بۆئەوەی دەنگی تەقە جێگەی دەنگی دەنگدەر نەگرێتەوە

13/05/2018

كاوە محەمەد

جارێكی دیكە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و  یەكێتی)  سەلماندیانەوە كە بوون و مانەوەی ئەوان بەندە بەساختەكاری و خیانەت و تاڵانی، ئەگەرنا  هێندە ناشیرین و بچووك بوونەتەوە كە هەردوولایان بەیەكەوەش ناتوانن بەقەدەر بزووتنەوەی گۆڕان پێگەی سیاسی و پەرلەمانیان هەبێت..

هەر بۆیەشە ئەوان لەجیاتی چاكسازیكردن لەناوخۆی حزبەكانیان و لەسیستمی سیاسی و ئیداری هەرێم، پەنا بۆ بێ نرخكردنی دامەزراوە شەرعیەكان و بێ بایەخكردنی یاسا و ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان دەبەن، بۆئەوەی خەڵك لەدیموكراسی و هەڵبژاردن و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بێ ئومێد بكەن و درێژە بە سیاسەتی تاكڕەوی و خۆسەپاندن بدەن، ئێستا و دوای دەركەوتنی ئەو ساختەكارییە گەورەیەی لەهەڵبژاردنەكانی دوێنێ ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا كردوویانە، ئەم بێ ئومێدییەی خەڵك لەهەموو كاتێك زیاتر سەردەكێشێت بۆ بەلاڕیداچوونی پرۆسەی سیاس لەهەرێم و سەرەنجام هەڕەشە لەئەمنیەتی هەرێم دەكات، چونكە كە خەڵك لەوە بێ ئومێد بوو كە لەرێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانكاری لەوڵاتەكەیدا بكرێت، ئەوسا تەقینەوەی جەماوەری لەبەر دەرگادا دەبێت و پەنا دەبرێتە بەر راپەڕین و شۆڕش و نەزعەی پێكهێنانی گروپی چەكدار زۆر بەهێز دەبێت.

بۆیە ئەوەی ئێستا گۆڕان و لایەنە سیاسییەكانی دیكە (كۆمەڵ و هاوپەیمانی و یەكگرتوو) داوای دەكەن و پێداگری لەسەر گەڕاندنەوەی دەنگە دزراوەكانی خەڵك دەكەن، بۆ ئەوەیە كە ئومێدێك بۆ خەڵك  بگەڕێتەوە كە دەكرێ و دەتوانرێ لەرێگەی هەڵبژاردنەوە سزای دەسەڵاتدارە گەندەڵەكان بدات و ژیانی خۆیشی بگۆڕێت، بەپێچەوانەوە دەنگی تەقە جێگەی دەنگدەر دەگرێتەوە..

كاوە محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی