بایكۆتی بەغداو دوو خاڵ

22/05/2018

په‌یكه‌ر عوسمان

١- بۆ هێزێكی سیاسی عەیب نیە شتێك نەكات كە ئەسڵەن ناتوانێ بیكات، عەیب ئەوەیە كە شتێك بتوانێ بیكاو نەیكا. 

گرنگە گۆڕان و هێزەكانی تر بایكۆتی پەرلەمانی بەغدا بكەن، نە لەبەر ئەوەی ئەمە هەڵوێستێكی گەورەو گران بێ و دەسكەوتی سیاسی گرنگی لێ بچنرێتەوە.. بەڵكو لەبەر ئەوەی لە ئێستادا بەرامبەر تەزویرە مەزنەكەو هێزە تەزویرچییەكان هەر ئەوە ئەكرێ، دەی خۆ ئەبێ شتێكیش بكرێ.

٢- ئەم بایكۆتە ئەگەر بكرێ و پەرلەمانتاران ئیلتزامی پێوەبكەن، خاڵی وەرچەرخانە بۆ ئەوەی لە مۆدێلی پەرلەمانتاری گیرفانەوە بپەڕینەوە بۆ مۆدێلی پەرلەمانتاری 'هەدەپە' كە مۆدێلی قوربانیدانە!

گۆڕان كە هات ماناو ڕۆحی كردەوە بە بەری پەرلەمان و پەرلەمانتاردا، بەڵام لە تەزحیەو قوربانیدانی پەرلەمانیدا نەیتوانی هەنگاوی گەورەبنێ.

سەیركە پەرلەمانتاری هەدەپە، جاری وایە مان لە خواردن ئەگرن تا مردن، پەرلەمانتاری خۆشمان هەموو مانگرتنەكەی ئەوەبوو كە شەوێك لە پەرلەمان بمێنێتەوەو لە فەیسبوك ڕەسممان بۆ پۆست بكات!

جا ئەو پەرلەمانتارە دەرچووانە، ژمارەیەكی كەم و ناكاریگەرن ئەگەر بچن، بەڵام نەچوونیان و دەستهەڵگرتن لە ئیمتیازە زۆرەكانی پەرلەمانتاریی، هەڵوێستێكی مێژوویی كاریگەرەو ئەخلاقی سیاسیی و ورەی خەڵكی ناڕازی و گیانی لە خۆبوردن و قوربانیدان تا ڕادەیەكی زۆر باش بەرز ئەكاتەوە، ئەمەش خەباتی مەدەنی ئەباتە قۆناغێكی گەرمترەو مانادارتر، هەلێكی باشیشە بۆ ئەو كەسانە بۆ بوون بە سەركردە.

سەیركە ئارام و شەهاب شەهیدبوون، نەوشیروان ئەوروپاو دوكتۆرای بەجێهێشت بۆ شۆڕش، تەواوی سەركردەو ڕەمزەكانی باكور هەر هەموویان زیندانیان بینیوە.. ئەمانە هەریەكەو بەجۆرێك قوربانییان داوە ئینجا بوون بەوەی كە هەن، ئێوەش بە قوربانیدان ئەبن بە سەركردەو هاوشانی دەمیرتاش و لەیلا زانا.. نەك بە هاشوهوش و خۆدەرخستنی سەر شاشە.

پەیكار عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی