هەڵبژاردن، یان بێ ئیرادەكردنی دەنگدەر

هەڵبژاردن، یان بێ ئیرادەكردنی دەنگدەر

هیوا سەید سەلیم


1678 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەگەر هەلبژاردن گەرانەوە بێت بۆ ئیرادەی دەنگدەر لە پیادەكردنی مافێكی تاكەكەسی و هەلبژاردنی ئەو كەسەی كە دەنگدەر بەشایەنی نوێنەرایتی خۆی هەلیدەبژێرێت، ئەوا هەر رێگریەك وەیان یاركردنێك بەو پرۆسەیە مانای رێگری دەگەیەنێت لە پیادەكردنی ئەو مافە كە یاسا نووسراو گەردونیەكان بەهەر تاكێكی ئازادی داوە.

لە پرۆسەی هەلبژاردن لە عێراق و كوردستان جار بۆ جارێكی تر لەسەر ئەم پرسە بەرەو دواوە دەگەڕێینەوە، واتا لە شوێنی بەرقەراكردنی ئازادی تەواو بۆ تاك و بەهەند هەرگرتنی بەهای دەنگی دەنگدەر، ئەو دەنگە بێ بەها دەكرێت تا كاری جدی بكرێت لەسەر نیشاندانی تاكی دەنگدەر وەك تاكێكی بێ ئیرادە.

نیشاندانی تاك وەك كەسی بێ ئیرادە بۆ ئەوەیە تا هیچ بەهایەك بۆ پرۆسەی هەلبژاردن دەنگی هاوڵاتی نەهێڵدرێتەوە، ئەویش ئامانج لێی رێگریە لە گۆڕانكاری و هێشتنەوەی دەسەڵاتە لەسەر كورسی حوكمڕانی بەهەموو شێوازێكی شەرعی و ناشەڕعی.

لە هەلبژاردنی 12/5 بەهەموو پێوەرێك دەبوو ناڕەزایەكانی دەنگدەری كوردستان لەبەرامبەر هێزە دەسەلاتدارەكان كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی دەنگەكانی دوو حزبی دەسەڵات دانابایە، ئاخر بە چ لۆژیكێك دەسەڵاتێك ئەو هەموو كارەساتەی بەسەر میللەت هێنابێت لەو چوار سالە خرالبترین نموونەی حوكمڕانی پێشكەش كردبێت، قووت و مووچەی خەڵكی بڕیبێت كەچی لەولاشەوە خەلكی دەنگی پێبدات و لە هەلبژاردنی ئەو دوایە دەنگی زیادبكات؟!1

نەك خەلك و ڕای گشتی،  بگرە باوەڕمان وایە خەڵكی بە ویژدانی ناو ئەو دەسەڵاتەش باوەڕ بەو سیناریۆیە ناكات كە لە لایەن دوو حزبی دەسەڵات لە هەلبژاردنی 12 مانگ ئەنجام درا بۆ كەمكردنەوەی دەنگی بەرەی   ئۆپۆزسیۆنی  ئەو دەسەڵاتە كە خاوەنی پەیامی پشتگیری لە خەمەكانی خەڵكی كوردستان بوون.

لەبەرامبەر ئەو سیناریۆیە نابێت گلەی لە دەنگدەری كوردستان بكرێت، چونكە هەموو ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن كە ئەوان بە دەنگی خۆیان تۆڵەیان لەو دەسەلاتە خراب و بێ باكێ كردۆتەوە و دەنگیان نەداوە بەو دەسەڵاتە، بەڵام ئەوان چی بكەن كە قەدەریان لەگەل دەسەڵاتێكە كە نەك هەردزی لە داهات و مووچەیان دەكات بگرە دزی دەنگەكانیایان هاتە سەرێ. 

ئەوی جێگای مەترسیە لەو هەڵبژاردنەدا كە جۆری دزی و فزیەكەیە، كە سنووری یاریكردن بە دەنگی تێپەراندووە ، بگرە ئەمجارەیان تەكنەلوجیا خراوەتە خزمەتی دزینی دەنگی دەنگدەر و خزمەتكردن بە مانەوەی ئەو دەسەڵاتە لەسەر كورسی حوكمڕانی خراب.

لە پشتی ئەو پیلانەی دەسەلات و هێزە حوكمڕانەكان پەیامێكی زۆر مەترسیدارتر هەیە كە دەبێت خەڵك و هێزەكانی تر كاری لە دژ بكەن، ئەویش بێ ئیرادە نیشاندانی دەنگی دەنگدەرە، دەسەڵاتدارانی هەرێم لە هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەو كارەی نایاساییەی كە ئەنجامیان دا بە خەڵكیان ووت:

(خۆتان ماندوو مەكەن شتێك نیە بەناوی گۆڕانكاری و هیچ حیسابێك بۆ دەنگی ئێوە ناكەین)

ئەمەش بۆ ئەوەیە كە خەڵك هێندەی تر بێ ئومێدبكرێت و بڕوای بە پرۆسەی هەلبژاردن نەمێنێت بۆیە دەبینین كە  جار بۆ جارێكی تر رێژەی بەشداری خەڵك لە هەلبژاردن لە كەمی دەدات.

بۆیە ئەركی هێزو لایەنكانی دەرەوەی دەسەڵاتە كار بكەن بۆ پووچەڵكردنەوەی ئەو پلانەی كە دەسەڵات كاری بۆ دەكات لە بێ بەهاكردنی دەنگی دەنگدەر و ناشیرینكردنی پرۆسەی دیموكراسی و دەنگدان لە كوردستان، ئەویش بە ئەنجامدانی ئەو هەموو دزیەی كە لە دەنگی دەنگدەری كوردستانی دەكات.

هیوا سەید سەلیم



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved