ئەوە چی بوو ڕوویدا؟

18/05/2018

عەزیز رەئوف

یەکەم: ئەم هەڵبژاردنە پێی وتین کە هێزە دەرەکیەکان کاریگەریان هەیە نەک ناڕەزاییە ناوخۆییەکان، بە هەر پێوەرێک وەریبگرین چوار ساڵی دوای هاتن و کۆتایی هێزی داعش دەبوو لێپرسینەوەی گەورە لەدەسەڵات بگرێت و لانی کەم دەنگی تر و هێزی تر کورسی دەسەڵات وەربگرن، بەڵام بەو پێیە پاڵنەرە دەرەکیەکان کاریگەرییان زیاترە فشار و ناڕەزاییە ناوخۆییەکان، ئەمەش کاریگەری هەبوو لەوەی کە دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە. 


دووەم: لە کەمپەینی هەڵبژاردندا مژدە و دروشمی قەوارە سیاسیەکان بۆ قەناعەتپێکردنی خەڵک زۆر لاواز بوو, ئەستەم بوو خەڵک بڕوا بکەوە بکات ئەم قەوارە سیاسیانە بچنە بەغدا تەعبیر لە خەون و خولیا و ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و خەڵک ڕای وابوو ئەمە تەنها بۆ تەسفیەی حیساباتی خۆیانە نەک چوون بۆ بەغدا بۆ وەرگرتنی مافی خوراوی خەڵک. 


سێییەم: هەشت مانگ پێش ئێستا هێزە سیاسیەکان داوایان لە خەڵک دەکرد دەنگ بدەن بە بەڵی بۆ ڕیفراندۆم و جیابوونەوە لە عیراق و لەم هەڵبژاردنەش داوا لەخەڵک دەکرا بچن دەنگ بدەن بۆ چوونەوە بۆ عیراق. ئەمە جۆرێک لە ئیهانەکردن بوو بۆ خەڵکی کوردستان کە چۆن ئەم هێزانە یارییان پێ دەکەن و چۆنیان بوێت ئاراستەیان دەکەن. 


چوارەم: ئەم چوار ساڵەی ڕابردوو کە هێزەکان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لە کوردستانەوە لە بەغدا پۆستیان هەبوو، قورساییان هەبوو، بەڵام نەیانتوانی هیچ بۆ خەڵک بکەن و نەیانتوانی موچە و داهات و تەنانەت گەنمی جوتیاران بگەڕێنەوە، بەجۆرێک نەیانتوانی یەک سەربازی هێزە عەرەبیەکان ڕاگرن کە هاتنە کەرکوکەوە. ئەمەش وایکرد کە خەڵک لە کۆی هێزە سیاسیەکان بێتاقەت بێت و وایان تەفسیر دەکرد کە ئەم چوار ساڵە چۆن هیچیان پێ نەکرا ئەم چوار ساڵەی ئایندەش هیچیان پێ ناکرێت.


پێنجەم: نابوتبوونی سیاسەت لە کوردستان و جێهێشتنی سیاسەت بۆ نوخبەیەک و پرسکردن بە خەڵک بە دەنگێک تەنها بۆ چوارساڵ، وای لە بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان کرد بەشداری نەکەن و نائومێد بن لە سیاسەت لە هەرێم و بەجۆرێک پێیان وابوو کە سیاسەت لەم وڵاتە هیچ گۆڕانێک بەدوای خۆیدا جێناهێڵێت.


شەشەم: کاندیدەکانی ئەم خولە زۆر لاواز بوون، بە ئەستم فیگەری دیار و سیاسی شارەزایان تێدابوو، ئەمەش وابکردبوو ئەو کاندیدانە زیاتر پشت بە سەرۆکی قەوارەکەیان یان بە سەرکردایەتی حزبەکەیان ببەستن. لاوازی کاندیدەکان هۆکار بوو بۆ ئەوەی کە نەیانتوانی دەوروبەری خۆیان قەناعەت پێ بکەن کە دەنگیان پێ بدەن. 


حەوتەم: ئەستەم بوو قەناعەت بە خەڵک بکرێ کە ئەم نوێنەرانە بۆچی دەچنە بەغدا. بەکورتی گوتاری قەناعەتپێکردنی هێز و قەوارە و کاندیدەکان بۆ ئەوەی بچنە بەغدا زۆر لاواز بوو. بەڕاستی خەڵک لە گوتاری هێزەکان نەدەگەیشت کە دەچنە بەغدا چی دەکەن و چۆن سیاسەت دەکەن و چۆن و بە چ میکانیزمێک مافی خوراوی خەڵک وەردەگرنەوە.


هەشتەم: دەبوو خیتابی قەوارە و هێزەکان یەک بێت، پەرتبوونی خیتابی هێزەکان خەڵکی بێ ئومێد کردبوو کە ئەم جۆرە پەرتبوونە وای لە خەڵک کردبوو کە بشچنە بەغدا هیچی لێ شین نابێت. 


نۆیەم: خەڵک لە سیاسەت لە عیراق بێ ئومێد بوو، دوای ئەوەی کە هێزەکان پەنایان بردە بەغدا بۆ گەڕانەوەی موچەی خوراویان و یاری خراپی سیاسیە عیراقییەکان لەگەڵ نوخبەی سیاسی کوردیدا دۆخێکی دروست کرد کە خەڵک لە سیاسەت و حوکمڕانی بەغدا بێئومێد بێت.


دەیەم: لە دوای 2010 وە زۆرێک لە گەنجانی کوردستان هیچ ڕۆڵێکیان لە سیاسەت نیە و زۆرینەی ئەوەی بایکۆتی دەنگدانیان کردووە گەنجانن کە ئومێدیان بە سیاسەت لە کوردستان نەماوە و هێزە سیاسیەکان لە کوردستان لەوە لاوازتر بوون قەناعەت بەم نەوەیە بکەن بچن بۆ دەنگدان.


یازدەهەم: ئیدی ئێمە لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆنی ساختەداین. هێزەکانی دەسەڵات دەتوانن ئۆپۆزسیۆنێکت بۆ دروست بکەن کە ڕەخنە لەدەسەڵاتیش دەگرن، گرنگ ئەوەیە لە ژێرەوە بە پاڵپشت بە هێزە ئیقلیمیەکان کۆک بن لەگەڵ یەکتری. ترسناکترین ڕووداوێک بریتیە لە دروستبونی ئۆپۆزسیۆنی ساختە، هێزێک کە دەمامکی بەستووە و بە ئارەزووی خۆی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێت و لە هەڵبژاردنیشدا دەنگ دەهێنێت.

عەزیز ڕەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی