ئەمریكا بۆ لەڕێككەوتنی لەگەڵا ئێراندا كشایەوە

10/05/2018

یاسین نادر ڕەحمان

لە مانگی جانیوەری 2015ەدا، پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە بریتی بوون لە (بەریتانیا، چین، فەڕەنسا، ڕوسیاو ویلایاتی یەكگرتووی ئەمریكا) + ئەڵمانیا، بە ڕێكەوتننامەیەكی ستراتیجی مێژوویی لەگەڵ ئێراندا گەیشتن كە تیایدا دروستكردنی چەكی ئەتومی زیانبەخشی لە ئێراندا ڕێگری لێ دەكرد، لەگەڵ ئەمەشدا بەپێی ئەم ڕێكەوتنە دەبوایە، گەمارۆ ئابوورییەكان لەسەر ئێران هەڵبگیرایا، كە ئەمەش گەڕانەوەی ملیارەها دۆلاری بۆ ئێران بەدواوە دەبوو و  دەرگای ئەم وڵاتەی بەڕووی دونیای سەرمایەدانەری دونیادا دەكردەوە.
    
بەرنامەی گشتگیری هاوبەش كە ئێرانییەكان گووتەنی(برجام) بەهۆی ئەنجومەنی ئاسایشەوە قبوڵكراو تا بەرەو یاسایەكی نێو دەوڵەتییە پەلی هاویشت و چاودێرانی ئاژانسی ئەتۆمیش بەرپرسی پابەندبوونەكانی ئێران لەمبارەیەوە كران.
     
هەرچەندە ئەمە لەوكات و ساتەدا لە سەردەمی سەرۆكایەتی ئۆبامادا قبوڵكرا، بەڵام كۆماریخوازەكان لە كۆنگرە هەر لە هەوڵی لابردن و كەنسیڵ كردنی ئەم ڕێكەوتننامەیەدا بوون. 
    
ئیتر هەلومەرجی ئەم ڕێكەوتنە پەیوەست بە پابەندبوونی ئێران لەم ڕێكەوتننامەیەو لانەدان لێی و شەفافیەت بە كوورتییەكەی بوو، كە چیدی وا هەستدەكرێت ئەم ڕێكەتننامەیە بە ڕای كابینەی نوێ ئەمریكا بە سەرۆكایەتی نوێوە لە لایەن ئێرانەوە بە فەرامۆشكراو و لادەر لێی تەماشا دەكرێت، ئەگەر لەكاتی قۆناغی واژووكردنی ئەم ڕێكەوتننامەیە، ئەگەر ئەوكات تاڕادەیەك دۆخی نالەباری شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵات نەبوو، لە ئێستادا شەڕو ئاژاوەگەلێك دونیای دەوربەری حكوومەتی ئێرانی تەنیوە كە ڕاستەوخۆ تیایدا ئێران بە تەداخولكردنی سەیر دەكرێت، چوونكە ئەم وڵاتە بە بیانووی هاوكاری ئاشتیخوازییەوە وا لێكدانەوەی بۆ دەكرێت شەڕخوازی لە ناوچەكەدا دروست دەكات و  شەڕە نەگریسەكان لە خۆی دوور دەخاتەوە. 
    
ئەم تەداخولكردنە تا ڕادەیەكیش بووە كە هاوپەیمانەكانی ئەمریكای لە عێراق و وڵاتانی تر بە كوورتی دوور خستووەتەوە، ئەمەش نەك نادیدە لە ڕوانگەی ئەمریكاوە نایەتە بەرچاو، بەڵكوو هەمیشە مەترسیی كردەوەی تیرۆری دونیای شیعەشی لێ بەدی دەكرێت كە هەموان ئێران لە هاوكاری ئەم جۆڕە شەڕخوازیانەو هاوكاریكردن لە تەشەسەندنی گروپگەلی تیرۆری دەدەن.
    
ئەگەر لەم ماوەیەی سەرۆكایەتی و كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكی تازەی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ورد ببینەوە، ناڕەزاییەكانی ئەم سەرۆكە پێش بوونی بە سەرۆك لەكاتی بانگەشەكانی سەرۆكی ئەمریكادا، هەڕەشەو بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی ئاوا ڕێكەوتنێكیی لەگەڵ ئەم وڵاتەدا دەست پێكرد و ئەوەی بە هەموان لە ئەمریكا گەیاند یەكێك لە هەڵە ستراتیجیەكانی دەوڵەتدارێتیی ڕابردوو داننان بە ڕێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بووە كە دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە، چوونكە ئەوان لە ماوەی سالانی ڕابردووشدا بێت بەم چەكە گەیشتوون و ڕۆژێك دێت لە دژی مرۆڤایەتی بە كاری دێنن و چالاكییەكان لەم بوارەدا گەشە پێدەدەن.
    
ئەوەی ئاماژەم پێكرد دەست خستنە ناو كاروباری سیاسیی وڵاتانی دەوروبەر بە تایبەت عێراق و سوریا و هاوكاریكردن حیزبوڵای لوبنان و گروپە شیعەكانی یەمەن و ئەوانیتر لە لایەن ئێرانەوە بوو، كە ئەمانە لە دیدی ئەمریكادا ئاوازێكی خراپیی لە كابینەی دوناڵد ترەمپ بۆ هەموان پیشانداوە، بەتایبەتیش دەستێوەردانە سەربازییەكانی ئەم وڵاتەو ڕاستەوخۆ هاوكاریكردنی جەمسەرەكان و گروپە تیرۆرییەكان لەم وڵاتانە، كە دەبوایە لەم دۆخەدا ئەمریكا لە پاڵ ڕاگرتنی چالاكییە ئەتۆمیییەكان بیر لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنی ساڵی 2015و كەم چالاك كردنی سوپاو سەرەڕۆیەكانی بكاتەوەو ئەم هەنگاوانەی بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ بگرێتە بەر:

- ئەمریكا هەر لە زووەوە گووتویەتی ئێران و چەند وڵاتێكیی تر پاڵپشتی تیرۆری نێودەوڵەتی لە جیهاندا دەكەن، كە ئەبێت چالاكییەكانیان ڕابگیرێت، ئەوەشی ڕوونە سوپای ئیران تا ڕادەیەك لەمەوبەریش هەر گەمارۆدراو بووەو زۆر لە شەریكەكانی ئەوروپا ئیجازەی كڕین و فرۆشتن و مامەڵەی بازرگانییان لە گەڵ سوپاو شەریكەكانی پەیوەست بە سوپای ئێرانیان نەبووە و بگرە لە ئەگەرێكی كاری واش ئەو شەریكانە بە تاوانبار لە لایەن ئەمریكاو هاوپەیامەكانی لە قەڵەمدەران و غەرامەی لە ڕادە دەكران،  كە بەشێكی زۆری ئەم سەوداو مامەڵە كردنەكانەش لە بوونی كەرەستەو ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوشێوەكانیدا بووە. 

- لە لایەكی ترەوە سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەدا لە ڕابردووشدا نەبووەو ئێستاش ئەم بڕیارە ئەگەرو مەگەرەكانی زۆرە، بەڵام هەر پشتیوانیكەرێكی سەرەكیی لە تیرۆر سەیركراوەو هەردەم لە ژێر وردبینی و چاودێری تەواو دایە.

- بە نسبەت فایلی ئەتۆمیشەوە ئێران هەردەم نەیتوانیوە ڕەزامەندی ئەمریكاو هاوئاوازەكانی بە دەست بێنێت، ئەمە هەر لە ئان ساتدا بووە كە ئەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیە ڕوو بدات، هەرچەندە گەمارۆكانی پێش ڕێكەوتنی ئەتۆمی قۆناغ بە قۆناغ بووە و ئاسەواری لە لاوازی ئابووری ئێران هەر ماوە، بەڵام لە داهاتووشدا ڕەنگە مەترسیی گەمارۆیی ئابووری ئێران بەم هەڵوەشاندنەوەی ئیٍستای ڕێكەوتننامەكان و سنوورداركردنی بواری سەربازێتی و هێزداری ئەم وڵاتە، هەمدیسان بە دۆخی ناسەقام و نەخوازراو ئەو بگەیەنێت كە لە خواستیی ئێرانییەكاندا هەر نییە.

- ئەمریكا هەر چییەك بووەو ڕوویداوە لە ئێستادا هەروەك لە زاری ترەمپەوە بیستمان لێی پەشیمانەو بگرە بە هەڵەی ڕابردووی ئیدارەی ئۆبامای دەزانێ و سازشی زیاتری لەسەر ناكات، گەرچی ئەمە وا دەردەكەوێت ناڕەزایی هەندێك وڵاتیتری بەشداری ڕێكەوتنەكەی لێ بكەوێتەوە، بەڵام زۆرینەی ئەوان لەبارەی ئێرانەوە چاو لە سەر بڕیارەكان ئیدارە و كۆنگریسی ئەمریكان كە لە ئێستادا پەشیمانبوونەوەی لەم ڕێككەوتنەی داوە. ئێرانیش پاش ئەم بڕیارەكەی ترەمپ لە زاری سەرۆك وڵاتەكەی (ڕۆحانی) پاش چەند كاتژمێرێك لە بڕیارەكەی ترەمپ، ئەو گووتی: ئێمە چاومان لە ئەندامەكانی تری پابەند بوو لە یەكێتی ئەوروپا بەم ڕێكەوتنەكەیە تا بزانین دوا هەڵوێستی ئەوان لەمبارەیەوە چ دەبێت و ئەگەرەكان زۆرە هێشتاكە یەكێتی ئەوروپا لەمبارەیەوە بڕیاری بەپەلە نەدات و ئەوان تا ئێستاكە بە پێچەوانەی ئەمریكاوە ئێران بە پابەندبوو بە (بەرجام) دەزانن.
 
    لە ئێستاشدا ئێران لە بەس بژاردەی سكاڵاكردن لە كومیسیۆنی هاوبەشی وڵاتانیی لەمبارەیەوە ماوە تا دوا بڕیاری یەكلایی خۆی بدات كە ئەویش ماوەی نزیكەی مانگێك ئیجماعی ڕایی وڵاتانیی دەوێت تا وەڵامی یەكلاكەرەوەی وڵاتانیی تری ئەندام بزانێت و ببیستێت.

- ئەم پاشگەزبوونەوەی ئەمریكا لەكاتێكدایە، لەماوەی ڕابردووشدا لە بارەی ڕێكەوتنی دوو كوریا (باشوور و باكوور) ئەوەی ڕاگەیاند، هێشتا ڕێكەوتنی ئەوانیش جێی گوومانەو هێشتاكە ماوە لەبارەی ئەوانیشەوە بڕیاری چاكە یا هەڵوێستگرانە بدرێت.
                                          
    بە نسبەت كوردستانی پاش ڕیفراندۆمیشەوە:
ئەوە بە ڕوونی دیارە لە ئێستادا سوپای پاسداران باڵی بەسەر گروپە شیعییەكان بەتایبەت  لە عێراقداو هەندێك باڵی حیزبیی حیزبەكانی كوردستاندا كێشاوەو بە هەر جۆرو نرخێك بێت ئەمریكا لێرەش دەیویست بەم بڕیارانە چالاكییەكانی ئێران لە عێراق و كوردستانیشدا كەمبكاتەوەو ڕێو شوێنە جدییەكان لەبارەی ئێرانەوە بگرێتە بەر، چوونكە لە ئێستادا هاوپەیمانەكانی وەختە لەم سەری دونیاشەوە كە بەرژەوەندی بەهێزی ئابووری لەگەڵیاندا هەیە، وەختە بەهۆی ئێرانەوە وا لە دەستدەدا، بۆیە هەموو ئەگەرەكانی سەرەوە هەر لە تیرۆردانانی سوپاو گەمارۆدانی و مامەڵەكردنی جیهانی سەربازی لەگەلی و هەڵپەساردنی ڕێكەوتنیی ئەتۆمی و  بێ هێزكردنی پێگەی لەم ناوچانەش كار و هەنگاوێك بوو كە كاری  بە جدییەتی لە ڕابردوودا لەسەر كرد و جێبەجێكردنی كرداریی لە ئێستادا بەم بڕیارەی كۆتایی بەدوای خۆیدا هێنا.

یاسین نادر ڕەحمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی