تەقەی بێ‌ ئاكاری

13/05/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

1
ئەو تەقانەی شەوی رابردوو لە تەك ئاكارو رەوشتی مرۆڤدا یەك ناگرنەوە ، ئەوە نەدەربڕینی خۆشیە نە نیشانەی سەركەوتن ، ئەوە جۆرێكە لە گەمژەیی ، گەمژەیی بەو مانایەی من بە زەبری چەك بردومەتەوە ، ماناكە وایە سەرچاوەی تەقەكردن بۆ دەربڕینی خۆشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەرەبەگایەتی نێو خێڵە دواكەوتەوەكانی عەرەبی عێراقی گوایە لە ئاهەنگی هاوسەر گیریدا ئەوەیان دەكرد ، مرۆڤی خاوەن ئاوەز ئەوەندە خۆی سوك ناكات ، بەر لە هەر كەس دەبێ‌ مەلابەختیار رەخنە لەو جەهلە سیاسیە بگرێت ، چونكە بانگەشەی سۆسیال دیموكرات و دابڕان بە تەقاندنی ئاربیجی نابێت .

2
من نازانم بە وردی ئاكامی كۆتایی چۆنە ، بەڵام مرۆڤ یەك كەم ئاوەزی بە كار بێنێ‌ ، دەزانێ‌ ئەو ئەنجامانە گوماناوین ، خەڵك چووە ، یان نا ئەوە كێشەكە نیە ، كێشەكە ونبونی دەنگ و گۆڕینی دەنگە" وەك لایەنەكان دەڵێن " ، ئەمە چۆن كراوەو بەچی نازانم ، هەموو ئەوانەی بە ساختەو گزی لە شوێنێكدا سەردەكەون لە شوێنێكی ترو كاتێكی ترا بە چۆكا دێن ، ئەمە لە من وەربگرن .

3
كۆی پرۆسەكە لە سەرتاسەری كوردستان گوماناویە ، ئەوانەی بە ئێمەیان وت ئەم ئامێرانە بە هیچ شێوەیەك رێگە بە گزی و ساختە نادەن ، ئێستا ناكرێ‌ قسەیەتر بكەن ، ئەم ئەنجامە بەو جۆرە بڕوات یان نا ، ناكرێ‌ ئەو ئامێرانە لە ئایندەداو بۆ هەڵبژاردنی دیكە پشتیان پێ ببە سترێت، ئەگەر گومانەكان راست بن ،كۆی پرۆسەكە بە هۆی ئەو ئامێرانەوە ، پرۆسەیەكی ناشرین و ئابڕووبەرانەیە پێمان خۆش بێت یان ناخۆش .

4
من نازانم ئەم هاك و شتە چەند راستە ، ئاخر بە قسەی كۆمیسیۆن ئەوە زۆر ئەستەمە ، ، گرنگ ئەوەیە لە هەر خەسارەی عەقڵێ‌ وەربگرین ، بۆ من ئەوەی كە زۆر گرنگە سەركەوتنە لە كەركوك هەرچەند وەك خۆم رەنگە حەزم كردبێت كەسانێك سەربكەون و دەشێ‌ ئەمجارەش ئەو حەزەم لەبار چوبێ‌ .

5
دوازدەی پێنج بوبە مێژوو ، باوەڕناكەم هیچ لە مەسەلەكە بگۆڕێت ، ئێ‌ دیارە خەڵك نایانەوێت ریزەكە تێكچێت.

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی