شایان لەبەردەم دادگادا

23/05/2018

كاردۆ محەمەد

سەربەخۆی دادوەری  ؛لە تێگەیشتنی گشتی دا ،بەمانای توانای دادوەرە ،لە زاڵبوون بەسەر هەموو هەولێكی خاوەن پێگەو پارەداران كه دەیانەوێ كاریگەرییان لە  حكومدانیان  هەبێت. پەیڕەوكردنی مەبدەئی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بناغەیەكی بەهێزە بۆ پاراستنی سەربەخۆی دەسەلاتی داوەری و سەروەری یاسا.

لە هەرێمی كوردستاندا ،هەژمونی دەسەلاتی جێبەجێ كردن زاڵەو یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە(23)ی ساڵی 2007 خزمەتێكی گەورەی هەژمونەكە دەكات. ئەویش بە بونی بۆشای یاسای و سەربەخۆنەبونی لایەنی كارگێڕی ودارای و شێوازی دانانی دادوەران . یاساكە، پێویستی بە هەمواركردن هەیە .چەندین ساڵە ،پڕۆژە یاسا ئامادەكراوە ،پێشكەشی پەرلەمان كراوە ،تەگەرەی دەخەنە بەر بۆ پەسەند كردنی . دادگای پێداچونەوە (تەمییز )لە (15)دادوەر پێكدێت. لە دوومانگی ئایندە چەند دادوەرێك بەهۆی بەسەرچونی تەمەن خانەنشین دەكرێن. بۆ پڕكردنەوەی شوێنیان زەمینە خۆش نەكراوە ، یاساكە هەموار نەكراوە ، پێشنیازو دانانی پارێزەران و دادوەران نەكراوە، دەبێت لە دانانیان  ڕەچاوی تواناو شارەزای و ئەزمون و سەر ڕاستی بكرێت . لە سەروی هەموانەوە پەرۆشی بۆ یاسای مافپارێزی و بێلایەنی و ملكەچ نەبوون بۆ قەڵەمرەوی دەسەڵاتی (تەنفیزی و تەشریعی)لە پاراستنی ماف وشكۆی هاولاتیان لە بڕیاریاندا . ئەركی دادوەرە پارێزگاری لە كەس و چالاكانی مەدەنی و پێشەنگانی بەرگری لەمافی خەڵك بكات ، نەبنە قوربانی بێدادی و نا سەربەخۆیی.  دادوەران ؛دەبێت بە ڕاستە ڕێی و سەربەخۆی دژی جەورو ستەم بڕیار بدەن .خەڵكی ،وەك د.شایان نەكەنە قوربانی بێدادی لە بەر ئەوەی بەرگری لە ماف و داد كردووە.

كاردۆ محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی