دەستبردن بۆ هەموو حەرامێكی سیاسی!

16/05/2018

سیروان ڕەشید

دەركەوت تەزویر بووە بە بەشێكی ئۆرگانی لە عەقڵ و رەفتارو و بیركردنەوەی یەكێتی و پارتی دا. چونكە تا ئێستا لە كوردستاندا (بەناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكانیشەوە)، نمونەی‌ هیچ پرۆسەیەكی‌ هەڵبژاردنی‌ بێ‌ غەش‌و نەزیهمان نی یە. كەلایەنی دەسەڵات بۆ رایگشتی ناوخۆ و چاوی نێودەوڵەتی سەلماندبێت كە لە وڵاتەكەمان هەڵبژاردن بەبێ‌ ساختەكاری گەورە و بەشێوەیەكی تەندروست بەرێوەدەچێت. كەوەش لەكەیەكی شەرمەزاری گەورەیە بە ناو چاوانی دەسەڵاتدارانی حكومرانی، ئەم كۆمەڵگایەوە، كە زیاتر لەهەر كۆمەڵگایەكی دی چارەنوس و مانەوەی بە دیموكراسییەتەوە گرێدراوە!.

دەستبردن بۆ تەزویر یەكێكە لە گەورەترین نیشانەكانی دیكتاتۆرییەتێكی نەخۆش، دیكتاتۆرییەتێك كە دەترسێت دەموچاوی راستەقینەی خۆی دەربخات، هەر بۆیە پەنا بۆ تەزویركردنی حەقیقەتی كۆمەڵگا دەبات كە نایەوێت روی راستەقینەی خۆی نیشان بدات!

لەهەڵبژاردنی 12_5_2018، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشێوەیەكی "سیستماتیككراو" پەنای بۆ ساختەكاریی برد و توانیی لەو ڕێیەوە كورسیەكانی گۆڕان و لایەنەسیاسیەكانی تر كەمبكاتەوە!.

شتێكی رون بوو كە پێشتر دەوترا جیاوازی نیوان یەكێتی و پارتی ئەوەیە كە پارتی هێزێكە هەڵبژرادن نیە ساختەكاری تێدا نەكات، بەڵام دوای هەڵبژاردنی 12/5/2018 و روداوی ئەلبیسەكەی سلێمانی لە 30/4/2014 ، دەبێت هەموو هەڵبژاردنێك وەك پارتی حسابی ساختەكاری بۆ یەكێتیش بكرێت!. چونكە ناچێتە عەقڵەوە هێزێكی گەورەی وەك و گۆران لە پارێزگای سلێمانی كە دەنگەكانی بەئاستێك دابەزێت بۆ ئاستی یەك لەسەر سێ‌، بەڵام لەو لاوە یەكێتی نیشتمانی دەنگەكانی زیاد بكات، سەرباری: یەك: جیابونەوەی جێگری سكرتێری گشتی حیزبەكە دكتۆر بەرهەم سالح و بونی لیستی جیا، دوو: خراپی دۆخی پەشێوی حیزبەكە بەهۆی دەستەگەری و باڵباڵێنەوە. سێ‌: هەروەها ئەو هەموو سكانداڵە سیاسی و ئابوریەی یەكێتی بەسەر خەڵكی كوردستانیدا هێناوە لەجۆری چارەكە مووچەو پشتیوانی لەریفراندۆم و تەسلیمكردنی كەركوك بەبێگانە! بەڵام دەنگەكانی یەكێتی لە بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر بێت!!، لەكاتێكدا لۆژیكی سیاسی پێمان دەڵێت ئەم هێزە زەمینەی بەدەستهێنانی كورسی لە پارێزگای سلێمانی لەباشترین ئاستتدا لە (2 بۆ3) كورسی تێ ناپەرێ‌! نەك دوو ئەوەندەی گۆڕان كورسی و دەنگ بێنێت، كە لە2009 وە تائێستا یەكێتی بەرێژەیەكی گەورە لەدوای گۆڕانەوە بووە. 
ئەم "تەزویرە سیستماتیكە" بەرێنمایی و پشتیوانی تەجروبەی دەوڵەتێكی دراوسێ ئەنجامدراوەو چونكە ئەو دەوڵەتە عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە بەناوچەی دەستەمۆكراوی خۆی ئەزانێ‌ و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیشی پێویستی بە هێزی دەستەمۆ كراو هەیە!.

ئەوەی ئەمجارە یەكێتی و پارتی كردیان وەرچەرخان بوو لە ساختەكاری سیستماتیك كراوو و دەستبردن بۆ هەموو حەرامێكی سیاسی بۆ دەستكاریكردنی وێنەی راستەقینەی كۆمەڵگا!.

سیروان رەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی