لە دەنگداندا بیرت نەچێ!

06/05/2018

جه‌عفه‌ر عه‌لی


ئەگەر گیرفانی خۆت پڕە، گیرفانی خاڵی دراوسێ خانەنشینەکەت بیرنەچێ!
ئەگەر ماڵەکەی خۆت چراخانە، تاریکی ماڵەکانی چواردەورت بیرنەچێ!
ئەگەر منداڵەکانت لە قوتابخانەو زانکۆ ئەهلیەکاندا دەخوێنن و رۆژێک وانەیەکیان نەفەوتاوە، سەدان هەزار منداڵی قوتابخانەو زانکۆ حکومیەکانت بیرنەچێ!
ئەگەر لە وەرزی هاویندا، ماڵەکەت وەک کوێستانی فێنک دەچێ، جەستەی ماندوو و پێستی سووتاوی کرێکاران و جووتیارانی بەر گەرمای مانگی تەممووزت، بیرنەچێ!
ئەگەر لە وەرزی زستاندا، جەستەت تەزووی ساردی نەبینیوە، نەبوونی پێنج لیتر نەوت بۆ گەرمکردنی ماڵی هەژارێکی ئەم کوردستانەت بیرنەچێ!
ئەگەر راستگۆیی و دادی کۆمەڵایەتیت گەرەکە، درۆ و بێدادی مافیاکانی دەسەڵاتی کوردیت بیرنەچێ!
ئەگەر پەرۆشی تەندروستی باشی هاوڵاتیانی، کوێرکردنی چاوی دەیان مرۆڤی هەولێری پایتەختت بیرنەچێ!
ئەگەر منداڵێکت بە دەستی چەکدارانی پارتی و یەکێتی خوێنی نەڕژێنراوە، خوێنی رژاوی سۆران و سەردەشت و کاوەو دەیان گەنجی دیت بیرنەچێ!
ئەگەر چاو و گوێکانت کردنەوەو مێژووی ٢٧ ساڵی رابردووی دەسەڵاتت دی، هاواری گیرفانی بەتاڵی موچەخۆران و دڵی پڕ لە ناسۆری دایکی رێژوان و سورکێو و زمناکۆ و شیرزاد و هەردی و بیلال و گەرمیان و مامۆستا هێرش و بەشیرت، بیرنەچێ!
ئەگەر مرۆڤیت، ئەگەر نیشتمان و رێزی هاوڵاتیانت لا گرنگە، ئەگەر ویژدانێکی زیندووت هەیە، لە رۆژی دەنگدان، لە دوازدەی ئایارو لەسەر سندوقی سزاداندا، قارەمانانی شەڕی ناوخۆ، خیانەتکارانی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر، بکوژانی رۆژنامەنووسان و گەنجانی نیشتمانت، بیرنەچێ! 
سزادانی ستەمکار و تاڵانچیانی ٢٧ ساڵی رابردوو، سیاسییە بازرگانەکان و بازرگانانی سیاسەت، شەقوەشێنەکانی حیزب و، هەراجکەرانی شەنگال و کەرکوک و خورماتوو و مەخمور و سەدا پەنجاویەکی خاکی هەرێمی کوردستانت، بیرنەچێ!
سزادانی پاڵەوانە کورتبینە درۆزنەکانی ریفراندۆم و شکاندنی شکۆی هاوڵاتیانی کوردستان و کەرامەتی میللەتێکت لەبیرنەچێ!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی