ئایا سیستەمی دەنگدان هاك دەكرێت؟

13/05/2018

سەردەشت عەزیز

بەڵێ، دەكرێت سیستەمی دەنگدان هاك بكرێت، وەك هەموو سیستەمێكی دیكە، دەكرێت سیستەمەكە هاك بكرێت، بەڵام ئەم حاڵەتەی ئێستا لەكوردستان كێشەی دروست كردوە، هێندە دەسكاری زانیارییە لەهەناوی ئامێرەكەوە هێندە هەوڵێكی دەرەكی نیە، واتە لەدەرەوەی پرۆسەكەوە نەهاتوە وەك ئەوەی كەروسیا لەهەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا كردی، چونكە ئەم هەوڵە گەر كرابێت هەوڵ دەرەكی نیەو خاوەن ئامێر كردویەتی…گەر وڵاتێكیش ئەم كارەی كردبێت بێگومان زانیاری تەواو یان ئامێرەكەی لابوەو پرۆگرامی بۆ كراوەو، ئەگەری ئەوەی كەلەدورەوە كۆنترۆڵی كردبێت ئەگەرێكی لاوازە بۆ ئەم حاڵەتەی كوردستان، چونكە گەر وابوایە لەتەواوی عێراقدا دەسكاری دەكرا.

پێویستە لایەنە ناڕازیەكان داوای چی بكەن؟
یەكەم: بەپێی ئەو قسانە بێت كە لایەنی ناڕازی هەڵبژاردنەكان دەیڵێن كە جیاوازی هەیە لەنێوان دەنگ بەژماردن و دەنگ بەدەست و وە ئێستا داوای ژماردن بەدەست دەكەن، لەبری ئەوەی داوای ژماردن بەدەست بكەن دەتوانن داوای ئەوە بكەن پرۆگرامی ئەو سندوقانە دوبارە (reset) بكرێتەوە واتە سفر بكرێتەوەو دوبارە بەرنامە دابەزێنرێتەوە سەر سندوقەكان بەو شێوەیە داتا كۆنەكان دەسڕێتەوە، ئەم دابەزاندنی بەرنامەش بۆ لایەنی دابینكەری ئەو ئامێرانە زۆر ئاسانە….

ئەم دەسكاریە چۆن كراوە؟
گەر دەسكاری دەنگدان كرابێت وەك لایەنە ناڕازیەكان بانگەشەی بۆ دەكەن چەند ئەگەرێك هەیە:
یەكەم: دەكرێت بەبێ پرۆگرامی زیادەو پێش وەختە، تەنها لە رێكخستنی ئامێرەكەدا دەسكاری دەنگدان بكرێت و ئەنجام دەسكاری بكرێت بەڵام بەمەرجێك ئەو ئامێرە ئەو تایبەتمەندیەی هەبێت.

دووەم: پێش وەختە ئەم ئامێرانە پرۆگرام كراون و دواتر براون بۆ بنكەكان…ئەم حاڵەتەش لەڕوی ئایتیەوە دەكرێت واكرابێت چونكە لەبەرئەوەی ئەم ئامێرە پێشوتر پرۆگرام كراوه، كەواتە‌ دەشتوانرێت دوبارە پرۆگرام بكرێت. چونكە ئەم ئامێرانە میمۆریان هەیەو توانای هەڵگرتنی زانیاریان هەیە.

سێیەم: گەر ئەم كارە بەپرۆگرامی پێش وەختە كرابێت، ئەو لایەنانەی كردویانە بەدڵنیاییەوە تایبەمەندی ئامێرەكانیان لابوەو زانیویانە ئەم ئامێرە چۆن كاردەكات و ئەو ڕێگانەیان زانیوە كەدەكرێت چۆن دەسكاریەكە بكەن، بۆیە دەكرێت دەسكاری دەنگدان بكرێت لەڕێگەی پێچەوانە كردنەوەی دەنگی لیستەكان واتە دەنگی لیستێك بۆ لیستێكی دیكە بچێت، بەمەرجێك ئەم ئامێرە ئەو تایبەمەندیەی هەبێت.

سێیەم: یاخود دەكرێت بەپێی رێژەی سەدی كرابێت كە لەسەد كەس رێژەیەكی بۆ لایەنێك بێت.

چوارەم: دەكرێت دەسكاریكردنەكە بەژمارە بێت واتە هەر لەسەرەتاوە دیاری كرابێت لایەنێك چەند دەنگی هەبێت بەڵام ئەمەیان كەمێك دورە لەئەگەرەوە چونكە لایەنەكان نەیانزانیوە چەند كەس دەنگ دەدات تاوەكو بەو ڕێژەیە دیاری بكەن.

پێنجەم: رێگایەكی دیكە لەگۆڕانكاری زانیاریەكان ئەوەیە كە لەڕێگەی دورەوە(remote access) بچیتە ناو بنكەی سەرەكی كۆمیسیۆن و دەسكاری داتاكان بكات بەڵام ئەمەیان ئەگەرێكی زۆر زۆر لاوازە چونكە هێشتا دەنگ نەگەڕابوەوە بۆ بەغدا لایەنەكان هاواریان لێ هەستا، وە هەروەها كۆمیسیۆن دوێنێ رایگەیاند كە بنكەی سەرەكی پارێزراوە، وە لەحاڵەتی روودانی ئەم ئەگەرەشدا دۆزینەوەی بۆ كەسانی تەكنیكی ئاسانە بۆ نمونە لەڕێگەی (log file)ەوە كە سەرجەم زانیاریەكانی ناو بنكەكەی تێدایە و دەتوانن بزانن، چۆن و كەی دەسكاری زانیاری كراوە بەڵام وەك وتم ئەم ئەگەرە بۆ ئەم رداوە دوورە.

شەشەم: دەكرێت هەر بەهەمان شێوازی خاڵی چوارەم لەڕێگەی دورەوە (remote access)ەوە كەسێك(هاككەرزێك) بێتە نێوان لایەنی نێرەر كە بنكەكەیە لەگەڵ لایەنی وەرگر كە كۆمیسیۆنەو دەسكاری ناو پاكێتەكان (packet) كرابێت كەئەمەش ئەگەرێكی دوورە چونكە وەك وتمان پێش ئەوەی دەنگ بڕاوتەوە بۆ بەغدا ئەم حاڵەتە رویداوە.

حەوتەم: دەیان و سەدان رێگەی تر هەیە كە دەكرێت ئەم دەسكارییەی پێ بكرێت بەڵام پشت دەبەستێت بەتایبەتمەندی ئامێرەكەو پێشكەوتویی ئەو لایەنەی كە كردویەتی و بۆیە زۆر قورسە بڕیار بدەیت بزانیت كام رێگەیەیان بەكارهێناوە بۆ دەسكاریكردن بەبێ بەڵگەی تەواو.

دەبوو لایەنەكان پێش دەنگدان چیان بكردایە؟
لەبەرئەوەی دەنگدان پرۆسەیەك بوو تەكنۆلۆژیای تێدا بەكاردەهات دەبوو لایەنەكان تیمی ئایتیان هەبووایەو هەموو لایەنه بەهێزو لاوازەكانی ئەو ئامێرانەیان لەبەرچاو بگرتایە كاریان لەسەر بكردایە، وە باشتربوو سەرەتای رۆژ بەبەرچاوی هەموو نوێنەرەكانەوە بەرنامەی سەر ئامێرەكانیان تێست بكردایەو كۆپیەكیشیان لێ رابكێشایە بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو داتاكان سفرە لەسەرەتای رۆژدا، چونكە گەر پێش وەختە پرۆگرام كرابێت بەو شێوەیە دەكرا دەربكەوێت.

بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی خەڵكی ئایتی قسە بكات، لەبەر پەرلەمانتارو چالاكوان لایڤ بەرنەدەكەوت و وەكو هەموو بابەتەكانی دیكە قسەی بێماناو سەرنج راكێشیان دەكرد بەس بۆ هێنانی لایك…

كۆتایی:
بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە گەر ئەم دەسكاریە راست بێت، ئەوا دەكرێت لەڕێگەی بەرنامەی پێشوەختەوە كرابێت و رێژەكان دیاری كرابێت ئەویش بە بەپێچەوانەكردنەوەی دەنگی لیست یان بەڕێژی سەدی دەنگدان.

تێبینی: لەم نوسینەدا‌ لەروی زانستیەوە باسی شتەكان دەكەم و كەسیش تۆمەتبار ناكەم و دەنگم بۆ هیچ لایەنێكیش نەداوە، هەروەها بەشێوەیەكی گشتیش نوسراوە چونكە گەر بۆ ئامێرێك تایبەت بنوسرێت دەبێت پێش وەختە توێژینەوەی لەسەر بكرێت.

سەردەشت عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی