بردنەوە بە تامی ئابڕووچون

15/05/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

 پارتی و یەكێتی خۆیان بە براوەی هەڵبژاردن دەزانن، بە پێی كورسی و دەنگیش براوە ن ، بەڵام بردنەوەیەك  كە خودان ریفراندۆمەكان و بانگەشەكارانی سەربەخۆیی خاوەنی بن ، ئەو پەڕی سوكایەتیە بە ئەو دەنگدەرانەی خۆیان كە دەنگیان داوەتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی عێراق ، ئەو دەنگدەرانە هێشتا هاش و هوشەكەی 25ی 9ی 2017 لە گوێیاندا دەزرنگێتەوە ، چ شورەییەكە لە 25ی 9 پەنجە بكەیتە مەرەكەبا بۆ سەربەخۆیی و بڕیار بدەی 26ی 9 دەوڵەت دروست بكەیت ، كەچی ئێستا لات وابێ براوەیت و دەچیتەوە باوەشی بەغدا .

بردنەوەیەك لەبەرانبەر نائومێد كردنی خەڵك و سوكایەتی كردنا بێت بە خەونی خەڵك ، نەبردنەوەیە نەنیشانەی تەق و تۆق و كەش و فشی سەركەوتن ،من هیچ كێشەم نیە لایەنەكانی دیكە باسی تەزویرو ساختەو پیلانگێڕی رێكخراو دەكەن ، بەڵام  خودان ریفراندۆمەكان دەگەڕێنەوە بۆ بەغدای جێبەجێ نەكردنی مادەی 140 و بەغدای بڕینی قوت و موچەو بەغدای داگیركردنەوەی 51%ی خاكی كوردستان و بەغدای حەسەن پلایس و حەشدی شەعبی .

بردنەوەیەك كە هەردووبراوەی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان یەكتر بە تەزویرو ساختەچی تاوانبار دەكەن و لە ئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بەیەك دەڵێن دزو تەزویر چی ، بردنەوەیەك كە لە بری خۆیان ئێران و توران سەریخستون و ئەوان تەقە بەسەر هاو نیشتمانیانی خۆیاندا دەكەن ، چ شورەییە بەو جۆرە بیبەیتەوەو لات وابێت براوەی .

ئاخر بردنەوەیەك نەك هەر ركاربەرەكانتان ، نەك هەر خۆتان ، نەك دەرو دراوسێ تەنانەت ئەمەریكاو ئەوروپاش بزانن بردنەوەیەكی شاختەو شەرمەزارانەیە ، دەبێت چ چێژێكی هەبێت ، سەیری ئەو بردنەوە پڕ شەرمە ، نیوەی دەنگدەر بەشداری پرۆسەكەی كردووە ، نیوەی نا ئومێد كراوەو بڕوای بە چڕ چاوی ئەم دەسەڵاتە نیە ، كەچی خۆی پێ براوەیە ، ئاخر قوربان تۆ لە نێو نیوەی دەنگدەرانی میلەتا كە 50%كەمترە بە ساقیتی  و ساختە براوەی كە لە بنەڕەتا كۆی پرۆسەكە جگە لە دۆڕان هیچی تر نیە ، ئیتر ئەم قاقاو حیلكە حیلكەت لە چی .

بردنەوەیەك پارتی ماوەیەكی زۆر بێت پشتی كردبێتە كەركوك و هەڵپەی موسڵی بێت،  یەكێتی دڵی بەوە خۆش بێت  بە كەمتر لە دەنگەكانی پێشوو نیوەی كورسیەكانی كەركوكی بردووە ، لە كاتێكا دەنگی كورد بێ تەزویرو ساختە لە دەنگی عەرەب و توركمان لەو شارە پێكەوە زیاترە خۆبادان و سەمای ناوێت ، گریانی دەوێت برادەر .

راستە گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی و تەنانەت یەكگرتوش دۆڕاون ، بەڵام دۆڕانێكی شەرەفمەندانەیە ، بیرتانە رۆما چەند شەرەفمەندانە بەرانبەر لێژەر پول دۆڕا ، دۆڕاوی راستی لەم نێوانەدا پارتی و یەكێتین و كەسی تر نا .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی