کێشەی ئۆپۆزسوێن لەگەڵ دەسەڵاتدا چییە؟

21/05/2018

جیهاد محەمەد

ئەوەی من تێیگەیشتووم، ئەوە نییە کە دەسەڵات دنیای مرۆڤەکان وێراندەکات و ئۆپۆزسوێن دنیاییەکی ئازادی بۆ مرۆڤەکان دەهێنێتە ئاراوە و مرۆڤ دەگەیەنێت بە کامڵ بوون. ئەم بیرکردنەوەیە، لە بیکردنەوەیەکی ئایدۆلۆژیانە زیاتر هیچی تر نییە.
بە بڕوای من کێشەکە ئازادیە، ئازادیەک، کە نە دەسەڵات تێیگەیشتووە، نە ئۆپۆزسوێن تێیگەیشتووە، هەردوو لا لێکدانەوەیەکی نا عەقڵانی و نا رۆشبیریی و نا فەلسەفییان هەیە بۆ ئازادی.
ئازادی، مەودایەکە، هەرگیز ناگات بە کامڵ بوون، هەرگیز تەواو نابێت. تەواوبوونی ئازادی و دەستنیشاکردنی سنوری ئازادی وێرانکردنی خودی تاک و کۆمەڵگەیە، وێرانکردنی تێگەیشتنە لە خودی مرۆڤ وەک تاک یان وەک خود.
خود، ئەو سەبجێکتەیە، کە هەرگیز کامڵ نابێت و بەردەوام بۆشاییەکی تێدایە، واتە هەرگیز ناگات بە ئۆبجێکت، وەک ئەوەی کە دەسەڵات یان ئۆپۆزسوێن بانگەشەی بۆ دەکات. 
دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، دەسەڵاتە تۆتالیارەکان، دینییەکان، ناسیۆنالستییەکان، فاشییەکان کە دەرهاتەی ئەو ئایدۆلۆژیایانەن، کە دنیا و مرۆڤەکان پێکەوە لە قاڵبدەدن و مێژوو بە کۆتا دەگەیەنن، مرۆڤەکان وێران دەکەن، مرۆڤەکان دەگەیەنن بە بنبەستێک لە دنیاییەکی داخراودا و، بیرکردنەوەی مرۆڤییانە، بیرکردنەوەی ئازادیانە بە کۆتا دەگەیەنن، ئیتر مرۆڤەکان دبن بە مێگەلێکی هیچ نەزانی وا کە تەنها بە دوای گەدە تێرکردن و سێکس تیرکردن و زاوزێوەبن، لە کوێ لەوەڕی خۆش بێت دەیانگەیەننە ئەوێ، ئەو لەوەڕگایەی کە دەسەڵاتیش و ئۆپزسوێنیش پێی دەڵێن "خۆشگوزەرانی". خۆشگوزەرانی لای دەسەڵات و لای ئۆپۆزسوێنیش سک هەڵئاوسانە، لە لایەکیتریش سڕینەوەی خۆشەویستیە، لە جێگەی خۆشەویستی تێرکردنی سێکس و سێکسواڵێتیە، گیرفان پڕکردنە لە پارە. 
لە راستیدا، "خۆشگوزەرانی" و"دادپەروری" و "یەکسانی" جیاناکرێتەوە لە ئازادی، ئەو ئازادییەی کە هەرگیز مرۆڤەکان وەک سەبجێکت تێر نابن لێی و بەردەوام زیاترو زیاتر داوەدەکەن. گەیشتن بە "ئامانج" درۆیەکی گەورەیە بۆ مرۆڤی ئازاد، ئامانجی راستەقینە ئەو دنیا بەختەوەرەیە، کە بەردەوام لە گۆڕاندایە، هیچ شتێک لەم دنیایەدا ناوەستێت و وەستانی بۆ نییە، جگە لە یاسای گۆڕانکارییەکان ،هەموو شتێک لە گۆڕاندایە. 
کێشەی ئۆپۆزسوێن، دەسەڵاتخوازییە، دەسەڵاتخوازییەک کەوا بیردەکاتەوە دنیا دەکات بە شامی شەریف و، دنیا راوەستاو و جێگیر و لە قاڵبدراو دەبێت، بۆیە ئۆپۆزسوێن فێڵی لێ دەکرێت، ساختەی هەڵبژاردنەکانی لێ دەکرێت، بە ئاسانی کودەتا دەکرێت بەسەریدا، بە ئاسانی جەماوەرەکەی هەڵدەخەڵەتێنرێت، چونکە جەماوەرەکەی بە ئاوێکی قوولدا مەلەی پێنەکراوە، کە لوێچە ئاوەکانی دەسەڵات نەیخەنە مەلەکردن و، تێبگات لە ئازادی و بەختەوەریی و خۆشگوزەرانی. زۆربەی ئەم وشانە، زۆربەی ئەم پەروەردەیە، زۆربەی هەم فەرهەنگەی ئۆپۆزسوێن هەمان وشە و فەرهەنگی دەسەڵاتە لە لایەن ئۆپۆزسوێنەوە بەکاردهێنریتەوە.
هێشتا ئۆپۆزسوێن نەیتوانیەوە زمانێکی تر، فەرهەنگێکی تر، پەروەردەیەکی تر، بهێنێتە ئاراوە بۆ تێگەیشتن لە کێشەکانی تاک و کۆمەڵگە. هەر بۆیە بەردەوام ئۆپۆزسوێن بە دوای دروشمەکانی کوردایەیتەوەیە. فەرهەنگی ئۆپۆزسوێن لاستیکیە وەک فەرهەنگی دەسەڵات، پەروەردەی جەماوەری ئۆپۆزسوێن هەمان پەروەدەی دەسەڵاتە بۆ جەماوەرەکەی.

جیهاد محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی