ژن وەک قوربانی‌ سەرەکی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان

09/05/2018

سیڤان رەحیم

هەتا ئێستا كە سەدەی‌ 21 كە لە هەرێمی‌ كوردستان بەشداری‌ ژن لە كایەیی‌ سیاسی‌ رێگری‌ و هەورازو سەختی‌ زۆری‌ لەبەردەمدایەو نەتوانراوە گرنگی‌ بەو ڕەگەزە بدرێت تا بەشداری‌ كارا لەو پرۆسەیەدا بكات، لەم ساتەشدا و لەسەروبەندی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق لەنێو ململانێ چڕو ئاڵۆزەكان بەڕێژەیەكی‌ بەرچاو زۆرێك لە ژنانی‌ كاندید لە لیست و لایەنە جیاوازەكان دەكرێنە ئامانج، بەجۆرێك بڵاوكردنەوەی‌ وێنەو گرتەی‌ ڤیدیۆیی‌ ژنانی‌ كاندید خەریكە دەبێتە كلتورو دەردێكی‌ كوشندە لەنێو هاوڵاتی‌ عێراق و تاكی‌ كورد.

ئەم دیاردەیەش بۆ گەلی‌ كورد بەتایبەت و عێراق بە گشتی‌ شتێكی‌ نوێ نییە بەڵكو لە هەڵبژاردن و پێگە سیاسییەكانی‌ ڕابردوشدا بەردەوام بۆ هەلێك گەڕاون بۆ لێدان لە كەسایەتی‌ و شكۆی‌ ژنان و شكاندنی‌ لە كۆمەڵگەدا.

ئەمە هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی‌  بە دەیان رێكخراو كۆمەڵگەی‌ مەدەنی‌ لەژێر ناوی‌ بەرگری‌ كردن لە مافەكانی‌ ژنان كار دەكەن بۆ خۆ دەرخستن و بەیاننامە و ڕاپۆرت پێشكەشدەكەن، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا رۆڵیان نەبوە لە وەستاندنی‌ ئەو هێرش و دەستدرێژیانە بۆ سەر ژنان لە كایەی‌ سیاسی‌.

لەلایەكی‌ ترەوە لەكاتی‌ هەر دەستدرێژی‌ و پێشێلكارییەك دژ بە ژنان لەبری‌ گرتنەبەری‌ ڕێو شوێنی‌ یاسایی‌ بەسوڵحی‌ عەشاری‌ كێشەكە چارەسەردەكرێت وەك ئەوەی‌ لەڕۆژانی‌ ڕابردودا لە عێراق ڕویدا و گەنجێك لە ڕێگەی‌ ماچكردنی‌ پۆستەری‌ ژنە كاندیدێكی‌ لیستی‌ (النصر)ەوە سوكایەتی‌ بەو كاندیدە كرد، بەڵام لەڕێگەی‌ سوڵحی‌ عەشایەریەوە كێشەكە چارەسەركراو  و عەشیرەتی‌ كوڕەكە ڕەزامەندییان دەربڕی‌ بە پێدانی‌ (100) ملیۆن دینار بەعەشیرەتی‌ كچەكە و لە كۆتایشدا ئەمە بو بە هۆی‌ كشانەوەی‌ كچە كاندیدەكە لە لیستەكە، ئەوە جگە لە دڕاندنی‌ پۆستەرو وێنەی‌ ژنانی‌ كاندید و شێواندنی‌ وێنەكانیان.

ئەم بابەتە نەك تەنیا لە ئاستی‌ ناوخۆ بەڵكو لە ئاستی‌ نێودەوڵەتیش دەنگدانەوەی‌ زۆری‌ هەبو، یان كۆبیچ نوێنەری‌ نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراق، لە سەردانێكیدا بۆ هەولێر نیگەرانی‌ خۆی‌ لە بەئامانج گرتن و هێرشكردنە سەر  ژنان و كچان دەربڕی‌ و داوایكرد ئەو دیاردەیە بوەستێندرێت.

گرنگە زەنگی‌ هۆشیاری‌ بەگوێی‌ هەر تاك و گەنجێكی‌ كورد لێبدرێت تا ژنیش وەك هەر ڕەگەزێكی‌ تری‌ كۆمەڵگا مافی‌ بۆ بگەڕێندرێتەوە و وەك هەر مرۆڤێك پارێزگاری‌ لە شكۆو كەرامەتی‌ بكرێت.

هەر بۆیە پێویستە كاری‌ جدی‌ و بەپەلە بكرێت بۆ وەستاندنی‌ دەستدرێژی‌ و سوكایەتیەكان بە ژن و كچان و چیتر ئەوەندەی‌ باس لە (پرۆسەی‌ دیموكراسی‌) نەكرێت و وەك قەوان لێنەدرێتەوە بەڵكو بكرێتە كردەوە و رێوشوێنی‌ توندی‌ یاسایی‌ بگیرێتەبەر دژ بەو دیاردە قێزەونە لە رۆژهەڵاتی‌ ناوین، ئەو شوێنەی‌ زۆرترین رابەرو سەركردەی‌ ژنی‌ تێدا هەڵكەوتوە و ناویان لەمێژودا دەدرەوشێتەوە وەك (عەشتەروت، زەنوبیا، بەلقیس، سەمیر ئەمیس و زەكۆتۆ ) هەتا دەگات بە خانزادی‌ میری‌ سۆران و حەپسەخانی‌ نەقیب.

سیڤان رەحیم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی