ڕاستییەكی تاڵ‌و قسەیەكیش بۆ مێژوو

15/05/2018

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

سەرەڕای ساختەكاری و تەزویركردن لەم هەڵبژاردنەدا، بەڵام حەقیقەتێك هەیە هەریەك لە ( گۆڕان ، كۆمەڵ ، هاوپەیمانی ، یەكگرتوو)، تووشی شكستی گەورەبوون، پێویستە دانیپێدابنێن و چیتر خۆیان بە قسەی سواوو نوزانەوە خەریك نەكەن، تەنها رێگەی مانەوەو هەڵسانەوەی ئەو هێزانە دروستكردنی بەرەیەكی فراوان و پێكهێنانی لیستێكی هاوبەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی ئەمساڵ.

ئەو هێزانە پێویستە "نەوەی نوێ"ش بهێنە ناو بەرەكەیان و چیتر نەوەی نوێ پەراوێزنەخەن، چونكە نەوەی نوێ تازەبۆتە هێزێكی ئەمری واقع و پێویستە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

نەوەی نوێ بانگەشەی ئەوەدەكات هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی و یەكێتی ناكات و داوای رێككەوتن لەگەڵ هێزەكانی دیكەش دەكات، ئەگەر متمانەتان پێیان نییە فەرموو دەستیان بۆدرێژبكەن و تاقیانبكەنەوە.

وەكو ڕابردوو مەكەن، چونكە بینیمان ماوەی پێنج مانگ لەمەوبەر تاوەكو هەڵبژاردنی ئەمجارە، ژمارەیەك لە كەسایەتی و رۆشنبیرو خەڵكی ئازادیخواز چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی ئەنجامداو لیژنەیان پێكهێنا، چەندین جار سەركردەی هەرسێ لایەنەكەیان گەیاندە یەك، بۆ ئەوەی بەیەكەوە بەیەك لیست دابەزن، بەڵام هیچ لەو هێزانە متمانەیان بە یەكتر نەبوو (مەسعود عبدالخالق و كەمال رەئوف و زۆر برادەری دیكەش شاهیدی ئەوەدەدەن ).

بۆ ئەوەی متمانەی هاووڵاتیان و خەڵكی ناڕازی بگەڕێتەوە بە هەڵبژاردن و مانگی ئەیلول بچنە هەڵبژاردن، تاكە رێگەی بەردەمتان یەكگرتنی هەموو هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتیە بە تایبەت ( گۆڕان و كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی، نەوەی نوێ) لە یەك لیستدا.

وتارتان بگۆڕن و دان بە شكستدابنێن، واز لە فەیسبوك و قەوانی دووبارە بهێنن، تەنها چوارمانگتان لەبەردەم ماوە، ئەگەر بەخۆنەكەون لە هەڵبژاردنی داهاتوودا تووشی شكستی گەورەتر دەبن؟!

دڵنیابن ئەگەر ساختەكاریش نەكرابوایە، ئەوهێزانە هەریەكەو بەپێی حەجمی خۆی تامی شكستیان دەكرد، ئەگەر بەو گەورەیەی ئێستاش نەبووایە.

خۆ ئەگەر باسی كەمی بەژداری خەڵك دەكەن ئەوا چەندە لە ئەستۆی پارتی و یەكێتیە، ئەوەندەش لە ئەستۆی ئێوەیە، چونكە خەڵكی دەپرسن ئێوە چیتان بۆ خەڵك كردوە؟ ئەی بۆ نەتانتوانی قەناعەت بەو چوار موالیدەی گەنجان بكەن، كە بۆ یەكەمجار مافی دەنگدانیان هەبوو؟!

خەڵك ئومێدی نەماوەو پێیانوایە: گۆڕانكاری بەم هێز بچووكانە ناكرێت، مەگەر بەیەك لیستی و یەكگرتووی هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی نەبێت.

بەتەمای ئەوەمەبن لەبەرئەوەی دەنگتان دزراوە خەڵك بۆتان بێتە سەر شەقام، خەڵكی دەنگی بە ئێوە داوەو ئێوەش بڕۆن دەنگەكانمان وەرگرنەوە، بەڵام بەو بچوكی و بەرتەوازەیە جگە لە زەلیلی هیچی دیكەتان بۆ ناكرێ و هیچیشتان بۆ نامێنێـتەوە!

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی