بۆچی پێویستە كورد لەكەركوك بەشداری هەڵبژاردن بكات؟

09/05/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

كورد لە كەركوك لە نیوە زیاترە ، دەنگدەری كوردیش بە تەنیا لە دەنگدەری توركمان و عەرەب پێكەوە زیاترە ، واتە دۆخی كورد لەكەركوك بەو شێوەیە وێران نیە كە هەندێك دەڵێن ، جگە لەوەش عەرەب و توركمانیش ئەوەندە بارو دۆخێكی باشیان نیە ، كورد لە كەركوك بە سەر حزبەكاندا دابەش بووە ، بەڵام توركمان و عەرەب بە سەر مەزهەب و حزبەكاندا ، باشە سەرەڕای ئەم خاڵە ئەرێنیانە بۆچی پارتی خۆی لە كەركوك دورخستەوە لە كاتێكا ئەوان كەركوكیان ناوناوە دڵی كوردستان و پارتیەكان دەڵێن كاتی خۆی مەلامستەفای بارزانی شۆڕشی  ئەیلولی لەسەر كەركوك دانا .

لە كەركوكدا زیاتر لە 900 هەزار دەنگدەر هەیە ، لەو ژمارەیە نیوەی كوردە ، من پێشتر ژمارەو داتاكانم بڵاو كردوەتەوە لە كەركوك كورد ئەم لیستانەی هەیە " یەكێتی ، نیشتمان ، سۆسیالیست ، یەكگرتوو، شیوعی ، نەوەی نوێ " ئەگەری زۆرە یەكێتی و نیشتمان كە پێكهاتووە لە كۆمەڵ ، گۆڕان ، هاوپەیمانی ، زۆر ترینی دەنگەكان بەرن ، بە تایبەت لیستی نیشتمان شانسێكی زۆری هەیە ئەم هەڵبژاردنە دەنگێكی باش بێنێ ، لە بەرانبەر ئەمانا 15 لیستی عەرەبی و توركمانی جیاجیا هەیە، كاندیدی بە هێزی نێو لیستە عەرەبی و توركمانیەكانیش بریتین لە " حەسەن تۆران ، ئەرشەد ساڵحی ، محەمەد تەمیمی ، خالید مەفرەجی ، وەسفی عاسی و ئەگەر ئیسماعیل حەدیدیش خەراپ نیە " بە پێی سانتلیگۆی هەموار كراو دوو لیستی نیشتمان و یەكێتی دەتوانن نیوەی 12 كورسیەكە بەرن ، ئەمە ئەگەر كورد بەشداری كارایانە بكەن .

لیستی نیشتمان وەك تاكە لیستی هاوپەیمانی و پێكەوەیی سێ لایەن جگە لەوەی چەند ناوێكی دیارو تازەو بە توانای تیایە بواری ئەوەشی لە بەردەمدایە زۆرترین دەنگە ناڕازیەكانی كەركوك ، خەڵكە دڵشكاوە كوردەكە، لە خۆی كۆبكاتەوە ، هەڵبەت هەم بۆ خەڵكی كەركوك هەم بۆ لیستەكە كاتەكە كاتێكی  گونجاوە ، ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا كورد بتوانێ 6 كورسی بێنێت كەواتە سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ كورد ، لە راستیدا ئەوەش دەكەوێتە سەر ئەوەی زۆرترین كورد ئەو رۆژە دەنگ بدات ، بە بڕوای من میدیای كوردی بە تایبەت میدیای یەكێتی و میدیای سێ لایەنەكەی نێو هاوپەیمانی نیشتمان كە سێ كەناڵی ئاسمانیان هەیە نەیانتوانیوە تا ئێستا وەك پێویست هانی خەڵكی كەركوك بدەن بۆ بەشداری كردن ، ئەو سەرنجە لە نێو لایەنەكانیشدا وەك رەخنەو گازندە بوونی هەیە ، پێشتریش من هەمان بابەتم وروژاند ، بەڵام وەك پێویست كاری لە سەر نەكرا .

ئێستا ئەگەر چی ماوەكە زۆر كەمی ماوە ، بەڵام دەكرێت ئەم ماوەكەمە بقۆزرێتەوە بۆ هاندانی كورد لە كەركوك ، بۆ ئەمەش رەنگە لانی كەم هەرسێ كەناڵەكە دوو بەرنامەی تایبەت بۆ كاندیدەكانیان پێكەوە لە شوێنێك رێكبخەن و جەماوەرێكیش ئامادە بن، ئەمە ببێتە هاندەرێكی باش ، لام وایە باشترین شوێنیش بۆ بەرنامەكان چیمەنی شەهیدان یان یەكێ لە باخچەكانی كەركوك بێت بۆنمونە باخچەی قەڵا .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی