‎رێگا دروستەکە کامەیە؟

22/05/2018

پشتیوان زاهیر

‎مانۆڕەکەی سەدر ئەوەمان پێدەڵێت کە مۆدێلێکی نوێ دیموکراسی رووکەش بۆ عیراق ھاوتۆتە کایە ئەویش ئەوەیە؛ لیستی براوە کێکی حکومەت دابەش دەکات، دونیای دەرەوەو دراوسێکانیش وەک دیڤاکتۆی هەڵبژاردن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، ئەگەرچی ناو ماڵی شیعە تەواو پەرتەوازەیە، بەڵام ئەستەمیش نییە سەدر بە چەند ھاوپەیمانێتییەک لەگەڵ کوردو لایەنی تری شیعەو (رەنگە بتوانێ کوتلەیەکی تری سوننەش رازی پێبکات) جاڕی پێکهێنانی ئەو حکومەتە تەکنۆکراتە بدات کەبانگەشەو کەمپینی بۆ دەکات.

‎وابڕیارە کۆتایی مانگی ٩ی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت پارسەنگی ھێز ئەگەر بەم پەرتەوازەییە لە زۆنی رەنگاو رەنگ بمێنێتەوە ئەوا دۆخی ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەردا نایەت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، کەشی ئەم دەڤەرە رەنگاڵەیە خۆڵەمێشیی و تەماویی و ئاڵۆزتر دەکات.
‎کوردستان بەم پەرتەوازەییەوە چ بژاردەیەک هەڵدەبژێرێ بۆ بەرخوردکردن لەگەڵ ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە، لەکاتێکدا سەنگی کورد لەناو پەرلەمانی عیراق لەچاو هەرسێ خولەکەی رابردوو کەمترە.

‎لەناو هێزە کوردستانیەکاندا بۆ یەکێتی گرنگە ئەو پرسیارە بکرێ ئاخۆ کامە رێگا دەگرێتەبەر بۆ یاریکردنێکی دروست و کەمکردنەوەی فشارەکانی سەری لەلایەک و کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی سەری کە لایەنە نیگەرانەکانی دەڤەرە رەنگاڵەییەکە لێی داخراوە.

‎لەهەردوو ئاستی بەغداو کوردستان ئەرکەکان قورسن بەڵان مەحاڵ نیین بە رێگای دایلۆگ و دروستکردنەوەی زەمینەی ئاشتەوایی گێمێکی نوێی سیاسی بەڕێ بکات.
‎ یەکێتی دوای جیابوونەوەی ئەم ھەموو پارچەیە لە جەستەی چیدی ئەو ھێزە نییە کە بێ باک بێت بەرانبەر پارتی، یا ئەو ترسە دروست بکات بەڕەکە لەژێر پێی ئەو رکابەرە دێرینەی دەربھێنێت، بۆیە دوای ھێنانی ئەو ژمارە زۆرە لەکورسی بۆ پەرلەمانی عیراق نابێ و ناکرێ بێباک بێت بەرانبەر ئەو حزبانەی کە پێیانوایە غەدریان لێکراوە. 

‎واتە ئەرکی ئاشتەوایی لەپێشینەی ئەرکەکانی ترە بۆ یەکێتی چ لەناوخۆی خۆیدا چ لەگەڵ هێزە نا ڕازییەکانی کوردستان.

‎یەکێتێ، ھەڵە دەکات ئەگەر لەسەر ئەم چەپکە گوڵی سەرکەوتنەی خەوی لێبکەوێت، چونکە کەرکوک ناتوانێت بەشداربێ لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەمەش یەکێتی ئەو ژمارە زۆرەی کورسی بەدەست ناھێنێت ببێتە کوتلەیەکی بەھێز و مامەڵەی گەورە لەگەڵ پارتی بکات.

‎باشترین بژاردە بۆ یەکێتی ئەوەیە رۆڵی سەدرببینێ ئەمجارە، ئەویش بە ئاشتکردنەوەو دڵنیاییدان بە لایەنە ناڕازییەکانی دەڤەرەکەی کە پێیان وایە دەنگیان براوە، پێویستە ھەرچی زووە بکەوێتە خۆ ھاوشانی وەفدەکەی بەغدا یەکێتی بە چڕوپڕی لەناوخۆی ھەرێم ھەوڵی دروستکردنی ھاوپەیمانێتی بدات لەگەڵ ئەو لایەنانە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا زۆرینە بەدەست بھێنن و ئەمجارە پارتی بەلاوازی بێتە بەردەمیان و ئەو خەیاڵەش لای ئەو حزبە بەتاڵ بکەنەوە کە پێیوایە ھەرخۆی حاکمی رەهای ھەرێمە.

‎پشتیوان زاهیر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی