سەرۆكێك لە توركیا خۆی سەپاندوە و دەیەوێت دەستەڵاتی تاكڕەویی خۆی بسەپێنێت. لە هەرێمی كوردستانیش سەرۆكێك خۆی سەپاندبو دەیویست دەستەڵاتی تاكڕەویی خۆی بسەپێنێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا ئەمریكا ناچاری كرد دەستلەكاربكێشێتەوە. ئەوەی جیاوازە، لە توركیا، هەمو هێزەكان سەرەڕای ئەو دابەشبونە گەورەیە و جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەی لەنێوانیان هەیە، خاوەنی بەدیلن بۆ ئەردۆغان، ئەگەر بشزانن سەركەوتوش نەبێت. لە هەرێمی كوردستاندا، لەوەتەی مەسعود بارزانیی بۆتە سەرۆك، هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان جورئەتیان نەبوە كاندیدێك بەرانبەر مەسعود بارزانیی دروستبكەن. تا وای لێ هاتبو بارزانیی دەیگوت كەس پاڵێوراو نییە بۆیە ئەو وازناهێنێت، یان كەسێك دەستنیشانبكەن و ئەو وازدەهێنێت.

كەمال چۆمانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە