دوو تێبینی لە ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دا

18/05/2018

مەجید ساڵح

مەجید ساڵح
یەکەم: "مستەفا ئەمین" جگە لەوەی کەسێکی خوێنەوار بووە، گرنگی تایبەتی بە مێژووی کورد و ئێرانی کۆن داوە، بۆیە کوڕی یەکەمی ناو ناوە "نەوشیروان" و ناوگیری "ئەنەوشیروان" کە لە مێژوودا ناوبانگی بە "ئەنوشیروانی دادگر" دەرکردبووە، یەکەم پاشای سلسلەی ساسانی ئێران..
"ئەنوشیروان" بە مانای "رۆحی پیرۆز" دێت.. 
نەوشیروان مستەفا ئەمین تا لە ژیاندا بوو رقی لە لەقەب و پاشگری پیرۆزکردن بوو، بەڕای من ناوی نوشیروان بە خۆیوەتی و هیچ پێویست نکات وشەی "رەوانشاد" یان هەرشتێکی دیکەی بۆ زیاد بکرێ..

دووەم: حەقە ئیتر بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەندە خۆی نەئاڵێنێ بە "نەوشیروان مستەفا ئەمین"ەوە و لە نزیکترین کاتدا کۆنگرەی خۆی ببسەتێ و بە پیی هەلومەرجی نوێ و بە میکانیزمی نوێ شێوەی خەباتی خۆی داڕێژێتەوە، بنەما سەرەکیەکانی فکری ئەو بکاتە بەرنامە و کار بۆ بەدیهێنانیان بکات، بەڵام دۆگما نەبێ .. کەڵک لە ئەزمونی کۆنگرەی نەتەوەی ئەفریقا بەرامبەر "نیلسۆن ماندیلا" و کۆنگرەی نیشتمانی هیندستان بەرامبەر "غاندی" وەرگرێ.. ئەو دوو حزبە دوای کۆچی دوایی رابەرەکانیان بۆ ئەوەی ناویان بە گەورەیی و پیرۆزی بمێنێتەوە، لە قۆناغە مێژوویەکاندا درێژەیان بە خەباتی خۆیان دا، بەبێ ئەوەی خۆیان بئاڵێنن بەو رابەرە کاریزمایانەی خۆیانەوە، هەر لەبەر ئەوەشە سنوری ناوبانگی ئەوان وڵاتەکانی خۆیانیشی تەی کرد..
ئەزموونی حزبە کوردییەکان و خۆ گرێدانیان بە رابەرە کۆچکردوەکانیانەوە، زیانی زۆری لە خەبات و تێکۆشانی ئەو رابەرانە داوە، چونکە بە پێی قۆناغەکانی مێژوو و هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لەوانەیە ئەو حزبانە بکەونە هەڵە و کەم و کوڕییەوە، بۆیە ناکرێ لەسەر ئەو رابەرانە حیساب بکرێ..
ئیتر نەوشیروان مستەفا موڵکی خەڵک و مێژووی کوردستانە.. میللەتی گەورە رێز لە تێکۆشان و فکری رابەر و سەرکردە گەورەکانی خۆی دەگرێ..
نەوشیروان مستەفا تا لە ژیاندا بوو ئەوەی لەسەر شانی بوو بەرامبەر میللەتەکی کردی، ئەو چاوەڕوانی پاداشتی نەکرد، هەر لەبەر ئەوەیە پێویستە نەوەکانی ئایندە رێز لەو کەسە بگرن کە نیوەی تەمەنی لە تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی و خۆشگوزەرەنی میللەتەکی بردەسەر..
میللەتی زیندوو ئەو میللەتەیە شانازی بە پیاو و ژنە گەورە و خزمەتگوزارەکانیەوە بکات و رێزیان لێ بنێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی