بایكۆت، یان كاری هاوبەش؟

23/05/2018

كامەران سوبحان

پاش دەرچوونی ئەنجامە سەرەتاییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەو شۆكە گەورەیەی دەنگدەر و زۆرێ لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و عێراقی گرتووە. لەهەمو كات زیاتر، لەناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە، دەنگی"بایكۆتی پرۆسەی سیاسی" عێراق  لەلایەن هەندێ دەنگدەر و چالاكوانە سیاسیی و نووسەرەوە دەبیسترێت. من بۆچونێكی جیاوازم هەیە وبەچەند خاڵێ دەیخەمە ڕوو:

#یەكەم:دەكرێ بایكۆت، یان بایكۆتی كاتی، یەكێ بێت لە بژاردەكان، ئەگەر نا، ئەمە دوورە پەرێزیی و گۆشەگیریی، بۆ ئەم چوار لایەنەی كە كورسییان هەیە درووست دەكات، بەتایبەتیش لە داڕشتنەوەی پەیوەندییەكانی نێووان هەرێم و بەغدا.!

#دووەم: پێش بایكۆت، دەبێ ئەم لایەنانە، فراكسیۆنێكی هاوبەش درووست بكەن. كە ١١ كورسی پەرلەمانیان هەیە. ئاماژەكانیش بۆ ئەوە دەچێت، لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوپەیمانی و ژمارەی كورسی لیستەكان، گۆڕانیان بەسەردادێت، بەهەمان شێوەی پەرلەمانی كوردستان، تەنانەت "١ كورسی"یش نرخ پەیدا دەكات. چۆن بینیمان لە كاتی (پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان) تەنانەت (یەك كورسی) هاوكێشەكانی گۆڕی.! ئەم فراكسیۆنە هاوبەشە دەتوانن، لە كوردستانیش پەرەی پێبدرێت و لە هەڵبژاردنەكانی كوردستانیش، وەك فراكسیۆنێكی گەورە پێكەوە كار بكەن. 

#سێیەم:دەكرێ پێش بژاردەی بایكۆت، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا، ئەم لایەنانە، هەڵمەتێكی فراوان بكەن، چ لە عێراق و لە وڵاتانی هەرێمایەتی و ئەوروپا، بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو ساختەكارییە گەورانەی بەرامبەریان لە هەڵبژاردنەكان كراوە. بایكۆتنەكردن، مانای رازیبوون نییە بەم ئەنجامانەی هەڵبژاردن، بەڵكو ئەو دوو لایەنە، پێیان خۆشە، ئەم شەش لایەنە نەچنە بەغدا، چونكە چوونیان سەرئێسشەیە بۆ ئەوان. ئاماژەی ئەوەش هەیە، ئەم چوار ساڵە لە عێراق حكومەتی زۆرینە درووست بێت. دەكرێ ئەم فراكسیۆنە ١١ كورسییەی ئەوان، لەگەڵ فراكسیۆن و هاوپەیمانییەكانی تر، دەنگێكی ناڕەزایی و ئۆپۆزسیۆنێكی ڕادیكاڵانە بن. ئەوكات جەماوەر لە كوردستان دەزانێ، ئەوان بۆ لە بەغدان و بۆچی بایكۆتیان نەكرد.!

#چوارەم:كاریكی باشە، ئەم هێزانە تا ئیستا سوورن لەسەر رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی دەنگدان، چونكە ساختەكاریی گەورە كراوە لە هەڵبژاردنەكان. بەڵام دەبێ داواكاری و هەنگاوەكانیان گەورەتر بكەن و تەنها لەچوارچێوەی هەندێ درووشمی میدیایی و كۆبونەوەدا نەبێت، بەڵكو هەنگاو بۆ پاڵەپەستۆ و فشاریی مەدەنیی و سیاسیی بنێت. ئەگەر ئەنجامەكان بەم ساختەكارییانەوە پەسەندكران، ئەوە كۆتایی دنیا نییە. كاری سیاسیی پێویستی بە پشوو درێژیی هەیە. بۆیە دەبێ ئەم لایەنانە، سورتربن لەسەر پرنسیپە سیاسیی و ئەخلاقییەكانیان. 

#پێنجەم: دەكرێ كاری هاوبەشی ئەوان لەچوارچێوەی فراكسیۆنێكی هاوبەشدا لەبەغدا، بەدیلێكی بەهێز بێ بۆ(یەكێتی و پارتی) چونكە ئەمە وا دەكات، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ، چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەو دوو حیزبە، بە تاكە نوێنەری خەڵكی كوردستان نەزانرێن و ئەمان وەك بەدیلێكی بەهێزی ئەوان دەربكەون و پرۆژە و كاری گرنگییان هەبێ، بۆ مافی خەڵكی كوردستان و دەستوور و دیموكراسی دوور لە ساختەكاریی.

كامەران سوبحان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی