هاوشێوەیی هەرێم‌و ئوردن

05/06/2018

هونەر حەمەڕەشید

هەرێمی كوردستان‌و وڵاتی ئوردن لەهەموو روویەكەوە لەیەك دەچن، بەسیاسی‌و ئابووری‌و ئیداری‌و كۆمەڵایەتییەوە، تا ژیانی رۆژانەی خەڵك، جگە لەخۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی هەردوولا.

دوو ساڵ پێش ئێستا، كە بەگەشتێك سەردانی ئوردنم كرد، لەگەڵ یەكەم بەركەوتنم لەگەڵ خەڵكی ئەو وڵاتەو قسەكردن لەگەڵیان، یەكسەر ئەوەم بۆ روونبووەوە، كە هاوشێوەیەكی زۆر لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و ئەو وڵاتە هەیە.

هاوشێوەییەكە بەشێوەیەكە، لەرووی سیاسییەوە، وەك هەرێمی كوردستان چەند بنەماڵەیەكی دیاریكراو دەستیان بەسەر تەواوی سیاسەتی ئوردن گرتووەو هەموو بڕیارێك لەبارەی وڵاتەكەیان ئەو بنەماڵانە دەیدەن، بەتایبەتی بنەماڵی شا عەبدوڵڵای پاشای ئەو وڵاتە.

لەرووی ئیداریشییەوە، هاوشێوەییەكە بەجۆرێكە، حكومەت هیچ بەرنامەیەكی نییە بۆ خەڵكی، تەنیا ئەوە نەبێت، رۆژ بەرۆژ ژیانیان بەزیادكردنی باج‌و كەمكردنەوەی موچە قورستر بكات، بەمەش ئەو وڵاتە ئابوورییەكی زۆر خراپی هەیەو ژیانكردن بۆ خەڵكەكەی سەختە.

لەئوردن ژیانكردن بەشێوەیەك سەختە، ئەگەر بتەوێت تەنیا ژەمە خۆرێكی ئاسایی لەدەرەوە بخۆیت، ئەوە بەلایەنی كەم دەبێت نیوەی ئەو داهاتەی مانگانە دەستت دەكەوێت، لەپێناوی ئەو ژەمە خۆراكە بدەیت، ئەمە جگە لەگرانی هەموو كەلوپەل‌و پێداویستییەكانی رۆژانە.

لایەنی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان‌و ئوردنیش هاوشێوەییەكی زۆری تێدا، بەجۆرێك خەڵكی وڵاتەكە دابەشی دوو چین بوون، ئەویش چینی باڵاو چینی ئاست نزم، كە چینی مام ناوەند لەو وڵاتە نییە.

ئێستا بەهۆی ئەو گوزەرانە خراپەی خەڵك، حەوت رۆژە لەوڵاتی ئوردن‌و بەتایبەتی عەمانی پایتەخت خۆپیشاندان بەرێوەدەچێت، كە خۆپیشاندەران لەماوەی شەش رۆژدا توانیان حكومەتی وڵاتان ناچار بەدەستلەكاركێشانەوە بكەن، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە ئیدارەی وڵات بكات.

دوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتیش خەڵكی ئەو وڵاتە تونێتیان نەشكاو بەردەوامن لەخۆپیشاندان، بەوەی دەبێت چاكسازی ریشەیی بكرێت‌و گوزەرانیان باشتر بكرێت، كە چەند ساڵێكە بڕستی لێبڕیوەن.

ئەم خۆپیشاندان‌و فشارانە پێچەوانەی خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەكانی هەرێمن، كە لەماوەكانی رابردوو بەرێوەچوو، بەوەی لەهەرێم زۆربەی زۆری خۆپیشاندانەكان، بەبێ‌ گەیشتن بەو ئامانجەی بۆی رێكخراوە بەدەست بێت كۆتایی هاتووە.

هونەر حەمەڕەشید  

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی