قسەیەكیش بۆ دز

14/05/2018

لەتیف مستەفا شێخ ئەمین

زۆر باسی تەزویری ڕێكخراوو گۆڕینی دەنگەكان دەكرێت ، من ناڵێم تەزویر نەكراوە بەڵكوو تەزویرێكی باش و ڕێكخراویش كراوە ، بەڵام دابەزینی دەنگەكانیش چاوەڕوان كراوبوون ، لەبەر ئەم ھۆكارانە .

١- بەشداری گردنی لاواز لەدەسەڵاتێك بەلاوازی و لەڕێی كاراكتەری لاوازەوە، كە ئەدایان لە كاراكتەرەكانی دوو حیزبەكە خراپتر نەبووبێت باشتر نەبوە، سەرەڕای ھەڵگەڕانەوەی ھەندێكیان كە پێشتر دەزانرا لەوجۆرەن بەڵام ھەر دانران ، زیاد لە چوار جارو لە چوار دانیشتنی جیاجیادا لەگەڵ ڕەوانشاد و بە ئامادەبونی كەسانێكی جیا جیا ، زۆر دژی بەشداری كردنی دەسەڵات بوم و پێم وابوو ئەوە ھەڵەی ستراتیجی كوشندەیەو زەربەی گەورەش لەداھاتوی بزوتنەوەكەش دەدا یاڵام گوێمان لێ نەگیراو فشاری پۆست خوازان زاڵتر بوو، بۆیە من لەوساوە ھەڵوێستم وەرگرت.

٢- پێكھێنانی دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردنی بزوتنەوەكە تەنھا لە پاسەوانی كۆن ، كە كاریگەری ھەبوو لە تەحجیم كردنی بزوتنەوەكە ، كاتی خۆی قسەمان لەسەر كرد چی بە نوسین یان بە چاوپێكەوتن لە تەلەفیزۆنی ئێن ئارتی .

٣- دوبارە خۆكاندید كردنەوەی ئەوانەی پێشوو ، وێنایەكی وای دروست كرد لای دەنگدەر كە ئەمانیش وەك حیزبەكانی تریان لێھاتوەو پۆستەكان بۆ چەند دەموچاوێكە ، بە تایبەتی كە ئێستا پەرلەمانتاری لە بەغدا ئیمتیازاتی زۆرە ، ئەوەندە مەغرور ببون پێیان وابوو تەواو خەلك بەھەموو شێوەیەك دەنگیان ئەداتێ ، ڕێك وەك پارتی و یەكێتی، كاتێك ئێمە بابەتێكمان لەسەر ئەوە نوسی و وتمان ئەوە پێچەوانەی میراتی نەوشیروان مستەفایە ، ئەوانەی ئەم وتارە لەبەرژەوەندیان نەبوو ،نوسەریان بەكرێ گرت چەندین تۆمەتی بێ بنەمایان بۆ ھەڵبەستم ، كە گوایا من بۆیە ئەو وتارەم نوسیوە چونكە داوای كاندیدبونەوەم كردوە بەڵام ڕازی نەبوون كاندیدم كەنەوەو شتی زۆر قێزەونتر كە تا ئێستا یەكێتی و پارتی تۆمەتی وایان بۆ ھەڵنەبەستوم. 

٤- دەنگدان بە یاسای ئیمتیازات و خانەنشینی پەرلەمانتاران وەك حیزبەكانی دەسەڵات.

٥-لە ئەنجامی ئەوانەی سەرەوە خەڵكێكی زۆری ناڕازی كە دەنگدەری ئۆپۆزسێۆن بون بە تایبەتی بزوتنەوەكە بڕیاری بایكۆت كردنی دەنگدانی كرد ، ئەوانە ھەمویان وەك ناڕەزایەتی و بێ ئومێدبون لە ئۆپۆزسێۆن بایكۆتیان كرد نەك دەسەڵات ، كە نزیكەی ٢٠٪‏ ی دەنگدەران بوون ، چونكە ئیدی لەدوای ٢٠٠٩ دەنگدەرانی دەسەڵات كە بە پارەو ئیمتیازات لەگەڵ دەسەڵاتن یەكلایی بونەوەو لەھەموو بارێكدا ئەوان دەنگ بە پارەو ئیمتیازاتی خۆیان دەدەن ، ئەوانەش ڕێژەیەكی زۆری دەنگدەرانن.

 ئێمە لە ئەنجامی تێكەڵیمان و گفتوگۆ لەگەڵ خەڵكی ناڕازی زو دركمان بەوە كردوو بابەتیشمان لەسەر نوسی و ئاگادای دەنگدەرانی ناڕازیمان كردەوە كە ئەگەر نەچن بۆ دەسەڵات ، دەنگی دوو حیزبەكە زیاد دەكات ، بە شەخسیش ھەندێ كەسمان لەو مەترسیە ئاگادار كردەوە، پێشمان وتن بەس خەلكی ناڕازی قەناعەت پێ بكەن بچن بۆ دەنگدان دەنگ كەم ناكات، ھەر نەچونی ئەو خەلكە بەسە بۆ تەشخیس كردنی جەوھەری كەمو كوڕیەكان.

٦- تاپۆكردنی موڵك و ماڵەكان. 

٧- جگە لەوە دروست بونی حیزبی تر و بردنی دەنگیش لەلایەن ئەوانەوە ھۆكاری تر بوون ، بەڵام ئەمەیان دەرەنجامی شەش خاڵەكەی ترە ، ئەگەر بزوتنەوەكە متمانەی دەنگدەرەكانی بمایە سەد حیزبی تریش دروست بوایە ئەو كاریگەریەی نەدەبوو.

دوبارە دەڵێم ، ناڵێم تەزویر نەكراوە، بەڵام پشتگوێ خستنی ئەو ڕاستیانەو ،پێتان وابێت ئێوە عەیارە بیست و چوارن و ئەوەی كردوتانە ڕاستەو ھەمووی بخەنە سەر تەزویر ، جۆرێكە لە ڕاكردن لە بەرپرسیارێتی و پەرێزی خۆتان پاكردنەوەیە تایبەتیش ئەوە دەنگی یەكێتی نیە زۆر زیادی كردوە ، ئەوە دەنگی ئێوەیە زۆر كەمی كردوە

ئێستا لانی كەمی ئازایەتی و بەرپرسیاریەتی ئەوەیە دان بەو ھەڵەو كەم و كورتیان دابنێن ، ئەگەر دەتانەوێت ئەم شكستە كاتی بێت و نەبێتە ھەمیشەیی و نەبنە ھۆكاری یەكجاری بچوككردنەوەی بزوتنەوەكە ، ئێستاش تیا ماوە چونكە ئەو دەنگدەرانەی كە نەچون بۆ دەنگدان مەیلیان نەگۆڕاوە بەڵام ھەڵوێستی خۆیان تەجمید كردوە ، تا ئێستا لایەنی تریان بەبەدیل نەزانیوە بۆیە نەچون بۆ دەنگدان ، تا ئێستا ئومێدێكیان بە ئێوە ماوە جارێكی تر ببنەوە جێگای متمانەیان

ھیوادارم بەھەست كردن بەبەرپرسیارێتییەوە ھەڵسوكەوت بكەن 

ھیواداریشم ئەو خوێنەرەی ئەمەی بەدڵ نیە ڕەخنە بگرێت نەك قسەی نەشیاو ، چونكە ناچارم بلۆكی بكەم...

حاكم شێخ لەتیف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی