چی لە سندوقەكانەوە دێتەوە دەرەوە ؟

17/05/2018

هونه‌ر تۆفیق

ئەوەی دەزانرێت دەنگی هەڵبژاردن و ئیختیاری سیاسی خەڵك دەچێتە سندوقەكانی هەڵبژاردنەوە . بەڵام نازانرێت دواتر چی دێتەوە دەرەوە ؟!

هەر لەو سندوقانەوە كە خەڵك دەنگی سیاسی خۆی تێدەخات ، لەهەندێ كۆمەڵگەكەدا شەڕێكی خوێناوی لێوە دێتە دەرەوە . لە شوێنی دیكەدا حكومەتێكی دیكتاتۆری ، لە جێگە و سەردەمێكی دیكەدا دەستەڵاتێكی دیموكراسی و دادپەروەر . لە عێراقدا لەماوەی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا نوخبەیەكی دز و گەندەڵ لەو سندوقانەوە هاتوونەتە دەرەوە . 

لەم هەڵبژاردنەی ١٢ ی ئایاردا ، ئەوەی دەبینرێت وتەوەقوع دەكرێت  ڕێكەوتنێكی ئەمریكی - ئێرانی ، سعودی - توركی ، لەو سندوقانەوە بێتەدەرەوە . ئەگەر كەسێك یان لایەنێك چاوەڕوانی ئەوەبێت دەنگە سیاسیەكەی لەناو ئەو سندوقەدا ئامانج و خواستە سیاسیەكەی خۆی لێ بەرهەم بێتەوە ، بەداخەوە ماناكەی ئەوە دەكات نە لە سیاسەتی ئێستای عێراق و ناوچەكە حاڵی بووە . نە لە ئالیەت و ئامانجی هەڵبژاردنەكەش شارەزایە .

ئەگەر وێنەكەی هەرێمی كوردستان ، بەدیاری كراوی پارێزگای سلێمانی و كەركوك وەك عەینەیەك وەربگرین كە دەكاتە زۆنی سەوز . لە سندوقەكانەوە ژمارەی دەنگەكان و بەشەكانی لیستەكان نایەتەوە دەرەوە . بەڵكە كوڕێكی لاسار دەبینین ، پەلی بە دەستی باوكێكی وریایی توند و چاوتیژەوەیە . هەر ئەو باوكەی لە ١٦ ی ئۆكتۆبەردا لە تۆڵەی بێگوێ ی كوڕەكەیدا ، پشتەملی كوڕەكەی خۆی و هاوپەیمانەكەی گرت و لە كەركوكدا فڕێ ی دایە دەرەوە . هەمان ئەو باوكە بەبێ خواست و ئاگای كوڕەكە خۆی ، پەلی گرتووە و دەیخاتەوە ناو كەركوكەوە . 

بۆ دڵنیایی خۆی و چاوترسێنی كوڕەكەشی دوو هێزی دیكەشی نیشان ئەدات . یەكێكیان نەوەی نوێ یە . لە گۆڕەپانی سیاسیدا هیچ پێگە و جێگەیەكی نەبووە . بەڵام لە سندوقەكانەوە نیشانی كوڕەكەی خۆی ئەدات كە ئەگەر لاساریەكی دیكەی وەك ٢٥ ی سێپتەمبەر بكەیتەوە ، ئەم منداڵە تازە خولقاوەت دەكەم بەگژدا ، سەرت وەها لێ تێك ئەدەم لە چڕنوكەكانی بزوتنەوەی گۆڕان زۆر كاریگەرتربێت . لەهەمان كاتدا هێزێكی دیكەی بە پێكهاتن لەگەڵ توركیادا لە تەنیشتیەوە بۆ بەهێزكردەوە كە لەپێكهاتنی حكومەتی نوێ ی عێراقدا خۆی بەتەنیا بەبێ كوڕەكەی خۆشی بتوانێت بەشداری كاریگەری لە حكومەتەكەی بەغدادا پێبكات . چما ئەو پێكهاتنەی ئێران  لەگەڵ توركیادا مەحاڵە ؟ لەحاڵێكدا لە عەفریندا چاوی لە هێرشەكەی توركیا داخست . بێگومان ئاساییە و بە قازانجترە لە دروستكردنی حكومەتی ئاییندەی عێراقیشدا بەبێ كوڕەكەی خۆی ، نەیاری كوڕەكەی ڕۆڵی سەرەكی پێ بدات . 

بەڵام لەو یارییەدا ، باوكەكەدا پێدانەوەی كەركوك بۆكوڕەكەی لە پێدانەوەی پێگەی لە حكومەتی عێراقدا بە باشتر دەزانێت بۆ ئاییندەی خۆی و كوڕە لاسارەكەشی ، ڕوسیاش وەك هاوپەیمانی ئەو باوكە و روزنێفت بۆ وەدەرنانی كۆمپانیا ئەمریكی و بەریتانیەكان لە كەركوك ئەو كردە دینامیكیەی باوكەكەی بەلاوە پەسەندترینە .

لەلایەكی ترەوە هەر لەو سندوقانەوە ، لەبری دەنگەكان ، هەڕەشەیەكی قایم دیتەوە دەرەوە بۆ هێزە ئیسلامیەكانی هەرێم ، كە ئەگەر ئێوە بەردەوام بن بە وابەستەیی بە ئیخوانە قەتەری و توركیەكەوە ، ڕۆڵ و كاریگەریتان لەوە خراپتر لێ دەكەین كە لە چاوەڕوانیتاندا نەبوو .

تۆڵەی دیدارە نهێنیەكانی نێوان دكتۆر بەرهەم و خەمیس خەنجەریشی لە د .بەرهەم كردەوە كە لەو پەڕی نزیكایەتی لە شیعەكان و ئێرانەوە ، دكتۆر بەرهەم دیداری لەگەڵ دوژمن و نەیارە سونەكەی ئێراندا بەو باجە قورس و گرانەوە لە سندوقەكانەوە پێ ی گەیاندەوە .

ئێران دەوڵەتێكی میحوەری و كاریگەرە لە ناوچەكەدا یاریزان نەبیت ، یاری لەگەڵدا ناكرێت ، زۆڵ نەبیت ، زۆڵێتی لەگەڵدا ناكرێت . وریا نەبیت ، دڵنیایی لەگەڵیدا مسەوگەر ناكەیت . ئەمەش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ، ئێران دەرسێكی زۆر تایبەتی لە سندوقەكانەوە پێگەیاند . كە ناكرێت ، نابێت ، تۆ وەك هێزێكی سیاسی لە هەرێم و ناوچەكەدا ، دیدی سیاسی ئیقلیمیت نەبێت ، یەكلانەبیتەوە لەنێوان بەرەكاندا . بتەوێت بچیتە پرۆسەی سیاسیەوە لە عێراقدا . عێراقی گێژاوی نێوان ئێران و ئەمریكا و سعودیە و توركیا .لەو گێژاوەدا بۆ هیچكام لەو تەرەفانە بێلایەنی ناكاتە دۆستایەتی . بەڵكە دەكاتە دوركەوتنەوە لە گەمەیەك كە بەنیازیت لە سندوقەكانەوە بچیتەناویەوە !!

ئەنجامێكی دیكەی ناو سندوقەكان سوپرایسی موقتەدا سەدرە . موقتەدایەك كەرتێكی نزیكە لە سعودیەكان كە راستەوخۆی دەكاتە پەسەندی ئەمریكاییەكان . كەرتەكەی تریشی ئێرانیە كە دەگاتەوە بە قوم . موقتەدا دێوەكەی ئەو فانۆسە سیحریەیە كە چارەسەری قەیرانی دیوای هەڵبژاردنەكە دەكات لەنێوان ئێران و ئەمریكادا . هیچ كامیان ڤیتۆیان لەسەری نابێت . دەگەنەوە بەو حكومەتە تەوافقیەی كە خودی موقتەدا سەدر لە تویتەكەی دوێنێ ی تویتەردا نەخشەی یەكەمی پێكهاتەكانی لە نەسری دەعوە و وەتەنیەی سونە و حیكمەی عەمارحەكیم و دیموكراتی كورد پێشنیاركرد . بێ گومان بە موبارەكەی ئێران و ئەمریكا .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی