هەرێم : ئێمە لە کوێین؟

17/05/2018

ئەحمەدی مەلا

ئەم چەند ساڵەی دوایی، لاپەڕەیەکی سەرنجڕاکێش بوو لە مێژووی هاوچەرخی ئێمە، رێفێراندۆمێکمان بەڕێ کرد، هێشتا ژاوەژاوێکی زۆری داوەتە دوای خۆی، بە فەرمیی پشتگوێ خرا، لە پەنهاندا، وەکو دوو قڕانی ژێر فەرشەکە بۆ رۆژی رەش هەڵگیراوە. بزوتنەوەی گۆران سەرکردە مێژووەکەی لە دەستدا، مامجەلال بە مردنێکی سست ئاوابوو، بارزانی لە سێبەردایە. "نەوەی نوێ" بە گوتارێکی لیبرالییەوە هاتە پێشەوە، بەڵام کەرەسەکانی هێشتا پێ نەگەیشتبوون، جگە لە گەنجە خوێن گەرمە هەژارەکان زیاتر، ئەوانەی لە دەوری ئەم بزووتنەوە نوێیە کۆبوونەوە، بەس نەبوون تا بتوانن تێکەڵی تەواویی ئەم چرکە ساتە مێژووییە بن. راستە سیاسەت ئیقتیسادە، بەڵام سیاسی نابێ بازرگان بێ. جودابوونەوەی بەرهەم ساڵح زۆر دواکەوت، نەیتوانی لەو ماوە کەمە زۆر شت بەدەستبێنێ. هەڵبژاردنێک تاکو ئێستا مقۆمقۆی زۆری لە دەورە. بۆ یەکەمینجار کورد لە شارۆچکەی حەویجە رەقمی قیاسی بشکێنێ، هەڵاتن لە کەرکووک و گەڕانەوە لە رێگای سنووقەکانی دەنگدانەوە زۆر قسەی پێیە. لە قاسم سلێمانییەوە بۆ هاککارانی بیانیی. موقتەدا سەدر، دێتە پێشەوە و لەگەڵ کۆمۆنیستەکان دەست تێکەڵ دەکا، کەچی باوکی موقتدا بە دوو کتێب " اقتصادنا" و "فلسفتنا" رەخنە لە باوکی رۆحی کۆمۆنیسم دەگرێ : کارل مارکس. ئەم کاروانە دەگاتە کوێ؟ ئەمە لوغزێکە، رۆژ نییە رەمڵی بۆ لێندەدرێ لەو رۆژهەڵاتەی کە شتەکان لە رێگای ئەستێرە و مانگەوە دەستنیشان دەکرێن. هەولێر و دهۆک دوو شاری نیمچە یەکڕەنگ بەرامبەر بە سلێمانییەکی فرە دەنگ و فرە رەنگ، زۆرجار موعارەزە کورت دەکرێتەوە بۆ گردەکە کە ئەمە یەکێکە لە خەوشەکانی ئەم بزووتنەوەیە کە نەیتوانی رەشماڵەکەی لە پایتەختی هەرێم بۆ یەکجارەکی هەڵدا. سووننە هێز و وەزی بە تەواویی وشک کرا، برینەکانی قاعیدە و داعش و حەشد هێشتا و بۆ ماوەیەکی زۆر بە جەستەی ئەو پێکهاتەیەوە دەمینێ کە دۆڕاوی یەکەمی دوای ٢٠٠٣ بوو . ناڕازییەکان ئیمزا کۆدەکەنەوە و دەیانەوێ رەوڕەوەی مێژوو بگەڕێتەوە و بە دەست کاغەزەکانی هەڵبژاردن بژمێردرێنەوە ؛ لە وڵاتێکدا، دوای ٢٠٠٣ەوە جورئەتی ئەوە نەکراوە ژمارەی دانیشتوانی خۆی بە وردیی بژمێرێ. حیساباتەکان تێکەڵ و پێکەڵن. فشارەکان دەگەڕێنەوە بۆ سەر ئێران و ئەورووپا دەچێتەوە پاڵ ترامب، تمەنی ئێرانی هاڕە دەکا وەکو ئەوەی کوردان هەموو رۆژێک باسی دەکەن. رۆژهەڵاتی قودس بۆ یەکەمین جار باڵێوزخانەی ئەمەریکی خەونی فەڵەستینییەکان لە چاڵ دەنێ و ئەردۆگان داوا دەکات جیهانی ئیسلامی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێ کەچێ خۆی یەکەمین وڵاتی موسڵمان بوو کە دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیل نا. بە کورتی سبەینێ زۆر نادیارە، شەڕکردن لە پێناو گەڕانەوە بۆ بەغدا، پەردەیەکی سەیر بەسەر ٢٥ی سەبتەمبەردا داداتەوە، بەڵام دیمەنی شانۆگەرییەکە تەواو نەبووە. کۆمەڵگەی هەرێم هێشتا بە تەواویی بە دەنگی جودا رانەهاتووە، هێشتا پێی باشە لە باوەشی تەقلید ژیان بەرێتە سەر و رەمەزانەکەی بە خۆشی بباتە سەر. ئیسلامی سیاسیی کورتی هێنا، واتە هێشتا ئەوانەی سیاسەتی ئەم پەنجا ساڵە بەڕێوە دەبەن، دەمێنن. پەنجا ساڵ : بەڵێ، چونکە یەکێتیش بەرهەمی پارتی دیموکراتی کوردستانە! خەڵکییش موچەیان هەبێ یا نەبێ، چاوەڕێی پاداشتی ئاسمان و رەحمەتی دەسەڵاتی پێ باشترە لە موغامەرە. ئەوەی موغامەرەش نەکات، نابێ بە هیچ وەک فەڕەنسییان دەبێژن.
ئەحمەدی مەلا ٢٠١٨/٥/١٧

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی