دەوڵەت و مناڵەکانی

30/05/2018

سەردار عەزیز

ڕۆژانی ڕابوردوو لە ئینستیتۆی کلینتۆن لە شاری دوبلن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ خەڵكێکی زۆر لە جێگای جیاوازی دونیاوە کۆبونەوە بۆ قسەکردن لە سەر پەیوەندی دایاسپۆرا و گەشە. بۆ من هەموو پرسەکان لە بازنەی دەوڵەت و خەڵكەکەی یان مناڵەکانیدا دەخولایەوە. لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەری زۆر وڵات هەبوون کە پەیامی ئەوەیان دەگەیاند کە چۆن دەیانەوێت پەیوەندی بکەن بە ڕەوەندی وڵاتەکانیانەوە، لە رێگای زمان و کەلتورەوە، بەڵام ئامانجی سەرەکی ئابوری بوو. کۆنفرانسەکە زۆر بواری تیادا باسکرا، بەڵام ئەوەی هەمووی کۆدەکردەوە ئەو دۆخەبوو کە دونیای ئەمڕۆی تیادایە لە رووی جیهانگیری، تەکنەلۆجیا و سیستەم.
لێرەدا بەکورتی قسەیەک لە سەر پەیوەندی نێوان دەوڵەت و مناڵەکانی ئەکەم، وەک بوارێکی سەرەکی کۆنفرانسەکە. ئەو مۆدێلەی دەوڵەت کە ئەمڕۆ هەمانە، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزە و حەڤدە بە تایبەت لە ئەنجامی هاتنە ئارای مۆدێلی میرکەنتالیزم. مێرکەنتالیزم کە وەها دەردەکەوێت زیاتر ئامانجی بازرگانی بێت بەڵام وەک میشێل فۆکۆ لە یەکێک لە وانەکانی کۆلیج دی فرانسدا ئاماژەی پێدەکات، کە لە کتێبی ئاسایش، دەوڵەت دانیشتواندا بڵاوکراوەتەوە، مێرکەنتالیزم زۆر لە بازرگانی زیاتر بوو. بە کورتی مێرکەنتالیزم سێ ئامانجی هەبوو: یەکەم، بەهێزکردن پێگەکانی دەوڵەت، دووەم، کۆنترۆڵکردنی دانیشتوان، سێیەم، کێبڕکێ لە گەڵ وڵاتانی تردا. ئەم سێ خەسڵەتە بنەمای سیاسەتی تێرەتۆری و سیاسەتی خەڵك و سیاسەتی دەرەوە دادەڕێژێت.
ئەو دەوڵەتەی لە ئەنجامی ئەمە هاتە دی بریتی بوو لە دەوڵەتێک کە ئەمڕۆ بە خەسڵەتەکانی ئاشناین، ئەویش کۆدەزگایەک کە لە رێگای نەرم و ڕەقەوە پانتاییەکی دیاریکراو لە خاک و خەڵک کۆنترۆڵ دەکات و لە کێبڕکێدایە لە گەڵ ئەوانیتردا. بەڵام لە ماوەی چەند دەیەی ڕابوردودا ئەم دۆخە گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە. جاران کاتێک کەسێک وڵاتی خۆی جێدەهێڵا وەها ناوی دەبرا کە لە غوربەتە یان ئیکسایل. بە جۆرێک لە جۆرەکان نەفیکراوە و لە زێدی خۆی دابڕاوە و ناتوانێت پەیوەندی بکات و بگەڕێتەوە. بەڵام ئەمرۆ وەرچەرخان لەم بوارەدا رویداوە. کەسێک کاتێک وڵاتی خۆی جێدەهێلێت چیدی دابڕاونیە لە وڵاتی خۆی، بەڵکو دەتوانێت لە هەموو ساتێکدا بە شێوەی جیاواز ئامادەبێت، لە هەمانکاتدا دەوڵەت توانای ئەوە نەماوە کە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی خەڵکەکانی کۆنترۆڵ بکات، سوپاس بۆ گەشەی بێ سنوری تەکنەلۆجیا.
لە ئەنجامی ئەمەدا، ئەمڕۆ دەوڵەت دەیەوێت گۆڕانکاری لە خۆیدا بکات هەتا بتوانێت سودمەندبێت لە گۆڕانکارییەکان لە بڕی ئەوەی بە زیانی بشکێنەوە. ئەگەر جاران کەسێک لە دەرەوەی خاکی وڵات بژیایە ئەوا لە دەرەوەی وڵات بوو، ئەمڕۆ دەوڵەتان هەموو لە پرۆسەی ئەوەدان کە چۆن جوت شوناسی بکەنە بەشێکی سەرەکی لە سیاسەتی مامەڵەیان لە گەڵ دانیشتوانیاندا. بەم شێوەیە ئەوانەی کە لە دەرەوەن لە رێگای پاسەپۆرتەکانیانەوە ببنەوە بە هاوڵاتی وڵاتی خۆیان. ئەم وەرچەرخانە بە ئامانجی ئەوەیە ئەوانەی کە لە دەرەوەن، بە تایبەت ئەوانەی لە بواری ئابوری و زانیاری و بوارەکانی تردا سەرکەوتوون بەشێک لەم دەستکەوت و زانیاری و سەرکەوتنانەیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان. لێرەوە پەیوەندی نێوان دایاسپۆرا و دیپلۆماسیەت و دیڤۆلۆپمێنت دروست دەبێت.
ئەم وەرچەرخانە وەرچەرخانی چەمکی دەوڵەت و ماڵ و هاوڵاتی و پەیوەندی و شوناس و بونە. ئێمە لە سەرەتای ئەم گۆڕانکارییانەداین، هەتابێت بە خێرایی زیاتر دەگۆڕێن. ئەوەی جێگەی سەرنجە کە ئەگەر دەوڵەت لە جاراندا لە سەر بنەمای هێز و عەقڵانیەت کاری دەکرد، ئەمڕۆ کە دەوڵەت لە پانتایی خۆی دێتە دەرەوە پەنا دەبات بۆ بوارەکانی وەک سۆز، یادەوەری، ڕەگ، بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە گەڵ زێد ڕەسەندا. بەڵام ئێمە بۆ سەردەمێک دەڕۆین کە زێد و ڕەسەنێتی و ماڵ مانایان دەگۆڕێت. 
ئەوەی جێگەی پرسیار بوو ئایا ئەوەی ئێمە باسمان دەکرد تەنها کەمینەیەکی ناو کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی بوو کە ڕەنگە لە هەورەکاندا بژین و جارجارێک دابارێتە سەر زەوی بەڵام هەرزوو ببنەوە هەڵم و بچنەوە ئاسمان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی