ئۆپۆزسیۆنی هەرێم بەخۆیدا دەچێتەوە؟

20/05/2018

بەهادین نوری

ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوكرایەوە . لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم ١٥ كورسییان هێناوە بەرانبەر بە ٢٥ كورسی بۆ پارتی و ١٨ كورسی بۆ یەكێتی . 

ئەوەی چاودێری ڕووداوەكانی هەرێمی كردبێ دڵنیایە كە ئەمە ئەنجامی ڕاستەقینەی هەڵبژاردن نیە ، بەڵكو ئەنجامی تەزویرێكی زەقی ئەلكترۆنیە . 

مافی یاسایی رەوای ئۆپۆزسیۆنە كە داوای ژماردنی دەستی دەنگەكانی كرد . ئەگەر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن نەهات بەدەم سكاڵاكەیانەوە دەتوانن سكاڵاكە بەرنەلای سەرەك وەزیران حەیدەر عەبادی . ئەگەر ئەویش نەیەت بەدەمیانەوە دەبێ سكاڵا لە دادگای فیدراڵی عیراق تۆماربكەن . 

بۆ ئەوەی كار ئاسانی بۆ ئەم ئیشەبكەن پێویستە : 
1- گۆڕان و نەوەی نوێ ئاشت ببنەوەو واز لەم شەڕە دەنووكە بێنن كە هەردوكیانی لێ بەرپرسیارن و بیانەوێ یان نەیانەوێ خزمەتی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداریان كردووە و زیانی زۆریان گەیاندووە بە خۆیان . 

2- لیژنەیەكی هاوبەش لە نوێنەرانی هەموویان دروستبكەن بە سەرۆكایەتی حاكم شێخ لەتیف كە دیارە شارەزایە لە یاسادا و لە سیاسەتدا . بائەم لیژنەیە سەرگەرمی كاروباری ئەم پرسەبێ . 

3- بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق هەلەیە و زیانی گەورەتان لێدەدات . عێراق بەرپرسیار نیە ، بەڵكو دوو حیزبی كوردی بەرپرسیارن . ئەگەر یەكێكیش هەبێ بەشداربێ لەبەر پرسیارێتیدا یان سەرۆكی كۆمیسیۆنە یان سەرەكوەزیرانە . 

4- دەبێ ئۆپۆزسیۆن لە ئیستەوە خۆی ئامادەكات و نەخشە داڕێژێ بەرەو هەڵبژاردنی هەرێم بە شێوەیەكی شەفاف و دیموكراسیانە . 

5- دەبێ بەهیچ شێوەیەك بیر لەبەكارهێنانی زەبر و زۆر نەكرێتەوە چونكە ئەوە ویرانكاری بێ كۆتایی بەدواوەیە و دەسەڵاتداران خواخوایانە .

بەهادین نوری

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی