سەبارەت بە دۆخی ئەمڕۆكەی كوردستان
ھیچ ڕێگایەك ھێندەی ڕێگای نائومێدبوون ئاسان و سوك نییە، ھیچ شتێكیش لەوە بێكێشەتر نییە لە ژوورەكەی خۆتدا دابنیشیت و بە ھەمووان بڵێیت ” نەمووت ھیچ ناكرێت و ھیچ ناگۆڕدرێت“.
ئەوانەی دەیانەوێت دونیا بگۆڕن ھەرگیز بە ڕاستەڕێیەكی بێگرێ و پڕمەترسیدا نەڕۆشتوون و ناڕۆن، گۆڕینی دونیا دابەزینە بۆ ناو نشێو و زێراب و سەرنوێلكەكانی مێژوو و ئیشكردنە لەو شوێنانەدا كە پڕە لە ئەگەری كەوتن و نوشوستیی و ئازارچەشتن.
ئەوانەش كە مێژووی خۆیان دەگۆڕن دەسكێشی سپی و چاویلكەی شەمسی لەچاو ناكەن، بەڵكو بە برینەكان و پەڵەكانی سەر ژیانیانەوە دەكەونە كار و لەوەش دڵنیانین كە پەڵەی تریش بەسەر ژیانیانەوە دروستنابێت.
ئەوانەی دەچنە ناو تونە داخراوەكانی مێژووەوە بۆئەوەی قوڕ و لیتەكەی دەربھێنن و ڕێگاكانی پاكبكەنەوە، ھەم ماندوو دەبن و ھەم ئارەق دەڕێژن و ھەم دەستیان بەر تاریكییەكان دەكەوێت.
خۆ ئەگەر كوردیش بیت و بتەوێت دەسكاری ژیانی خۆت بكەیت، ئەوە دەشێت ئاسانتر نائومێدبیت و دەست لە كەر كردە و دەستپێشخەرییەك بشۆریت، چونكە گۆڕینی ژیانی تاكەكەسیی و دەستەجەمعیی لە كوردستاندا مانای دەگریربوون لەگەڵ یەكێك لە دزێوترین سیستمە سیاسییەكانی دونیا و لەگەڵ یەكێك لە نابەرپرسیارترین نوخبە حوكمڕانەكانی ناوچكەدا، مانای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیستمێكی مافیاییدا.
ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستاندا ڕووئەدات لوتكەی ھەوڵی دەسەڵاتدارانە بۆ لەناوبردنی ھەموو ئومێد و چاوەڕوانییەكی پۆزەتیڤ لای ئینسانی ئێمە، ترۆپكی كاركردنیانە بۆ گۆڕینی مرۆڤی كوردستان بۆ بوونەوەرێكی خەمۆك و داخراو بەسەر نائومێدیی و بێدەربەستییەكی گەورە و سەرتاسەریدا.
ھەوڵدانێكی ھەمەلایەنە بۆ سڕینەوەی ڕەھەندە سیاسییەكانی كەسایەتی مرۆڤی ئەو دەڤەرە وھێشتنەوەی وەك ڕەعیەتێكی بێماف و بێنرخ و بێبەھا. لەم پێناوەشدا بەدڕەوشتییەك نامێنێتەوە پەنای بۆ نەبەن.
بۆیە كردەی مێژوویی ژمارە یەك و ئاكتی ھەرە شۆڕشگێڕ ئەوەیە لێنەگەڕێیت خەمۆك و نائومێد و تێكشكاو ببیت. بەسەر تاریكییەكانی ناو خۆت و بەسەر تونە ناوەكییەكانی نائومێدیی ناو خۆتدا زاڵببیت، بیر لە پلانەكانی سبەینێ و دووسبەی و سێ سبەی بكەیتەوە و زمان و خەون و ئەخلاقیاتی بەرگرییكردن لەناوخۆتدا بچێنیتەوە و بەھێزتربكەیت.
ھەموو ئەوانەی لە خەمی خۆیان و لە خەمی كۆمەڵگاكەیاندان و بڕیاریانداوە وەك مرۆڤێكی بەرپرسایر بژین، دەبێت یەك شتیان لە بەردەمدا ئاشكرابێت: كۆڵنەدان و تەسلیمنەكردنی ئیرادەیان بەو ھێزە تاریكانە و ئینجا باوەڕبووندا بە سبەینێ و دووسبەی، بەڵام سبەینێ و دووسبەیەك كە دەشێت دوور بێت، زۆر دووریش بێت.
مەریوان وریا قانیع
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی