هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له دوانزه‌ی ئایاردا، به یه‌كێك له تاریكترین ساته‌كانی ژیانی سیاسی له هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا داده‌نرێت، چونكه رێكخراوترین و گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی ساخته‌كاری به‌رانبه‌ر سه‌دان هه‌زاری ده‌نگی هاوڵاتیان ئه‌نجامدرا، كۆدێتایه‌كی رێكخراو كرا به‌سه‌ر ئیراده‌ی گشتی و خواستی گشتی هاوڵاتیاندا، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری پتر له هه‌ر هێزێكی تر ئامانجی ئه‌م ساخته‌كارییه گه‌وره‌یه بوو ، زیاتر له هه‌ر لایه‌نێكی دیكه ده‌نگه‌كانی دزرا، دوای ئه‌م پرۆسه گه‌وره‌یه‌ی ساخته‌كاری و دوای ئه‌و غه‌دره گه‌وره‌یه ، پێویسته هاودیدان چۆن له هاوپه‌یمانی و چۆن هه‌لومه‌رجه سیاسیه نوێیه‌كانی تێ بگه‌ن ؟ دوای ساخته‌كارییكه هاوپه‌یمانی له چ پێگه و دۆخێكی سیاسیدایه؟ ئه‌و ساخته‌كارییه گه‌وره‌یه چ مانا و مه‌دلولێكی هه‌بوو؟ بۆ قۆناغی دواتر پێویسته هاوپه‌یمانی چی بكات؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ئه‌كرێت سه‌رنجی ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه بده‌ین
یه‌كه‌م: پاش ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی ساخته‌كردنی ده‌نگ به‌رانبه‌ر به هاوپه‌یمانی ئه‌نجامدرا، ئامانجی یه‌كه‌م و راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌و ساخته‌كارییه رێكخراو و به‌رفراوانه هاوپه‌یمانی بوو ، كه له كۆی گشتیدا سه‌دان هه‌زار ده‌نگی هاوپه‌یمانی ساخته‌كرا ، بۆ هه‌موو لایه‌ك ئه‌و راستیه ده‌ركه‌وت هاوپه‌یمانی ئیراده‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆیه و گوزارشت له بوون و خه‌ونێكی سیاسی راسته‌قینه ئه‌كات بۆ چاككردنی بارودۆخی ئه‌م وڵاته ، به پێچه‌وانه‌ی رای ئه‌و كه‌سانه‌وه كه ده‌یانگوت هاوپه‌یمانی دیوێكی دیكه‌ی یه‌كێتیه یان ده‌چێته‌وه ناو یه‌كێتی ، ئه‌و راستیه ده‌ركه‌وت هاوپه‌یمانی پرۆژه‌ی سیاسی به‌دیله بۆ سه‌رله‌نوێ بیناكردنه‌وه‌ی حوكمرانی ئه‌م وڵاته ، هه‌ربۆیه‌شه ده‌سه‌ڵات پتر له هه‌ر هێزێكی دیكه له هاوپه‌یمانی ئه‌ترسێت، پتر له‌هه‌ر سات و كاتێكی رابردوو پیلانی جۆراوجۆر دژ به هاوپه‌یمانی به‌رێوه ئه‌بات ، به‌ڵام هیچ كاتێك ره‌وتی گه‌شه‌كردنی مێژوویی به ساخته‌كاری رانه‌وه‌ستاوه، هیچ كاتێك هێزه زیندوو و راسته‌قینه‌كانی واقیع به پیلان و ته‌زویركردنی ده‌نگ لاواز نه‌كراون، به‌ڵكو ئه‌مه‌ی روو ئه‌دات ته‌نها قۆناغی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته به‌رانبه‌ر به‌م هێزه مێژووكرده كه ناوی هاوپه‌یمانییه، سه‌ره‌نجام رۆژێك دێت له‌سه‌ر ده‌ستی هاوپه‌یمانی و هێزه چاكسازیخوازه‌كان مێژووییه‌كی نوێ ده‌ست پێ ئه‌كات و مۆدێلێكی ته‌واو جیاواز له حوكمرانی له‌دایك ئه‌بێت، مۆدێلێك كه تیایدا حوكمرانی حزب و خزم كۆتایی دێت، دادپه‌روه‌رییه‌كی مومكین به‌دیدێت و ژیانێكی باشتر چاوه‌روانی هه‌مووان ئه‌كات ، ئه‌مه‌ش مژده و ئومێدی گه‌وره‌یه بۆ هه‌موو هاودیدێك و بۆ هه‌موو مرۆڤێك كه دڵی بۆ عه‌داله‌ت و ئازادی لێ بدات، به‌ڵام بێگومان رێگای به‌دیهێنانی ژیانێكی باشتر ، دادپه‌روه‌رییه‌كی مومكین ، حوكمرانیه‌كی دیموكرات و خۆشگوزه‌ران ، رێگایه‌كی به گوڵچێنراو نیه، پر له ئاڵنگاری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه، به‌درێژایی مێژوو هێزه تاریك و خۆسه‌پێنه‌كان ویستیانه به‌رگری له خۆیان بكه‌ن و بمێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مێنته‌وه ئیراده‌ی خه‌ڵك و خواستی چاكه‌كاری و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌رییه.
دووه‌م: هاوپه‌یمانی ئه‌گه‌رچی غه‌درێكی گه‌وره‌ی لێكرا ، ئه‌گه‌رچی به تێكرای شاره‌كان سه‌دان هه‌زار ده‌نگی ساخته‌كرا ، به‌ڵام متمانه و به‌ها و رێزی هاوڵاتیانی برده‌وه ، ئه‌خلاق و شكۆی سیاسی پاراست ، ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ر هێزێك ئه‌مێنته‌وه و سه‌رمایه‌ی راسته‌قینه‌ی سیاسه‌ته بریتیه له متمانه‌ی هاونیشتیمانیان نه‌ك ده‌نگی ساخته ، ئه‌وه‌ی هێزێك ئه‌كات به خاوه‌ن پێگه و ده‌سه‌ڵات ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار نیه كه قاچیان له‌سه‌ر ده‌نگی دزراوی هاوڵاتیان قایم كردوه ، به‌ڵكو باوه‌ر و خۆشه‌ویستی و متمانه‌ی هاوڵاتیانه ، هه‌موو هێزه توتالیتار و خۆسه‌پێنه‌كانی مێژوو خاوه‌نی ئه‌و جۆره له كورسی و ده‌سه‌ڵات بوون كه له پشتیه‌وه ده‌نگی ساخته ئاماده‌یی هه‌بوه نه‌ك ده‌نگی راسته‌قینه و ئیراده‌ی گشتی هاونیشتیمانیان ، به‌ڵام مێژووی مرۆڤایه‌تی هیچ یه‌كێك له‌و هێزانه‌ی نه‌هێشتۆته‌وه، به‌ڵكو له ساته‌وه‌ختێكدا چیرۆكیان كۆتایی هات و سه‌رده‌می ئه‌و هێزانه ده‌ستی پێكرد كه پێگه و جێگایان له نێو دڵی هاولاتیاندا بوه ، مانه‌وه بۆ ئه‌و هێزانه‌بوه كه متمانه و دلی هاونیشتیمانیان بردۆته‌وه و ده‌ستبه‌رداری به‌ها و پره‌نسیپ نه‌بوون ، دوای هه‌ڵبژاردن و دوای غه‌در و غه‌شی بێ وێنه ، هاوپه‌یمانی به‌سه‌ری به‌رز و به پێگه‌ی گه‌وره له نێو دڵی هاونیشتیمانیان و ، به شكۆیه‌كی سیاسی كه‌م وێنه‌وه هاته ده‌ره‌وه ، ئه‌مه شتێكه پێویسته هه‌موو هاودیدێك شانازی پێكه‌وه بكات، بگره هه‌موو مرۆڤێكی تینوی ئازادی و عه‌داله‌ت به رێز و ئومێده‌وه لێی بروانێت و پشتیوانی بكات
سێیه‌م : سه‌ره‌رای ته‌زویر و كۆسپ و رێگریی جۆراوجۆر، سه‌ره‌رایی كه‌می ته‌مه‌نی هاوپه‌یمانی وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی نوێ، هیچ چاودێرێكی واقعبین و به‌ویژدان نییه جۆش و خرۆشی هاوڵاتیان بۆ هاوپه‌یمانی و په‌یامه‌كه‌ی سه‌رنجی رانه‌كێشا بێت، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ئه‌و راستیه‌ی نیشاندا هاوپه‌یمانی بزوتنه‌وه‌یه‌كی سروشتییه و وه‌ك پێویستیه‌ك بۆ خولقاندنی قۆناغێكی تازه‌ی مێژویی هاتۆته ئاراوه ، هه‌ربۆیه به به‌رفراوانی له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه پێشوازی لێكراوه، بۆ ئایینده‌ش ، له ئه‌گه‌ری پابه‌ندبوونی هاوپه‌یمانی به پره‌نسیپ و به‌ها و ئامانجه‌كانیه‌وه ، ئاستی پێشوازی جه‌ماوه‌ریی زیاتر به‌رز ئه‌بێته‌وه ، زیاتر جێگای ئومێد و متمانه ئه‌بێت، زیاتر پشتگیری هاونیشتیمانیان و هه‌ر رێبوارێكی رێگای دادپه‌روه‌ری و ئازادی به‌ده‌ست دێنێت ، ئه‌و پێشوازییه گه‌وره‌یه ئومێدێكی گه‌وره ئه‌به‌خشێته هه‌موو هاودید و هه‌ر هاونیشتیمانیه‌كی ئازادیخواز كه خه‌ونی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و ژیانێكی باشتری هه‌یه.
چواره‌م: هاوپه‌یمانی خاوه‌ن سه‌ركرده‌یه‌كی دانپێدانراوه له سه‌ر ئاستی عێراقی و نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌ویش به‌رهه‌م ساڵحه ، به‌دوور له هه‌ر چه‌شنه لایه‌نگیرییه‌ك، به دوور له هه‌ر ستایشێك ، باوه‌رم وایه به‌رهه‌م ساڵح پێویستی مێژویی ئه‌م قۆناغه‌یه ، پیاوی رزگاركردنی هه‌رێمه له‌م جۆره خراپه‌ی حوكمرانی ، راستی ئه‌م تێزه‌ش قه‌باره‌ی ته‌زویر و پیلانگێری به‌رانبه‌ر هاوپه‌یمانی گه‌وره‌تر و فراوانتر كردوه، به‌شێكی گرنگ له لێدان له هاوپه‌یمانی لێدان بوه له كه‌سایه‌تی خودی به‌رهه‌م ساڵح، به‌ڵام ئه‌م لێدانه ئاكامی نابێت، چونكه كه‌سایه‌تی ئه‌و وه‌ك پێویستیه‌كی واقعی و بابه‌تی ئه‌م قۆناغه مێژوییه دێته ئه‌ژمار ، پێویستیشه هاودیدان به گرنگی و جدییه‌تێكی زۆرتره‌وه له‌گه‌ڵ تێز و ئایدیای به‌رهه‌م ساڵح رابوه‌ستن و پشتیوانی بن له هه‌ر جوڵه‌یه‌كی سیاسی بۆ گۆرینی ئه‌م واقیعه خراپ و ناله‌باره، چه‌ندێك پشتیوانی به‌رهه‌م ساڵح بكه‌ین ئه‌وه‌نده پشتیوانی ئیراده‌ی چاكسازی و گۆرانكاری و بیناكردنی سیستمێكی حوكمرانی باش و خۆشگوزه‌رانمان كردوه .
پێنجه‌م: به ته‌نها به‌ده‌ستهێنانی خۆشه‌ویستی و متمانه‌ی خه‌ڵك به‌س نیه، به‌ڵكو پێویسته له قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردندا ، هاوپه‌یمانی به‌جددی كاربكات بۆ داهێنانی مۆدێلێكی تازه‌ی سیاسه‌تكردن، كار بكات بۆ تێپه‌راندنی هه‌موو ئه‌و شێواز و فۆرمه‌ی كلاسیكیه‌ی حزبایه‌تی كه هاونیشتیمانی ئێمه لێی بیزاره، پێویسته هاوپه‌یمانی ببێت به وزه‌ی به‌رهه‌مهێنانی روئیا و تێز و فكر بۆ نێوخۆی هاوپه‌یمانی و بۆ نێو ژیانی گشتی كۆمه‌ڵگاش ، به جۆرێك كه‌ره‌سته‌ی قودره‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بێت هه‌زاران كادری په‌روه‌رده‌كراو بخاته گۆره‌پانی سیاسییه‌وه و بیكات به قه‌ڵغانی به‌رگری له ئازادی و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ، پێویسته هاوپه‌یمانی پێداگیری زیاتر و فراوانتر بكات له شۆركردنه‌وه‌ی به‌هاو پره‌نسیپه‌كانی بۆ ناو ژیانی سیاسی نێوخۆیی و ژیانی سیاسی گشتیش، ئه‌مه سه‌ره‌رای چاوخشاندنه‌وه به دامه‌زراوه‌كان و كاروباره نێوخۆییه‌كانی هاوپه‌یمانی، هه‌موو ئه‌مانه تێكرا هاوپه‌یمانی به‌شێوه‌یه‌كی باشتر و شیاوتر ئاماده ئه‌كات بۆ ئه‌ركه‌كانی قۆناغی داهاتو و بۆ بینینی رۆڵی مێژویی خۆی وه‌ك هێزێك كه خواستی چاكسازی ریشه‌یی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه له كوردستاندا.
شه‌شه‌م : بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ساخته‌كارییه گه‌وره‌كه و ساخته‌كارییه‌كانی داهاتوو ، بۆ رێگری له تاڵانكردنی سامانی نیشتیمانی ، بۆ به‌رپاكردنی دادپه‌روه‌ری و دیموكراسی، رێگای ئێمه هه‌ر رێگای ئاشتییه، رێگای تێكۆشانی مه‌ده‌نی و سیاسیه، پێویست ناكات كه‌س له‌م رێگایه نا ئومێد بێت ، پێویست ناكات ره‌فتاری ژماره‌یه‌ك گروپگه‌لی سه‌ربازی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات بۆ ساخته‌كردنی ده‌نگ و بۆ كاری تالانكاری، له راستی و ره‌وایی و كاریگه‌ری خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی بمانخاته گومانه‌وه ، له ته‌واوی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، من هیچ قۆناغ و هیچ ساته‌وه‌ختێك شك نابه‌م به هۆی به‌كارهێنانی توندوتیژی و زه‌بروزه‌نگه‌وه كۆمه‌ڵگا چوبێته قۆناغێكی باشتر و ئینسانیتره‌وه ، ئه‌وه‌ی دوای توندوتیژییه‌كان ئه‌مێنیته‌وه كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌خته‌وه‌ر نیه، به‌ڵكو مرۆڤ گه‌لی بریندار به رۆح و به جه‌سته، گروپگه‌لی توندوتیژه تا ئاستی دڕنده، گرنگ نیه ئه‌م گروپه فه‌رمان له كێ وه‌ر ئه‌گرێت ، گرنگ ئه‌وه‌یه ناتوانێت كۆمه‌ڵگا بخاته هه‌لومه‌رجێكی باشتر و ئینسانیتره‌وه ، بۆیه دۆخی ئه‌مرۆی كوردستان پێویستی به خه‌باتی لێبراوانه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نی هه‌یه ، پێویستی به جورئه‌تی سیاسی و روئیای فكری و سیاسی قووڵ هه‌یه.
ئومێد قه‌ره‌داخی
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی