باشترین بژاردە نەچونە بەغدا

17/05/2018

ئارام قادر حەمە‌‌سور

دوای ئاشکراکردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وێستگەکانی دەنگدان، زۆربەی لایەنەکان توشی شۆک بون، بەهۆی پێشبینی نەکردنی ئەنجامی گەورە بۆ جوتحزبی دەسەڵات. گۆڕان و کۆمەڵ بەپشت بەستن بە ڕاپرسیەکان و بونی هەڵوێست دژی دەسەڵات چاوەڕێی زیادبونی دەنگەکانیان دەکرد. پێشبینیەکان زیادبونی دەنگی ئەم دو لایەنەی دەردەخست. لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسیش کە لە یەکێتی نیشتمانی جیابۆتەوە دەیویست خۆی بسەلمێنێت، چونکە بەشێکی زۆری دەنگی یەکێتی دەبات. کادیرانی یەکگرتوش چاویان لە زیادبونی دەنگەکان بو.

دوای چوارساڵی سەخت بۆ هاوڵاتیان دەبو یەکێتی و پارتی سزا بدرێن و دەنگیان کەمبکات، بەتایبەتی دوای لەدەستدانی شەنگال و کەرکوک و پاشان ڕیفراندۆمە فاشیلەکەو چوارساڵی سەختی ئابوری و گرفتی موچەو پاشەکەوتی موچە و شەهید و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی برسی. بەڵام ئەنجامە سەرەتاییەکان دەریخست یەکێتی و پارتی دەنگی باشیان هێناوە!؟ دواتر لەلایەن گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی و یەکگرتو دەسەڵات تۆمەتبارکرا بە هاککردن و پڕۆگرام کردنی ئامێرەکانی دەنگدان بۆ بەرژەوەندی خۆی، چەندین بەڵگەی ئاشکراش نیشاندراون، بەتایبەتی یەکێتی چۆن توانی لەکەرکوک پێنج کورسی بێنێت دوای ڕوداوی16ی ئۆکتۆبەر؟ یان پارتی چۆن زۆرترین دەنگی موسڵی هێناوە دوای لەدەستدانی شەنگال؟ یەکێتی د.بەرهەمی لێجیابۆتەوە و لیستی هەیە ئەی چۆن ئەم دەنگانەی هێناوە؟ گۆڕان لەوپەڕی بەهێزیدابو چۆن دەنگی کەمی کردوە؟ پاشان نەوەی نوێ چۆن توانیویەتی دەنگێکی زۆر بێنێت؟ گومانەکان بۆ سەر ئەم هەڵبژاردنە زیادی کردو هەرێمی کوردستان و کەرکوک گومانی یاریکردنی بە دەنگەکان لێدەکرێت.

دوای شکات و بەدواداچونی ئەم چوار لایەنە لە کۆمسیۆن ئەگەر دەنگەکان دوبارە هەژمار نەکرانەوە یان دوبارە هەڵبژاردن نەکرایەوە لەم شوێنانەدا کەئەمەیان زۆر قورسە ئەوکات چ هەڵوێستێک بنوێنن؟
باشترین بژاردە بایکۆتکردنی بەغدایە لەلایەن ئەم چوار لایەنەوە و نەچن بۆ بەغداد، با کورسی کورد کەمبکات لەبەغداد بەهۆی سیاسەتی تەزویرچیەکانەوە. پاشان ئەم چوار لایەنە ڕوبەڕوی تەحەدایەکی گەورە بونەتەوە بۆ نیشاندانی هەڵوێیستێکی گەورە بۆ دەنگدەرانیان، چۆن ئەم دەنگانە بگێڕنەوە؟ بەتایبەتی بەهۆی نزیک بونەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول ئەنجام بدرێت. دەبێت ئەم هێزانە متمانە بۆ دەنگدەران بگێڕنەوە تا خەڵک بتوانێت جارێکی تر دەنگ بدات، دەسەڵات بەم سیاسەتە دەیەوێت خۆی بەگەورە نیشان بدات و بە خەڵک بڵێت دەنگدان گرنگ نیە هەرخۆم زۆرینەم، بەمەش سایکۆلوجیای دەنگدەر توشی بێ ئومێدی دەکەن، تا بەشداری دەنگدان کەمبێتەوە. بایکوتی بەغداد بکەن و بیر لە دەنگە دزراوەکان بکەنەوەو خەمی هەڵبژاردنی داهاتو بخۆن، چونکە دیموکڕاسی لەهەرێمی کوردستاندا لەلایەن جوتحزبی دەسەڵاتەوە کە خۆیان بە دیموکڕات و سوشیال دیموکڕات دادەنێن هاککراوە.

ئارام قادر حەمەسور

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی