ناڕازیم‌ و بەشداری لەهەڵبژاردندا دەکەم

06/05/2018

ئاسۆس هه‌ردی

بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە تا ئەم ساتەی ئەم دێڕانە دەنوسم، زۆر بە‌سستی‌و ساردوسڕی بەڕیوە دەچێت. هاوڕێیەکم پێی وایە ئەم “هێمنی”و ساردییە نیشانەی ئەوەیە حیزبەکان (بەتایبەت دەسەڵاتدارەکان) بۆیان دەرکەوتوە بە‌هاشوهوش‌و شەڕە پەڕۆو پەلاماردانی یەکترو یەکتر بێزارکردن هیچیان دەستگیر نابێت، بۆیە بانگەشەی ئەم جارە “هێمن”ە!

ئەگەرچی لەناخی دڵەوە هیوادارم ئەو بۆچونە راست بێت، بەڵام پێم وایە لەپاڵ گەلێک هۆکاری تردا، هۆکاری سەرەکیی ئەم ساردییە تۆرانی خەڵک‌و بێهیواییانە بەرامبەر پرۆسەی هەڵبژاردن‌و دەنگدان. کەم نین ئەو هاوڵاتییانەی دەڵێن “چەند ساڵە بەشداری لەهەڵبژاردندا دەکەین، بەڵام بارودۆخی ژیان‌و وڵاتمان نەک باشتر نابێت، بەڵکو بەردەوام بەرەو خراپتر دەڕوات…. حیزبەکان وەک یەکن‌و بێ بەڵێن‌و گەندەڵن… شەڕیان بۆ پلەو پایەو دەسەڵاتی خۆیانە، نەک ئێمە…هتد، کەواتە بۆ بچین بۆ دەنگدان؟”. 
 
لەراستیدا پاش ئەزمونی هەڵبژاردنەکانی رابردو، نابێ‌و ناتوانین ناهەقی خەڵک بگرین، بەڵام با دور لە‌توڕەیی کەمێک بیر بکەینەوە. کێن ئەوانەی توڕەو ناڕازین‌و نایانەوێ بچن بۆ دەنگدان؟ بە‌نەچونیان چییان دەستدەکەوێ؟ کێ لەم بێهیواییەی ئەوان قازانج دەکات؟ 

لەهەمو شوێنێکی دنیادا هەمیشە رێژەیەکی بەرچاو لەخەڵک لەبەر هەر هۆیەک بێت بەشداریی هەڵبژاردنەکان ناکەن، بۆیە ئەگەر لەشوێنێک رێژەی بەشداری لەسەدا شەست تێپەڕێنێت، بە‌سەرکەوتن‌و بەشدارییەکی گرنگی خەڵک لەقەڵەم دەدرێت. من قسەم لەسەر ئەم بەشەیان نیە. 

ئەوەی مەبەستی منە ئەو رێژەیەیە کە لەساڵانی رابردودا لەمەیدانەکەدا بون‌و ئێستا لەبەر بێهیوایی‌و بێ متمانەییان بە‌سیاسەتمەدارو حیزبەکان، نایانەوێ دەنگ بدەن. پێم وایە زۆرینەی هەرەزۆری ئەمانەی دوایی، خەڵکە ناڕازییەکەن. ناڕازی لەدۆخی ئێستا، لەقسەو کردەی دەسەڵاتداران، لەبەڵێنە بێناوەرۆکەکانیان، لەشکستە گەورەو بچوکەکەنیان، لەگەندەڵی‌و ناعەدالەتی… هتد. بەواتایەکی تر، زۆربەی هەرەزۆری ئەو ناڕازییانە خەڵکە ئاساییەکەن نەک ئەندام‌و لایەنگرانی حیزبەکان. ئەمانەی دوایی وەک ئیلتیزامێکی حیزبی هەر دەچنە سەر سندوق‌و هەر دەنگیش بەحیزبەکانی خۆیان دەدەنەوە. ئەگەر ئەوەشمان لەبیر بێت کە هەمیشە خەڵکی ناحیزبی زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدێنن، بەحسابێکی زۆر سادە بۆمان دەردەکەوێ بەشدارینەکردنی خەڵکی ئاسایی- ناڕازی، راستەوخۆ خزمەت بە‌حیزبەکان‌و بەتایبەت خزمەت بە‌حیزبە‌دەسەڵاتدارەکان دەکات. چونکە ئەو کاتەی ناڕازییەکان دەست لەمافی دەنگدانی خۆیان هەڵدەگرن، بیانەوێ یان نا، رازی دەبن بەوەی خەڵکە حیزبییەکە لەجیاتی ئەوان بڕیار لەسەر چارەنوسیان بدەن‌و سەرکردەکانی خۆیان بکەنەوە بە‌ئاغای مەملەکەت! رێژەی بەشداری کەم بێت یا زۆر، ئەوەی لەسندوق دێتە دەرەوە، بە‌بڕیارو ئیرادەی خەڵک لەقەڵەم دەدرێت، بەوانەشەوە کە ناچن بۆ دەنگدان. 

جگەلەوەش پێم وایە دیسان خزمەتێکی گەورەی حیزبە‌دەسەڵادارەکان دەکەین ئەگەر بڵێین هەمو حیزبەکان وەک یەکن‌و وەک یەک بەرپرسیارن لەم دۆخەی پێی گەیشتوین. زۆر بە‌کورتی هەر ئەوەندە بەسە لەخۆمان بپرسین ئەم هەمو ساڵە بڕیاری سیاسی، ئابوری، ئیداری‌و ئەمنی بەدەست کێ بوە، بۆ ئەوەی بزانین کێ بەرپرسیارە لەم وێرانەیەی ئێستا.

بۆیە هاونیشتمانیی بەڕێز، ئەگەر تۆش وەک من لەم دۆخە ناڕازیت، دودڵ مەبەو لەئێستاوە بڕیاری خۆت بدە. چونکە بەشداری نەکردنت، تەنها خزمەتی ئەوانە دەکات کە لێیان ناڕازیت‌و کوردستانیان بەم رۆژە گەیاند. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی