كشانەوەی ئەمریكا لەرێككەوتنی ئەتۆمی ئێران

10/05/2018

سەردار عەزیز

یەكەم، ئەم رێككەوتنە لە سەر بنەمای ئەو دیدەوە هاتبوو كە ئەگەر باش بێت لە گەڵ ئێراندا ئەوا ئێرانیش باش دەبێت. ئەم دیدە زیاتر دیدێكی هەناو دیپلۆماسی ئەوروپیە، بەڵام ئۆباما زۆر نزیك بوو لە دیدی لیبرالی ئەوروپیەوە بۆ دیپلۆماسی، بۆیە هەوڵی بۆ ئەوە بوو كە چۆن لە رێگەی نەرم و چاكەوە ڕەفتاری ئێران بگۆڕێت. 

دوو، كێشەی ئۆباما ئەوەبوو كە ڕۆشنبیربوو. وەك ڕۆشنبیرێك زۆر ڕەهەندی ئاڵۆزییەكانی دەبینی و لە ئەنجامدا فشار و شەڕ و هێزی وەك بژاردەیەكی گونجاو نەدەبینی بۆ كۆتایی هێنان بە كۆمەڵێك كێشەی ڕەگدار و ئاڵۆز. لە هەمانكاتدا زۆر لە ژێر كاریگەری كەلتور و مێژووی ئێراندا بوو، بۆیە وەهای دەبینی كە لە داهاتوودا ئەمریكا و ئێران دەتوانن ئیدارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەن، بە شێوەیەكی باشتر، لە دۆستە عەرەبەكانی ئەمریكا. 

سێ، ترەمپ تەنها نیە، بەشێكە لە ئەو قوتابخانەیەی كە بڕوای وەهایە كە فشار و هێز ڕەفتاری نەیارەكان دەگۆڕێت نەك چاكە و نەرمی. ئەمە بە تایبەتی لە ئێستادا ترەمپ بڕوای وەهایە كە مامەڵەی ڕەقی ئەو لە گەڵ كیمی كۆریای باكور بوە هۆكاری گۆڕینی ڕەفتاری ئەو. لە ڕاستیدا ڕازی بوونی چین بە دانانی ئابلۆقە لە سەر كۆریای باكۆر هۆكاری سەرەكی گۆڕینی ڕەفتاری كیم بوو. 

چوار، بەرەی عەرب ئیسرائیل زۆر لە ئۆباما ناڕازی بوون و وەهایان بیردەكردەوە زاڵبونی ئێران دەرئەنجامی ڕەفتارەكانی ئەمریكایە، بۆیە دژ بە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران بوون. دیارە پاش رێككەوتنەكە ئێران زیاتر باڵادەستبوە لە ناوچەكەدا، ئەوان هەموو ئەم باڵادەستیە لە دەرئەنجامی ریككەوتنەكەوە دەبینن.

پێنج، وەك دەزانن، كە ڕێككەوتنەكە پرسی چەكی ئەتۆمی جوادكردبوەوە لە پرسەكانی تری وەك هەژەمۆنیەت لە ناوچەكە، چەكی تەقلیدی، پرسە نەرمەكانی تری وەك دیموكراسی و مافی مرۆڤ. ئێستا ئەمریكا و دۆستە عەرەب و جولەكەكانی دەیانەوێت ئەم پرسانە بهێننەوە ناو رێككەوتنێكی ترەوە. ئێران دەبێت رۆكێتی بالسیتی نەبێت و واز لە هاوكاری هێزە دۆستەكانی بهێنێت لە ناوچەكە و خۆی قەتیس بكات بە ناو سنوری خۆیەوە. ئەمە بۆ ئێران سەختە چونكە ئێران بڕوای وەهایە كە ئەگەر لە دەرەوە شەڕ نەكات ئەوا لە ناوەوە شەڕی پێدەگێڕن.

شەش، ترەمپ لە كشانەوەی یەكێك لە بنەماكانی تری سەردەمی ئۆبامای هەڵوەشانەوە، ئەویش ئەمریكا بە هاوكاری لە گەڵ ئەوانیتردا ئیدارەی دونیا دەكات. كشانەوە ئەمریكا دەخاتە ژێرفشار دۆستەكانیەوە، وەك لە سەفەری سیاسیە ئەوروپاییەكاندا بینیمان بۆ ئەمریكا. بەڵام ترەمپ دەیەوێت ئەمریكا وەها پێشان بدات كە ناكەوێتە ژێر فشاری كەسەوە. تەنها كاتێك هاوپەیمانی دەكات كە ئەوانیتر لە گەڵیدا هاوڕابن، نەك ئەمریكا لە بچێتە سەر ڕای ئەوانیتر. ئەروپاییەكان لە بەردەم دوو بژاردەدان: یەكەم، دەركردنی یاسای نوێ كە ڕێگە بە كۆمپانیا ئەوروپیەكان بدات سەرباری ئابلۆقەی ئەمریكی كار لە گەڵ ئێراندا بكەن، بە دڵنیایەوە ئێران هەوڵی ئەمە ئەدات لە گەڵ ئەوروپیەكاندا، لە لایەكی ترەوە ڕەنگە ئەوروپیەكان هەوڵی ئەوەبدەن كە ئەمریكا ڕازی بكەن كە بە كردار بڕیارەكانی جێبەجێ نەكات. دیارە ئەوروپاییەكان پەیوەندی خۆیان لە گەڵ ئەمریكادا تێك نادەن بۆ ئێران.

حەوت، ترەمپ كشانەوەكەی پێشخست لە بەر كۆریای باكور. لە كاتی قسەكردنی ترەمپدا پۆمپیو لە ئاسماندابوو بۆ سەردانی كۆریای باكور، پێش گەیشتنی پەیامەكە گەیەنرابوو. هەرچەندە یەكێك لە ڕەخنەكان لە ترەمپ دەگیرا ئەوەبوو ئەگەر ئەمریكا لە رێككەوتنی ئێرانی دەكشێتەوە ئەوا چۆن كوریای باكور باوەڕی پێبكات كە لەگەڵیدا رێكبكەوێت، بەڵام بڕیاری كشانەوەكەو گەیشتنی پۆمپیو ئەو ڕەخنەیەی پوچكردەوە.

هەشت، ئێران وەها هەوڵ ئەدات كە دەیەوێت بەرگری بكات. چەند ڕۆژێك لەمەوپێش زەریف لە یوتویب لێداوانێكی بڵاوكردەوە تێكەڵەیەك بوو لە هەڕەشە و پاڕانەوە. بەڵام ئێران بژاردەی كەمە، چونكە نایەوێت پاڵپستی ئەوروپی لە دەست بدات، هەتا پەرچەكردار مامەڵە بكات ئابوریەكی زیاتر دادەتەپێ، ڕەنگە دڵیشی بەئەوە خۆش بێت كە ئەمریكا بە ئاسانی ناتوانێت رێگری بكات لە كڕیارانی نەوتی ئێران واز لە كڕینی نەوتی ئێران بهێنن. 

نۆ، ئەمە سەرەتای شەڕێكی ساردە، كە ئابلۆقە و رێگری و فشار و میتۆدی تر دژ بە ئێران بەكاردێت. ئایا ئێران لە بەرامبەردا چیدەكات؟ ئابلۆقەكانی بە گشتی پایزی ئەمساڵ جارێكی تر دەسەپێنرێنەوە. 

دە، ترەمپ گەرچی ئەم ململانێیەی دەست پێكرد بەڵام نایەوێت پارە و سەربازی ئەمریكی تیادا بەكاربهێنێت. ئایا پارەی كەنداو و سەربازی میسری و چەك و تەكنەلۆجیای ئەمریكی دەتوانن ئەم ململانێیە بەڕێوەبەرن؟

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی