هەڵەی ئۆپۆزسیۆن پێش ١٢ی پێنج

24/05/2018

جیهاد محەمەد

زۆربەمان لەوە ئاگادارین و دەزانین، كە دەسەڵات بریتیە لە كۆمەڵێك پەیوەندی، پەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ سوبێكتەكاندا، یان باشترە بڵێین لەگەڵ كۆی كۆمەڵگەدا لە رێگەی كۆمەڵێك دامودەزگاوە جێبەجێ دەكات، وەك دامودەزگا یاسایی و دادگاكان و دامودەزگا كولتووری و زمانەوانیی و پەروەدەیی و قوتابخانەكان و زانكۆكان و دامودەزگا مێدیایی و سۆسیال مێدیا و رۆژنامە و رۆژنامەوانی و دامودەزگا دینیەكانەوە، كە ئەمانە  هەموویان دامودەزگاگەلێكی ئایدۆلۆژین. جگە لەمانەش كۆمەڵێك دامودەزگای سەربازیی و پۆلیس و ئاسایش بە ئاشكرا و هەندێك جاریش دامودەزگای لەم جۆرانە بە شاراوەیی هەیە، وەك كۆمەڵێك كەسی بەڵتەجی و سیخور و خەبەرلێدان و چاودێریكردنی هەرچ جوڵە و بزاوتێك، كە ترسیان لێیان هەبێت، كە دیارە لەم كاتانەدا ئەم دامودەزگایانە بۆ سەركوتكردن و پەلامار و هێرشكردن بەكاریان دەهێنن. 

دەسەڵات، لە هەرچ شوێنێكی دنیادا لە هەوڵی ئەوەدایە، كە خۆی بسەپێنێت، ئەو خۆ سەپاندنە یان بە رازییبوونی تاكەكان و كۆمەڵگە فەراهەم دەكرێت، وەك دەوڵەت و حكومەتە دیموكراتەكانی ئەوروپا، یان بە زۆرە ملێ و بە سەركوتكردن فەراهەمی دەكەن، وەك دەوڵەتان و حكومەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوین، كە كوردستان و عێراقیش لەو جۆرەن. 

ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە و دروست، ئۆپۆزسیۆنێكە، كە رەخنەی هەموو ئەم پەیوندیانە دەكات، رەخنە لە پێناوی گۆڕانكاریدا، رەخنە لە پێناوی جێگرەوەی دەسەڵاتی ستەمكار بە دەسەڵاتێكی دیموكرات و دادپەروەر. 

دەسەڵاتی ستەمكار، تەنها لە یەك بواری ژیاندا، یان لە یەك دامودەزگادا ستەمكار نییە، بەڵكو كۆی دامودەزگاكانی لەسەر ئەو فەرهەنگە دامەزراون، كە دەسەڵاتی ستەمكار بپارێزن، ببن بە هۆكار و فاكتەرگەلێك بۆ درێژەدان بەم حوكمڕانییە ستەمكارە، بە ناوی شەرعیەتی حوكمڕانییەوە، كە زۆر جار ئەو شەرعیەتەیان لە هەڵبژاردنەكانەوە وەرگرتووە. ئەمەوێت ئەوە بڵێم، كە پێویستبوو ئۆپۆزسیۆن زۆر لەوە زیرەكتر و وردتر بێت، كە بكەوێتە داوی ئەوەوە كە بە بوونی كۆمەڵێك كەسی باش لەم دامودەزگایانەدا ئیتر چاوپۆشی بكات لێیان و بە دامودەزگاگەلێكی پاك و خاوێن و دیموكرات سەیریان بكات. بۆ نوموونە پێدەچێت كۆمەڵێك دادەوەری باش لە دادگاكاندا بوونیان هەبێت، كۆمەڵێك مامۆستا و بەڕێوەبەری باش لە قوتابخانەكاندا و لە زانكۆكاندا بوونیان هەبێت، كۆمەڵێك ئەفسەر و لێپرسراوی باش لە دەزگاكانی پۆلیس و سەربازییدا بوونیان هەبێت، هەرەوەها... گەلێكی تریش.

دەبوو ئۆپۆزسیۆن هێندە زیرەك بوایە، كە بیزانیایە هەموو دامودەزگاكانی دەسەڵات لە كوردستاندا ماوەی ٢٧ساڵ زیاترە لە بوونیادەوە گەندەڵ بوون، لە بوونیادەوە بوون بە دامودەزگاگەلێكی ستەمكار و بەرهەم هێنانی ستەم و زوڵم و نادادپەروەری و نادیموكراتی. بۆیە بوونی كەسانی باش و دیموكراتخواز ئەم دامودەزگایانە نابن بە دیموكرات و دادپەروەر. 

بەرەی ئۆپۆزسیۆن  بە گشتی چ تاك یان وەك ئۆرگانی سیاسیی، پێویستبوو ئەو حەقیقەتە بزانن، كە تا ئەم دامودەزگایانە هەڵنەوەشێنرێتەوە و لە جێگەیدا سەرلەنوێ نەكرێن بە دامودزگایەكی دیموكرات هیچ گۆڕانكارییەك دروست نابێت. ئالێرەوە چەند رەخەنەیەك لەسەر ئۆپۆزسیۆن دەخەمە روو: ١/ جەختكردنەوەی زۆر لەسەر دزی و فزی دەسەڵات و بە فیرۆدانی سامانی وڵات و بێ موچەكردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و گەندەڵیە زۆر و زەوەندەكانی دەسەڵات، چەند كارێكی پێویست و لە جێگەی خۆیدا بووە، بەڵام نەدەكرا ببێتە هۆكارێك كە ئۆپۆزسیۆن بیكات بە چەقی رەخەنەكانی خۆی بە جۆرێك، كە هەموو پەیوەندیەكانی دەسەڵاتی لەو دامودەزگایانەی كە ئاماژەم پێدان لە بیربەرێتەوە. دەبوو ئۆپۆزسێون مەسەلەی گۆڕانكاری لە هەموو دامودەزگا ئایدۆلۆژیی و سەركوتكەرەكاندا بكردایە بە مەسەلەیەكی ستراتیژی و تەنها چاوی لەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسیی لە سەرۆكایەتیەوە بۆ پەرلەمانی نەبوایە، یان تەنها چاوی لەسەر دەستاودەستكردنی دەسەڵات نەبوایە، چونكە ئەگەر بەرەی ئۆپۆزسیۆن گزیی لێ نەكرایە و بیتوانیایە زۆرینەی كورسیەكان بە دەست بێنێت، ئەوە بە شێوەیكی ئۆتۆماتیكی دەستاودەستی دەسەڵات دەكرا، بەڵام بەم دەستاودەستكردنەی دەسەڵات، هیچ لە حوكمڕانییەكە نەدەگۆردرا، ئەگەر سەرلەبەری دامودەزگار گەندەڵەكان نەگۆردرایە بۆ دامودەزگاگەلێكی دیموكراتی و دادپەروەری.

٢/ دەبوو بەرەی ئۆپۆزسێۆن و بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی نەكەوتنانەیەتە ژێر كاریگەری ریفراندۆمە شومەكەی پارتی و بارزانی، كە هەردوو رێكخەری گشتی و رابەری كۆمەڵ دەنگیان پێدا. 

٣/ دەبوو بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان راستەوخۆ پشتیوانیان لە خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان بكردایە و خودی خۆیان راستەوخۆ هاوبەشیان تێدا بكردایە و ئەمەشیان رابگەیەندایە.

 ٤/ دەبوو ئۆپۆزسوێن وەك هەموو ئۆرگانە سیاسییەكان، بە هیچ جۆرێك بڕوایان بە دامودەزگاگەلێك نەبوایە، كە دەسەڵات دروستی بكات و بچنە ژێر كاریگەریەوە وەك دەزگای كۆمۆسیۆنی هەڵبژاردنەكان، كە بەداخەوە خودی خۆیان بانگهێشتی خەڵكیان بەوە دەكرد، كە ئەم دەزگایە، دەزگاریەكی پاك و بێگەردە و گزی لێ ناكرێت. 

هەموو ئەمانە قابیلی راستكردنەوەن و شتێك نییە لە دەست چووبێت.

جیهاد محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی