لەحیلە شەرعییەوە بۆ تەزویر

14/05/2018

ئەحمەدی مەلا

ئێمە لە ناو جەرگەی حیلەدا دەژین، فێڵ لە خۆمان و لە خودا، فیڵ لە نیشتیمان و مرۆڤ دەكەین...كەمێ بە سیاسەت بجولێرەوە، واتە فڵێباز و بە ئاین و ئوێن بە.

لە ساڵی ١٩٨١ من قوتابی پەیمانگای نەوت بووم لە بەسرە. لە بەشی ناوخۆ چێشتخانەیەكی لێ بوو بۆ قوتابیان...لە یەكێك لە ژەمەكان چێشتێكی خراپ دابەش كرا، چەند قوتابییەك تووشی سكچوون بوون و رەوانەی نەخۆشخانە كران و دواتر هەفتەیەك مۆڵەتیان وەرگرت و هەر ئەو رۆژە، قوتابییە كوردە تووشبووەكان گەڕانەوە بۆ كوردستان. 

چەند قوتابییەكی دیكەی تووش نەبووش، دەیانویست هەمان مۆڵەت وەربگرن، چوون ئاویان تێكەڵی پیساییەكەیان كرد و بەرەو نەخۆشخانە كەوتنە رێ، بۆ ئەوەی حیسابی نەخۆشیان بۆ بكەن و مۆڵەت وەربگرن...ئێمە لەو زەمەنەوە ناو بە ناو بە خۆمان دەڵێن ~ قوربەسەرمان...تەزویر گەیشتە كوێ!

كۆمەڵگەی شافیعی، بە كۆمەڵ تەزویر دەكەن، بۆ ئەوەی گەنجێك كچێك مارە بكا، دەبێ بۆ ماوەی ١٥ خولەك خۆی وەرگێڕێتە سەر مەزهەبی حەنەفی تا كچەكە مارە دەكا، دواتر دەگەڕێتەوە سەر مەزهەبەكەی خۆی.

ئەمە حیلەیەكە هەم لە خودا، هەم لە ئایین، هەم لە كچە قوربەسەرەكە..حیلە بەشێكە لە هەڵسوكەوت و رەفتارمان...خودی ئایینەكە مەجالی داوە.

لە ساڵی ١٩٩٢ كاتێك بۆ یەكەمین جار گەڕامەوە كوردستان، یەكێك بە ئاشكرا پێی گوتم، من دوو جار دەنگم دا..منیش پێیم گوت ~بۆ؟گوتی با دەنگی زۆر بهێنین..گوتم كەواتە بڕواتان بە خۆتان نییە!

ئێمە كاتێك لە هەڵبژاردنەكان تەزویر دەكەین، لە خۆمان ناپرسین ~ تەزویر لە كێ دەكەین؟ لەو هاوڵاتییانەی كە بە ناوی ئەوانە دەچینە بەغدا، لەو هاوڵاتییانەی كە دەستوور ئەو مافەی داونەتێ، لەو دەنگە دلێرانەی كە بە جیاواز بیردەكەنەوە؟ تەزویر كوشتنی زیندەوەرەكەیە لە ناو هێلكە؟ ئەی بە چ ویژدانێكەوە ئەوەی دەچێتە بەغدا بە ئینسافەوە بیر لە ئایندەی وڵات و نیشتیمان و هاونیشتیمانیان دەكاتەوە؟ ئەمە هەڵوەشانەوەی گشتگیری پێ نەگوترێ، دەبێ ناوی چی لێ بنرێ...

ئەحمەدی مەلا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە