لە بارەی بەشداری، یان بایکۆت، بۆچی دەبێ بایکۆتی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا نەکەین؟

25/05/2018

جەعفەر عەلی

بڕیاردان لە بەشداری، یان بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی لە عیراق وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر ئەنجامی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵوێستی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق، یەکێک لە گرنگترین ئەم پرسانەیە، کە بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی، خستۆتە بەردەم نواندنی هەڵوێستەوە.
بەر لەوەی ئەم هێزە سیاسییانە دوا هەڵوێستی خۆیان نیشاندابێ، بەشێک لە ئەندام و هەوادارانیان، لەڕێی میدیا و تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە، بیروبۆچوونی خۆیان راگەیاندووە. پرسیار ئەوەیە، ئەم هێزانە دەچنە ژێر گوشاری ئەم تۆڕانەی پەیوەندییەوە، یان دادەنیشن و وردتر کۆی لایەنە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانی پرسەکە هەڵدەسەنگێنن و وەک هێزی خاوەن پرینسیپ، سیاسییانە بڕیار دەدەن، نەک لە ژێر کاریگەری هەڵوێستی ناسیاسی و درشتی میدیاییەوە.
بە دڵنیاییەوە بڕیاردان لە وەها پرسێک بە هەر بارێکیدا بێت، وەک ئاسان نییە، بێ کێشەش نابێ، بەڵام دەبێ بزانین هێزی سیاسی لەڕێی ئەم هەڵوێستانەوە دەتوانێ کاریگەرتر لە بەشداری ململانێی سیاسیدا بمێنێتەوەو ناسنامەی سیاسی و ستراتیژی کاری سیاسی خۆی دیاریبکات، نابێ لە ژێر فشاردا بڕیار بدات، دەبێ قازانجی سیاسی و ئایندەیی حیزبەکە، لە سەروو چەند هەڵوێستێکی بێ بیرکردنەوەی قوڵ ببینێت. هەروەکچۆن دەبێ هێزی ئەوەیشی هەبێت بڕوا بە ئەندام و لایەنگران و دەنگدەرانی خۆی بهێنێت، کە قازانجی گەورەی سیاسی لە چ گۆشەیەکەوە روونتر دەردەکەوێ.
لیرەدا هەوڵدەدەم، پێچەوانەی هەڵوێستی سەرەتای خۆم، کە بێ بیرکردنەوەی ورد لەڕێی تیڤییەوە خستبوومە روو، بۆچوونم سەبارەت بەم پرسە، پرسی بەشداریکرن لە پرۆسەی سیاسی عیراق و رەتکردنەوەی بایکۆت، بەم چەند خاڵە دەستنیشان بکەم.
1. بەشداریکرن لە پرۆسەی سیاسی عیراق، واتە هێشتنەوەی ئەم هێزە سیاسییانە لەنێو وێنە سیاسییە گەورەکەدا لە ئاستی سیاسی و پەیوەندی و بەریەککەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ کۆی هێزە عیراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا. 
2. بەشداریکرن دەرفەتی زیاتر بۆ ئەم هێزە ناڕازییانەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەڕەخسێنێ، تا لە ئاستی عیراقی بتوانن پەیوەندی و تێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و هەژموونی پارتی و یەکێتی بەسەر کۆی دەزگاو دامەزراوەکانی چەکداری و ئەمنی و دادگا و سامانی گشتییەوە، دروستبکرێت. دەبێ بشزانین بەشداریکردن مانای هاوهەڵوێستی، یان کاری هاوبەش لەگەڵ پارتی و یەکێتی لە بەغدا ناگەیەنێت، بەڵکو ئەم چوار هێزە دەتوانن وەک یەک فراکسیۆن لە پەرلەمانی عیراق بە ئەجێندای سیاسی و نەتەوەیی هاوبەشەوە، کاری هاوبەش لە پێناو دۆزی سیاسی و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستاندا بکەن.
3. هەموو هێزێکی سیاسی نوێ بەر لە هەر شتێک دەبێ هەوڵی ناساندنی ناسنامەی سیاسی خۆی لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکەو وڵاتان، بە رێگەی دیپلۆماسی بدات، بەغداش بۆ ئێمە باشترین سەنتەری ئەم دەربازبوونەیە لە جوگرافیای بچووکی پەیوەندی سیاسی. بایکۆت ئەم کەناڵە بە تەواوی بەرتەسک و بچووک دەکاتەوە، وا دەکات لە نێو بازنەی رووبەرێکی لۆکاڵی هەرێمی کوردستاندا بمێنینەوە.
4. بەشدارینەکردن لە عیراق، لە پلەی یەکەمدا، واتە بایکۆتی کۆمەڵێک هێزی براوەی وەک لیستەکانی (سەدر، فەتح، نەسر و حیکمەو ....)، نەک بایکۆتی پارتی و یەکێتی، لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکانی ئەم هێزانە لە بەرامبەر ساختەکارییەکانی پارتی و یەکێتییە لە هەرێم، نەک لە بەرامبەر لیستە عیراقییەکان لە ناوەڕاست و باشوری عیراقدا.
5. بەر لە بڕیاردان لە بایکۆت، دەبێ بە وردی بیر لە وەڵامدانەوەی پرسیاری دەنگدەران بکرێتەوە، کاتێک تۆ لە ئاستی عیراق بڕیاری بایکۆتی سیاسیتدا، چۆن وەڵامی ئەندام و لایەنگر و دەنگدەرانی حیزبەکەت دەدەیتەوە لە بەرامبەر بەشداری و مانەوەت لە دەسەڵاتە خۆجێییەکانی هەرێمی کوردستاندا؟ ئەگەر ئەم راستییەش بزانین نیگەرانییەکانی ئەم هێزانە سەبارەت بە پرسی ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن، هێندەی روو لە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتییە لە هەرێم، هێندە روو لە بەغدا نییە. بۆیە لەبری بیرکردنەوە لە بایکۆتی بەغدا، باشتر وایە بە وردی بیر لە بایکۆتی بەشداری سیاسی لە دەسەڵاتە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
6. لە پرسی بایکۆتدا هەمیشە گومانێک بۆ بەشداری بچووکتر لە حیزب دەمێنێتەوە، واتە ئەگەر وەک نموونەی گریمانەیی قسەی لەبارەوە بکەین، کاتێک وەک حیزب بڕیاری بایکۆت درا، بەڵام ژمارەیەک لە پەرلەمانتارە دەرچووەکان بە بڕیارەکەوە پابەند نەبوون، چۆن وەڵامی دەنگدەران دەدەنەوە؟ یان کێ دەتوانێت دڵنیایی تەواو بدات، کە ئەم هێزانە هەموویان وەکیەک و تا سەر بە بڕیاری بایکۆتکردنەوە پابەند دەبن، تایبەت (یەکگرتووی ئیسلامی) ئایا دەتوانێ پەرلەمانتارەکەی بادینانی بە پابەندبوون بە بڕیاری بایکۆتی سیاسییەوە تا کۆتایی پرۆسەکە، رازیبکات؟
7. بۆ هەر کەسێک ورد سەیری کۆی دیمەنەکە بە گەورەیی بکات، نەک لە گۆشەیەکی بچووکەوە، ئەم هێزانە بڕوایان وایە لەڕێی بایکۆتەوە هەڵوێست بۆ مێژوو تۆماردەکەن (هەڵوێست لە بەرامبەر ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن لە عیراقدا)، واتە جگە لە تۆمارکردنی هەڵوێست هیچی دیکە ناکەن. بە دڵنیاییەوە تۆمارکردنی هەڵوێست لە کاتی خۆیدا لە پرۆسەی سیاسی و ململانێی سیاسیدا گرنگە، بەڵام هێشتا کات و رووداوی دیکە زۆرن بۆ نیشاندانی هەڵوێستەکان، چونکە بە بڕوای من لە ئێستادا ئەم هەڵوێست تۆمارکردنە، جگە لە نواندنی هەڵوێستێکی رووت، هیچی دیکە نابێ و ناتوانێ هیچ کاریگەرییەکیش نە لە درزخستنە نێو پرۆسەی سیاسی عیراقدا دروستبکات، نە وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی بە قازانجی پرسی دیموکراسی و بەهێزکردنی پێگەی سیاسی ئەم حیزبانە، بێنێتە سەر خەت، هەروەکچۆن لە رووی جەماوەریشەوە، پێناچێت ئەنجامی دڵخۆشکەر بە دەستەوە بدات. واتە پرسی بایکۆت لە ئێستادا، ناتوانێ هیچ خزمەتێکی گرنگ بە بەرژەوەندی ئەم هێزە سیاسییانە بکات، بۆیە بەشداریکردن لە پرۆسەکە، بڕیارێکی ژیرانەترە لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە.
8. هەمووان و ئەم هێزە سیاسیانەیش، کە تا ئێستا لە نێوان بەشداریکردن و بایکۆتی سیاسیدا دێن و دەچن، دەزانین کە بەرپرسی یەکەم لە ساختەکارییەکانی هەڵبژاردنی عیراق لە رووی قانونییەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراقە، تایبەت کاتێک ئامادەی گوێگرتن و پیداچوونەوە بە سکاڵای لایەنە سیاسییە ناڕازییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن نابێت، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، ئەو گوشارانەی وا دەکات ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەبێ پێداچوونەوە بە سکاڵاکان بەخێرایی پەسەند بکرێت، گوشاری ناوچەیی و نێودەوڵەتین، نەک عیراقی. ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بە دوای سەقامگیری سیاسی و ئارامی عیراقدا دەگەڕێن، ئەمەش یەکەم ئەزموونی هەڵبژاردنی دوای سەرکەوتن بەسەر داعشە لە عیراقدا، بۆیە بە هەر جۆرێک بێت، سەرخستنی ئەزموونەکەیان لە سکاڵای چەند لایەنێکی سیاسی پێ گرنگترە، تایبەت ئەگەر ئەم راستییەش بزانین، بایکۆتی ئەم هێزانە لەسەر ئاستی گشتی پرۆسەکەدا ناتوانێ هیچ کەلێنێکی قانونی و سیاسی دروستبکات. ئایا لە رێی بایکۆتی سیاسییەوە دەتوانرێ هیج گۆڕانێک لە ستافی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا بکرێ، ئایا بایکۆت، ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی دیکەیش کە پشتگیری خۆیان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە راگەیاندووە، دەتوانێ هیج ئاڵوگۆڕێک لەم هەڵوێستانەیاندا بێنێتەدی؟ بە بڕوای من وەڵامی ئەم پرسیارانە پۆزەتیڤ نین، بۆیە بڕیاردان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا بڕیارێکی ژیرانەترە لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، تا بڕیاردان لە بایکۆت.

جەعفەر عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی