بەرە، بەڵام كام بەرە!

04/06/2018

مەجید ساڵح

(1)
دوای چەندین ساڵ لە ناكۆكی و شەڕی یەكتر كوشتن، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، حسك، پاسۆك، پارتی گەل، حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، حیزبی شیوعی عێراق، بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری، لە ٢ی ئایاری ١٩٨٨ بە ناچاری لە گەرمەی ئەنفالەكاندا، بەری كوردستانیان پێكهێنا. بەرهەمی ئەو بەرەیە راپەڕینی ١٩٩١ بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئەساسدا ئەو حزبانە بەناچاری لەسەر دابەش كردنی دەسەڵات و پارە رێكەوتبوون دوای ماوەیەكی كەم بەشەڕ هاتن و كوردستانیان خڵتانی خوێن كرد و ئاسەواری ئەو شەڕەش تا ئێستا بە خاك و كۆمەڵگای كوردیەوە ماوە. خەڵكیش دروشمی "نان و پەنیروكەرە بەعس باشترە لەبەرە"یان بەرز كردوە. بەرەیەك بە ناچاری و بە بێ بەرنامە دروست بكرێ، دەرئەنجامەكەی هەروادەبێ.

(2)
لە ٢٠٠٥ەوە هەردوو حزب (یەكێتی و پارتی) سەرەڕای ناكۆكییە قووڵەكانیان بە پێی رێكەوتنێكی ستراتیژی لەسەر دەسەڵات و پارە رێكەوتوون و رۆژ لە دوای رۆژ ئەو رێكەوتنە تۆختر دەبێ و دوای بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی كوردستان و زیاتر لە ٥٠٪ خاكەكەی، وا لەسەر زەوتكردنی ئیرادەی خەڵك و بردنی دەنگەكانیشیان هاو ئاواز و هاودەنگن.

ئەمەش گۆڕان و هاوپەیمانی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و حزبی شیوعی و بزوتنەوەی ئیسلامی ناچار كردوە بۆ وەرگرتنەوەی دەنگی لاینەگرانیان دەنگ و رەنگیان تێكەڵ بكەن بۆ وەرگرتنەوەی دەنگەكانیان. تا دێت بیركردنەوە لە كاری هاوبەش و یەكخستنی وزەوتواناكیان زیاتر پەرەدەسێنێ و لەولاشەوە كۆمەڵێك رۆشنبیر و رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی و رۆژنامەنووس گوشارەكانیان فراوان كردوە بۆ هەرچی زووتری پێكهێنانی ئەو بەرەیە..

(3)
با لە گەڵ خۆماندا راستگۆ بین، ئەو خاڵە هاوبەشەی كە ئەم لایەنانەی ناچار كردوە كە لەئێستا لە بیری پێكهێنانی بەرەیەكی لەم چەشنە بكەنەوە هی ئەوە نییە بەرەیەكی سەركەوتوو كاریگەری پێ دروست بكەن، چونكە كاركردن بۆ گەڕانەوەی دەنگی دزراو مەسەلەیەكی كاتییە و زوو ئیكسپایەر دەبێ.. نابێ بەرەیەك دروست بكرێ بەبێ بەرنامە.

ئەم حزبانە دەیان بەرژەوەندی و تێڕوانینی پۆزەتیڤی هاوبەشیان هەیە، دەبوو چەند ساڵێك پێش ئێستا ئەو بەرەیە پێكبهێنن.. لەسەروی هەمویانەوە مەسەلەی دادپەوەروەری و دامەزراندنی سیستمێكی حوكمڕانی باش كە داخوزی جەماوەی هەر هەموویانە.

دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان دوای دامەزراندنی هەموو دەنگە ناڕازییەكانی لە دەوری خۆی كۆبكردایەتەوە و وزەو تواناكانیانی بۆ بەرژەوەندی گشتی یەكخستایە.. ئێستاش نەچووە بچێ و دروستكردنی ئەو بەرەیە كارێكی زۆر زەروریە، بەڵام نابێ تەنها بۆ بەدەستهێنانەوەی دەنگە دزراوەكانیان بێ، بەڵكو دەبێ بەرەیەكی ریفۆرمخوازی پتەو لەبەرامبەر بەرەی تاڵان و خاك فرۆشدا دروست بكەن و خاڵە ناكۆكەكانیان بكەنە خاڵی بەهێزی یەكخستنی هێزی خەڵك.

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی